ئەیاد عەلاوی سەرۆك وەزیرانی پێشووی عێراق و جێگری ئێستەی سەركۆماری عێراق ئاشكرای كرد، عێراق ڕووبەڕووی شكاندنی تیرۆریستان دەبێتەوە، بەڵام تیرۆری ئێستە بە بەراورد لەگەڵ تیرۆری دوای ڕزگاری مووسڵ هێندە مەترسیدار نییە، بوونی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانیش بە مەترسییەكی گەورە دادەنێ، ئاماژە بەوەش دەكا، ئێران بێ گەڕانەوە بۆ بەغدا هەرچی بیەوێ لە عێراق ئەنجامی دەدات.
ئەیاد عەلاوی بە "سی ئێن ئێن"ی ڕاگەیاند، پلانی گونجاو ئەوەیە لە دوای ڕزگاری مووسڵ دەست بە گەڕاندنەوەی ئاوارەكان و ئاوەدانكردنەوەی ناوچە وێرانبووەكان بكرێ، هەروەها پێویستە پۆلیس و سوپا لە خەڵكی مووسڵ و ناوچەكان بۆ پاراستنی ناوچەكان دروست بكرێتەوە، بۆ ئەوەی دوور بین لە گیانی تۆڵەكردنەوە و كوشتن و بڕین.
هەروەها گوتی، جگەلەوانەش پێویستمان بە ئاشتبوونەوەیەكی نیشتمانی ڕاستەقینەیە. هۆشداریشی دا، ئەگەر نەگەین بە چارەسەری سیاسی لەسەر كێشەكان، ئەوا لە تیرۆری ئێستە زۆر مەترسیدارتر لە عێراق دروست دەبێ.
لەبارەی دەركەوتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی سوپای قودسی پاسداران، عەلاوی گوتی، بوونی لەسەر عێراق مەترسییە، چونكە هیچ ڕێككەوتنێكی فەرمی لە نێوان عێراق و ئێران بوونی نییە كە سەركردە سەربازییەكانی ئێران بە ویستی خۆیان لە عێراق بخولێنەوە.
زیاتر گوتی، ئێمە پێشوازی لە قاسم سولەیمانی دەكەین بەهۆی ئەو هاوكارییانەی پێشكەشی عێراقی كردووە، بەڵام سووڕانەوەی لەو ناوچانەی ململانێیان لەسەرە مەترسییە و جێی قبووڵكردن نییە لەلایەن شیعە و سوننەشەوە.
لەبارەی ناكۆكییەكانی نێوان سوننە و شیعە گوتی، كێشەكە لە سوننە و شیعە نییە، بەڵكو لە كۆنتڕۆڵكردنی حكوومەتە، دەنا لە نێو كۆمەڵگەدا بە ملیۆنان هاووڵاتی شیعە و سوننە هاوسەرگیری و خزمایەتییان لەگەڵ یەكتر دروست كردووە، بەڵام ئەوە گرووپە سیاسییەكانن دەیانەوێ عێراق نقومی تایفییەت بكەن، دەنا هیچ كێشەیەك لە ناوخۆ و لە نێو شەقام لە نێو هیچ یەك لە پێكهاتەكان بوونی نییە.
ئاماژەی دا، كاتێك لە عێراق شۆڕش دژی ئینگلیزەكان كرا، شیعەكان سەركردایەتی شۆڕشیان دەكرد لە ساڵی 1920 دوای سەركەوتنی شۆڕش و ڕازیبوونی ئینگلیز بە دروستكردنی حكوومەتی عێراق، سەركردەكانی شۆڕش كە شیعە بوون چوونە حیجاز و پاشایەكی سوننیان كردە پاشای عێراق كە مەلیك فەیسەڵ بوو.
سەرچاوە/سی ئێن ئێن.