تایبەتمەندییەكانی ئایفۆنە نوێكە ئاشكرا دەبێ

:: PM:01:21:01/09/2018 ‌
میدیاكانی تایبەت بە بواری تەكنەلۆجیا و مۆبایلە زیرەكەكان، وێنەیەكی دزەكراوی ئایفۆنی نوێیان بڵاو كردەوە كە بڕیارە لەم مانگەدا بە فەرمی لەلایەن كۆمپانیای ئەپڵەوە بخرێتە بازاڕەكانەوە.

پێگەی "9to5mac" وێنەیەكی دزەپێكراوی ئایفۆنی XS Plusی بڵاو كردەوە كە درێژی ئایفۆنە نوێكە بەگوێرەی زانیارییە دزەپێكراوەكان، دەگاتە 6.5 بۆسە و هەروەها شاشەیەكی زۆر تەنكی بە كوالێتی OLEDی هەیە و بە ڕەنگی ئاڵتوونی دەخرێتە بازاڕەوە.

پێگەكە سێ وێنەی دزەپێكراوی ئایفۆنی بڵاو كردووەتەوە و بڕیارە لە ڕۆژی یەكشەم 12ی ئەیلوول/سێپتێمبەر كۆمپانیای ئەپڵ سێ ئامێری ناوازە و پێشكەوتوو بخاتە ڕوو، كە یەكێكیان ئایفۆن ئێكس ئێسی پلەسە.

ئاهەنگی بڵاوكردنەوەی ئایفۆن لە بارەگای سەرەكی كۆمپانیای ئەپڵ لە ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمەریكا ئەنجام دەدرێ، ئەو ئاهەنگە جیاوازە لە ئاهەنگەكانی پێشوو، چونكە بە یەكجار سێ ئامێری زیرەك و پێشكەوتووی بەرهەمی كۆمپانیاكە دەخرێنەڕوو.

بەگوێرەی زانیارییە دزەپێكراوەكان، سێ ئامێرەكە یەكێكیان ئایفۆن ئێكس ئێس پڵەسە و ئەوەی تر ئایفۆن ئێكسی پێشووە، بەڵام بە تایبەتمەندی و گۆڕانكاری لە تایبەتمەندی و قەبارەكانی و هەرزانی نرخەكەیەوە دووبارە بەرهەم هێنراوەتەوە و دەخرێتە ڕوو.

كۆمپانیای ئەپڵ یەكێكە لە پێشەنگەكانی بواری تەكنەلۆجیا بەگشتی و مۆبایلە زیرەكەكان بە تایبەتی، لە یەكی نیسان/ئەپریلی 1976 لە ناوچەی كوبرتینۆی كالیفۆرنیا دامەزرا، زیاتر لە 35 هەزار كارمەندی هەیە و ساڵانە بایی 32 ملیار دۆلار بەرهەمەكانی لە سەرانسەری دنیا دەفرۆشرێن، نرخی كۆمپانیاكە 2.8 تریلیۆن دۆلارە و بۆ یەكەمجار لەلایەن ستیڤ جۆبز و دوو كەسی تر دروست كرا.




وشە - باز ئه‌حمه‌د