واشنتن پۆست باس لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا دەكات

:: PM:04:57:11/12/2016 ‌

مانگی رابردوو هێزەكانی پێشمەرگە گەیشتە شاری باشیك لە نزیك مووسڵ و هێشتا هەر لەوێ ماونەتەوە، هێزەكانی عەمید نەبی ئەحمەد مەحموود ٣٠٠ كەس دەبێت و وەك بەشێك لەو هێزە كاریگەرەكانی عێراق بۆ دژایەتیكردنی باشیك هاتوون تا پارێزگاری لە ئاسایشی شارەكە بكەن. شارەكە لە پێكهاتەی سەرەكیی ئیزیدی پێك هاتووە و دوای ئەوەی لە ساڵی ٢٠١٤ چەكدارانی داعش روویان لەو شارە كرد، ئەوان بە ناچاری ماڵ و حاڵی خۆیان جێ هێشت.

كاتێك هێزەكانی پێشمەرگە توانییان گەمارۆی شارەكە بدەن و گوشار بخەنە سەر چەكدارانی داعش، ئەوانیش لە رێگەی ئەو تونێلانەی لە ژێر زەوی لێیان دابوو یان ئەو قەناس هاوێژانەی لە هەندێك شوینی تایبەتی جێگیر بوون ویستیان رێگری لە هاتنی پێشمەرگە بۆ نێو شارەكە بكەن و بەو هۆیەشەوە لانی كەم هەشت پێشمەرگە شەهید بوون، دواجار هێزی پێشمەرگە توانی بە تەواوی شارەكە رزگار بكات و كۆتا بە چەكدارانی داعش بهێنێت.

ئێستە هێزەكانی ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگە خەریكی دانانی پلانن بۆ ئەوەی بۆ هەمیشە لەو شارە بمێننەوە كە پێشتر بەشێكی بەهۆی بۆمباران و شەڕ وێران بووە، شوێنێك كە هەریەك لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی بەغدا بە هی خۆیانی دەزان بۆیە داوای دەكەن.

"ئێمە لە داهاتوودا بۆ بەرگریكردن لەوە شارە، دژی هەموو دوژمنێك دەجەنگین جا ئەو دوژمنە داعش بێت یان هەر لایەنێكی تر"، ئەوە گوتەی فەرماندە نەبی ئەحمەدە كە بۆ واشنتن پۆست قسەی دەكرد، ئەو باسی لەوەش كرد كە شەڕی داعش وانەیەكی باشە بۆ هەموو ئەو كەسانەی بیانەوێت شارێكی كوردستان داگیر بكەن، بینیمان كە هیچ كامێك لەو چەكدارە تیرۆریستانە بە زیندوویی رزگاریان نەبوو.

هێزە كوردییەكان مەبەستیانە لەو ناوچانە بمێننەوە كە رزگاریان كردووە، ئەوەش بە دڵی حكوومەتی عێراق نییە، دوای شكستی داعش عێراق حەز ناكات دوژمنێكی مێژوویی خۆی بێت و دەست بەسەر سامان و خاكەكەدا بگرێت.

مشتومڕ لەبارەی مانەوەی هێزەكانی كوردستان دوای رزگاركردنی مووسڵ یەكێكە لە گەورەترین پرسەكان لە نێوان ئەو هێزانەی كە بەیەكەوە دژی چەكدارانی داعش هاوپەیمانیەتییان هەیە. جگەلەمە كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست حەز بەوە دەكات ئامانجەكانی خۆی بەدی بهێنێت و نیشانەی پرسیاریش لەسەر ئەو ویست و داخوازییانەیە كورد لە ناوچەكە هەیەتی.

فوئاد حوسێن سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان بۆ سەرچاوەكە دەڵێت، پێوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا لە دوای ئەوە باشتر بوو كاتێك هێزەكانی پێشمەرگە لە بەرامبەر داعشدا بەرگرییەكی قارەمانانەیان كرد. ئێستە هێزەكانی پێشمەرگە پاڵپشتی لە هێزەكانی سوپای عێراق دەكەن لە دەوروبەری مووسڵ. لە كاتێكدا لە رابردوودا هەندێك جار ئەوان لەگەڵ یەكتردا تووشی رووبەڕووبوونەوە بوون.

 بەڵام رێبەرانی كورد نیگەرانن لەو پێوەندییانە و نازانن بەو شێوەیەی ئێستە دەمێنێتەوە یان نا،  پرسیارەكە ئەوەیە لە داهاتوودا بە چ شێوەیەك درێژە بە پێوەندییەكانمان دەدەین.

هەرێمی كوردستان لە ساڵی ١٩٩١ەوە دەسەڵات و سنووری دیاریكراوی خۆی هەیە و دوای ساڵی ٢٠٠٣ كە رژێمی سەدام حوسێن رووخا، بەگوتەی دێنیز ناتالی لێكۆڵەری عێراق لە زانكۆی بەرگری نیشتمانی، دەسەڵاتی كوردی بەهێزتر بوو و توانی لە ناوچەكە دەسەڵاتەكەی زیاتر لە جاران پەرە پێ بدات.

ناوچەكە لە كۆمەڵێك لایەن پێك دێت كە دژایەتییان لەبارەی دەسەڵات و خاك لەگەڵ یەكتردا هەیە و كێشەكانیش بە هەڵواسراوی ماونەتەوە و چەندان ساڵیش تەنانەت لە ئاستی نێودەوڵەتی میانگیری كراوە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان.

كێنیس پۆلاك لێكۆڵەر لە دامەزراوەی برووكینگز پێی وایە، ئەو لایەنە ناكۆكانە هەردەم مەترسی رووبەڕوبوونەوە و كێشەیان لێ دەكرێت. هێشتا زۆر كێشەی تر هەن كە هێشتا لە نێوان هەولێر و بەغدادا چارەسەر نەكراون، لەوانە، پرسی سەربەخۆیانە فرۆشتنی نەوت لە لایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پشكی بودجە.

حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێی وایە یەكێك لە هۆكارەكانی ئەو تەنگژە دارایییەی تووشی بووە، ئەوەیە كە بەغدا بودجەكەی بڕی. جگەلەمە مووچەی فەرمانبەران دوا كەوتووە و ئەوەش تەنانەت كاریگەری لەسەر دروستبوونی جۆرێك تەنگژەی سیاسیش هەبووە.

رێبەرانی كورد پێداگری لەوە دەكەن كە مافی خۆیانە بەرگری لە هەموو ئەو ناوچانە بكەن كە زۆرینەی دانیشتووانیان كوردن ئەگەر لە دەرەوەی سنووری كارگێڕیی رابردووشیاندا بێت.

مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئێزدییەكان و كریستیانەكان لە ژێر سایەی هێزەكانی پێشمەرگە هەست بە سەقامگیری و ئاسایش دەكەن.

باشیك تەنیا لەبەر پێكهاتەكانی گرنگ نییە، بەڵكو شارەكە لە كۆمەڵێك كێڵگەی گرینگی نەوتی نزیكە و دەسەڵاتی كوردستان لە ساڵی ٢٠١١ بۆ دۆزینەوەی نەوت لەو ناوچانە لەگەڵ كۆمپانیای ئەمەریكی ئێكسۆن مۆبیل رێك كەوت. لە ساڵی ٢٠١٥ەشەوە هێزەكانی سوپای توركیا لە نزیك ئەو شارە بنكەی سەربازییان دامەزراندووە و لەوێوە راهێنان بە هێزەكانی عێراق دژی داعش دەكەن.

بارزانی باسی لەوەش كردووە ئەو ناوچانەی پێش دەستپێكردنی شەڕی رزگاركردنی مووسڵ بە دەستی پێشمەرگە رزگار كراون، ئەوا هەر لە ژێر كۆنترۆڵی هیزی پێشمەرگەدا دەمێننەوە و بە هیچ شێوەیەك جێگەی مشتومڕ و دانوستان نین.

سوپاسالار  یەحیا رەسووڵ گوتەبێژی هێزەكانی عێراق دەڵێت، لە نێوان هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق پێش دەستپێكردنی شەڕی رزگاركردنی مووسڵ لە ١٧ی تشرینی یەكەم، رێككەوتن كراوە و رێككەوتنەكەش جێبەجێ دەكرێت و باشیكیش دوای ١٧ی تشرینی یەكەم رزگار كراوە و ئەوەش بەو واتایە دێت كە پێشمەرگە نایەوێت لەو شوێنە بمێنێتەوە.

هەندێك بەڵگە هەن كە دەریدەخەن پێنتاگۆن و دەسەڵاتی كوردی، هەر لە سەرەتای ئەمساڵ هەماهەنگیان هەبووە و ئەمەریكا لە پشت پلانەكان بووە. بەرپرسێكی ئەمەریكا كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت گوتوویەتی، هیچ خاڵێكی دیاریكراو بۆ جێگیربوونی پێشمەرگە دیار نییە.

هێشتا شاری باشیك هەر وەك شاریكی وێرانە دەچێت و پاشماوەكانی جەنگی تێدا بەجێ ماوە و فەرماندەكەی پێشمەرگەش باس لە رابردوو و نەهامەتی خەڵكی ئەو ناوچەیە دەكات و دەڵێت، بە بێ پاڵپشتی پێشمەرگە، ئەو خەڵكە لەوانەیە خۆشی لە ژیانیان نەبینن و تەنیا پێشمەرگەیە دەتوانێت سەروماڵیان بپاریزێت.

ئەگەر پێشمەرگە لە باشیك بمێنێتەوە، لەوانەیە دووبارە باس لە كۆنترۆڵی هاوبەشی نێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە بكرێت و چارەنووسی ناوچە نەوتییەكانی تری وەك كەركووكیش لەوانەیە زۆر لە باشیك ناڕوونتر بێت.  ناتالی دەڵێت، كوردەكان دەبێت پێوەندییەكانیان لەگەڵ بەغدا بە تەواوی بپچڕێنن ئەگەر  ئومێدیان هەیە لە گوند و شارەكاندا بمێننەوە و بڵێن ئەوە هی ئێمەیە و لەو كاتەدا دژكردەوە نابێت.

ئەمە وێنەی ئەو ناوچانەیە كە لە دوای هاتنی داعش بۆ سنوورەكە لە لایەنی هێزەكانی پیشمەرگەوە رزگار كراون.

سەرچاوە/washingtonpost




وشە - سلێمان تاشان