تمەن بۆ نزمترین ئاستی مێژوویی دابەزی


نرخی تمەن بە خێرایی رووی لە دابەزین كردووە و گەیشتووەتە نزمترین ئاستی مێژوویی خۆی بەرانبەر بە دۆلار و هەر دۆلارێك بە سەرووی 13 هەزار تمەن ئاڵوگۆڕ كراوە.

لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا، تمەن بەرانبەر بە دۆلاری ئەمەریكی 15% بەهای خۆی لە دەست داوە و لە سەرەتای ئەمساڵیشەوە تمەن بە رێژەی 70% لە بەهاكەی دابەزیوە.

بەگوێرەی "رادیۆ فەردا"، یۆرۆ بە 14 هەزار و 150 تمەن و پاوەندیش بە 15 هەزار و 744 تمەن ئاڵوگۆڕ كراوە. میدیاكانی ئێران دەڵێن خەریكە وەرزی گەشتی خوێندكارانی ئێرانی بۆ دەرەوەی وڵات و گەڕانەوەیان بۆ زانكۆكانیان دەست پێ دەكات، بۆیە دۆلار هەڵكشاوە.

بەڵام هەڵكشانی نرخی دۆلار بەرانبەر بە تمەن، پێوەندیی بە سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران هەیە و پێشبینی دابەزینی زیاتری نرخی تمەن دەكرێت.

دوێنێ دووشەمیش عەبدولناسر هیمەتی سەرۆكی بانكی ناوەندیی ئێران رەتی كردوەوە بۆ پاراستنی هاوسەنگیی بازاڕی دراو، سوود لە دراوی یەدەگی بانكەكە وەربگرێت، بۆیە گوتی دراوەكەی بانكی ناوەندیی نامووسی بانكەكەیە و دەبێت بەو دۆلارەی لە فرۆشتنی شتومەك و هەناردەكاری بەدەست دێت، هاوسەنگییەكە بپارێزرێت.

ئەو باسی لەوەش كردووە كە قەبارەی هەناردەی ئێران جگە لە نەوت، سەرووی 40 ملیار دۆلارە و دەتوانن بەم پارەیە هاوسەنگییەكە بپارێزن.

پێویستە بگوترێت نرخی تمەن دوای ئەوە دابەزی كە ئەمەریكا لە رێككەوتنی ناوكیی كشایەوە و هەڕەشەی سەپاندنی سزای قورسی لە دژی ئێران كرد. لەو كاتەوە نرخی دۆلار بەرانبەر بە تمەن نزیكەی سێ هێندە گرانتر بووە.



وشە - سلێمان تاشان


AM:09:27:04/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 6759 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌