ڕۆژنامه‌یه‌كی عه‌ره‌بی بڵاوی كرده‌وه، به‌هۆی
سووربوونی كورد له‌سه‌ر دوورخستنه‌وه‌ی عه‌بادی له وه‌رگرتنه‌وه‌ی خولی دووه‌می
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، ئه‌مه‌ریكا بڕیاری داوه بژارده‌ی تر بۆ وه‌رگرتنی پۆستی
سه‌رۆك وه‌زیران له هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی عه‌بادی و سه‌در بخاته ڕوو، هه‌ر چۆنێك
بێ نایه‌وێ كورد بچێته به‌ره‌ی مالیكی و عامری.
به‌رپرسێكی باڵای عێراق له به‌غدا به
ڕۆژنامه‌ی "العربی الجدید"ی ڕاگه‌یاند، ئێرانییه‌كان له ڕێی مامه‌ڵه‌كردن
له‌گه‌ڵ تاك به تاكی په‌رله‌مانتاران به‌رده‌وام كێشه بۆ هه‌وڵه‌كانی ئه‌مه‌ریكا
دروست ده‌كه‌ن، چونكه و پاره و ده‌رفه‌تی گه‌وره ده‌خه‌نه به‌رده‌م په‌رله‌مانتارانی
سوننه و شیعه بۆ ئه‌وه‌ی بچنه ڕیزی هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی مالیكی و عامرییه‌وه.
ئاماژه‌ی داوه، ئه‌مه‌ریكییه‌كان ئێسته هه‌موو
هه‌وڵه‌كانی خۆیان له‌سه‌ر كورد كۆ كردووه‌ته‌وه و ده‌یانه‌وێ كورد بۆ به‌ره‌ی عه‌بادی
و سه‌در ڕابكێشن، ئاماژه‌ی ڕوونیش له‌لایه‌ن ئه‌مه‌ریكاوه ده‌ركه‌وتووه و بۆ
كورد ڕایان گه‌یاندووه، كه عه‌بادی تاكه بژارده نییه بۆ ئه‌وه‌ی دووباره سه‌رۆك
وه‌زیران وه‌ربگرێته‌وه، ئه‌مه‌یش وه‌ك ڕازیبوونێك بۆ كورد، كه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك
حه‌یده‌ر عه‌بادی ڕه‌ت ده‌كه‌نه‌وه، به‌هۆی گه‌مارۆدان و سزادانی كوردستان و
هێرشكردنه سه‌ر كه‌ركووك و شه‌ڕ و خوێنڕشتنی كورد له ناوچه ناكۆكی له‌سه‌ره‌كان.
له به‌شێكی تری قسه‌كانی ئه‌و به‌رپرسه
باڵایه هێمای بۆ ئه‌وه‌یش كرد، كه به‌رپرسانی ئه‌مه‌ریكا له‌گه‌ڵ كورد له
گفتوگۆی زۆر چڕدان، ده‌یانه‌وێ به‌ر له‌وه‌ی دادگای فیدرالی چه‌مكی گه‌وره‌ترین
فراكسیۆن شی بكاته‌وه و بڕیاری له‌سه‌ر بدات، كورد ببه‌نه ڕیزی هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی
سه‌در و عه‌لاوی و حه‌كیم و عه‌بادی، چونكه به چوونی كورد هه‌ر جۆره خوێندنه‌وه‌یه‌ك
له‌لایه‌ن دادگاوه بۆ گه‌وره‌ترین فراكسیۆن بكرێ، هه‌ر هاوپه‌یمانییه‌كه‌ی عه‌بادی
و سه‌در ده‌بنه گه‌وره‌ترین.