سلێمانى کێشەى کارەباى چارەسەر کرد

:: PM:10:17:11/12/2016 ‌
بەڕێوەبەرى گشتى کارەباى سلێمانى دەڵێت، سەرجەم ڕێکارەکان بۆ دانانى 20 ئەمپێر کارەبا بە هاوڵاتیان تەواو بووە و لە ماوەى دوو مانگدا ئەو پرۆژەیە کۆتایى پێدێت و پێدانى کارەبا بۆ دوو هێندە زیاد دەبێت.
 
سالار حیسامەدین، بەڕێوەبەرى گشتى بەڕێوەبەرایەتى کارەباى سلێمانى بە "وشە"ى ڕاگەیاند، پڕۆژەى دانانى 20 ئەمپێر کارەبا بە هاوڵاتیانى شارى سلێمانى تەواو بووە و لە دوو ڕۆژى ئایندەدا ڕایدەگەیەنین.
 
گوتیشى: "بەپێى پرۆژەکە هەر ماڵەى 20 ئەمپێر کارەباى دەبێت و ئەوەى ئێمە لێکۆڵینەوەمان لەسەر کردووە ئەو 20 ئەمپێرە زۆر باشە و پێویستى هاوڵاتیان بە تەواوى پڕدەکاتەوە و لە ڕووى پێدانى کاتژمێرەکانى کارەبا گرنگیەکى زۆرى دەبێت".
 
ڕاشیگەیاند، لە سەرەتادا پرۆژەکە بۆ ماڵان دەبێت و ئەمپێریان بۆ دادەنرێت، بەڵام پێوەرى زیرەک وەک خۆى دەمێنێت و دەستکارى ناکرێت، واتە هاوڵاتى هەر بەپێى پێوەرەکە کارەباى بۆ حساب دەکرێت.
 
ئەوەشى گوت، لە دواى تەواوبوونى پرۆژەى ماڵان، بۆ کۆمپانیا و شوێنە بازرگانى و پیشەسازى و کارگەکان ئەوان لەسەر بەشى هەرێم کارەبایان هەیە، بەڵام کەرتە بچوکەکان ئەوانەى شایەنى کەمکردنەوە بوو بۆیان کەم دەبێتەوە، بەڵام بە گشتى کەرتى کشتوکاڵ و حکومى و بازرگانییەکان دەستکارى دەکرێن.
 
زیاتر دەڵێ :لە کاتى دانانى ئەمپێرى بۆ ماڵان بڕە پارەیەکى کەم لە هاولاتیان وەردەگیرێت و ماوەى دانانى پرۆژەکە و تەواو بوونى تەنها پێویستى بە دوو مانگە، ئەوکات هاوڵاتیان لە هەر وەرزێکدا بە تایبەتى زستان و هاوین کارەبایان دەبێتە دوو هێندە، واتە ئەگەر لە زستان هەشت کاتژمێر کارەبا هەبوو، بە دانانى ئەو ئەمپێرە بۆ 16 کاتژمێر زیاد دەبێت.
 
سلێمانى/ هۆشیار عەلى


وشە - عه‌لی سدیق