عه‌بدولباری موهه‌ندیس له هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسی و دادپه‌وه‌ری ده‌ڵێ، دیدی هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری بۆ حوكمڕانی له كوردستان، ئه‌وه‌یه هیچ لایه‌نێك ناسڕنه‌وه و ئه‌گه‌ریش به‌شداری له حكوومه‌ت بكه‌ن، ئه‌وا پێیه‌كیان له ئۆپۆزسیۆن نابێت، به‌ڵكو پێیان باشتره ئۆپۆزسیۆنێكی كارا بن نه‌ك به‌شداری له حكوومه‌تێكی بنكه‌فراوان بكه‌ن.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ى هاوپه‌یمانى له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا رای ده‌گه‌یه‌نێت، "نه‌هاتووین له‌سه‌ر شێوازی حزبه‌كانى تر سیاسه‌ت بكه‌ین". ئه‌وه‌ش ره‌ت ده‌كاته‌وه كه دواى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق بێ ئومێد بووبن و ده‌ڵێ "ده‌زانین كاروانى ئێمه رێیه‌كی دووری هه‌یه".
له هێزێكی نوێی وه‌ك هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری، له‌وپه‌ڕی چه‌پ تا ئه‌وپه‌ڕی راست، ئیسلامی میانڕۆ تا ئیسلامی پاشخان جیهادی به‌یه‌كه‌وه كۆ بوونه‌ته‌وه. ئه‌م تێكه‌ڵه‌یه وا ناكات بڕیار وه‌رگرتن له‌ناو هاوپه‌یمانى قورس بێت، به دیوه‌كه‌ى تر بنه‌ماكانى وه‌رگرتنى بڕیار له‌ناو هاوپه‌یمانى چۆنه؟
ئه‌وانه‌ى له ده‌وری هاوپه‌یمانى كۆ بوونه‌ته‌وه به‌رژه‌وه‌ندی كوردستانیان لا گرنگتره له پۆست و پله، ئه‌مه وایكردووه به‌یه‌كه‌وه كۆ ببنه‌وه، بۆیه وه‌رگرتنى بڕیار له‌ناو هاوپه‌یمانى زۆر ئاسانتره به به‌راورد به‌و لایه‌نانه‌ى به پاشخانێكی حزبی زۆر كۆن و ململانێی ناو یه‌كتر، كار ده‌كه‌ن.
بنه‌ماكانى بڕیار وه‌رگرتن له‌ناو هاوپه‌یمانى به رێوشوێنێكه كه خۆی له ده‌سته‌ى دامه‌زرێنه‌ران و ده‌سته‌ى به‌ڕێوه‌بردن ده‌بینێته‌وه و به‌یه‌كه‌وه كۆ ده‌بنه‌وه و به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ دواى گفتوگۆكان، بڕیاره‌كان به دیموكراسیی ده‌درێن، ئه‌مه‌شه جیای ده‌كاته‌وه له حزبه‌كانى تر كه كه‌سی یه‌كه‌م هه‌موو بڕیاره‌كان ده‌دات.
له كوردستان پێش ئێوه هێزی تر ده‌ركه‌وتن، به نموونه بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان كه به دروشمی بڕووخێ و پاشان چوار ساڵ ئارامی. ئێوه ده‌تانه‌وێ چۆن ده‌ست پێ بكه‌ن؟
ده‌مه‌وێ بڵێم رێز له بۆچوونى هه‌موو حزبه كوردستانییه‌كان ده‌گرین، كاتێك بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان به‌و قۆناغانه‌ی باست كرد تێپه‌ڕیوه، به‌داخه‌وه له كوردستان شێوازی حزبایه‌تى چ ئه‌وانه‌ى له ده‌سه‌ڵاتن وه‌ك هی وڵاتانى پێشكه‌وتووی دنیایه، نه ئۆپۆزسیۆنه‌كه‌شی. راسته گۆڕان به ئۆپۆزسیۆنبوون ده‌ستى پێ كرد، به‌ڵام به‌شداریكردن له حكوومه‌ت و ئۆپۆزسیۆنبوون كارێكی قورسه له گۆڕه‌پانى سیاسیی كوردستان، بۆیه هاوپه‌یمانى به دیدێكی تازه هاتووه و ده‌مانه‌وێ خۆمان دوور بخه‌ینه‌وه له‌و ململانێ حزبییه كه خه‌ڵكی كوردستان لێی ماندوو بووه، نه‌هاتووین خه‌ڵكی تر بسڕینه‌وه یان له‌سه‌ر شێوه‌ی ئه‌وان كار بكه‌ین، به‌تایبه‌ت ئه‌و ئه‌زموونه مه‌ده‌نییه سه‌رۆكی هاوپه‌یمانى له كاتى حوكمڕانیدا هه‌یبووه كه هه‌ر ئه‌وه هۆكاری ململانێكانى بووه له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى تر.
هاوپه‌یمانى ده‌یه‌وێت ده‌سه‌ڵاتێكی دادپه‌روه‌ر بچه‌سپێنێت نه‌ك ئه‌وه‌ى ئێسته كه خه‌ڵكی كوردستانى زۆر ماندوو كردووه، ئه‌مه وایكردووه خه‌ڵك له هه‌موو لایه‌كه‌وه له ده‌وری هاوپه‌یمانى كۆ ببنه‌وه.
مه‌به‌ستتانه ئه‌گه‌ر به‌شداریش نه‌بن له ده‌سه‌ڵات، ئه‌وا هاوئاهه‌نگی بكه‌ن له‌گه‌ڵ لایه‌نى ده‌سه‌ڵات بۆ جێبه‌جێكردنى دیدی هاوپه‌یمانى بۆ حوكمڕانی؟
یه‌كه‌م هه‌نگاوی هاوپه‌یمانى ئه‌وه‌یه بۆ بیر و هزری هاووڵاتییانى كوردستان روونى بكه‌ینه‌وه ئه‌و جۆره حوكمڕانییه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك ناچێته سه‌ر، ئه‌گه‌ر ئێسته‌ش له‌ژێر زه‌بری پاره و ده‌سه‌ڵات و دابه‌شكردنى پله و پۆست هاتووه‌ته كایه‌وه. هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ین خه‌ڵكی كوردستان هۆشیار ببێته‌وه كه ئه‌و بێدادییه‌ى هه‌یه تا سه‌ر نابێت، بۆ ئه‌مه‌ش ده‌بێت لایه‌نێك هه‌بێت له به‌ره‌ی گه‌ل بێت و خۆمان به‌و لایه‌نه ده‌زانین كه بتوانین ئه‌و دادپه‌روه‌رییه بهێنینه دی.
له یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنیدا خه‌ڵك هیوای له‌سه‌ر هه‌ڵچنى كه ببن به هێزێكی جه‌ماوه‌ری، به‌ڵام ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن وا نه‌كه‌وته‌وه، ئێسته دواى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق جۆرێك له خاوبوونه‌وه به هاوپه‌یمانییه‌وه دیاره، ئه‌و نائومێدییه خێرایه له سیاسه‌تكردن چ خوێندنه‌وه‌یه‌ك هه‌ڵده‌گرێت؟
ره‌نگه ئه‌وه بۆچوونى ئێوه بێت، به‌ڵام ئێمه ئومێدێكی زۆرمان به هاوپه‌یمانى هه‌یه. وه‌ك هێزێكی سیاسی به‌و شێوه سیاسه‌ت ناكه‌ین كه له كوردستان ده‌كرێت، ئه‌گه‌ر حوكمڕانیمان به‌ده‌ست نه‌هێنا خاو ببینه‌وه و بێ ئومێدیمان پێوه دیار بێت، به پێچه‌وانه‌وه، چونكه ده‌زانین كاروانى ئێمه رێیه‌كی دووری هه‌یه و چه‌ندان ساڵه مێشكی گه‌نجی كورد به پله‌وپایه و پاره پڕ كراوه، به‌ڵام ئێمه ده‌مانه‌وێت مێشكی تاكی كورد به‌وه بگه‌شێنینه‌وه ئاینده‌ى كوردستان ئه‌گه‌ر پێڕه‌وێكی دروستى هه‌بێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنى وڵات، ئه‌وا كوردستان پڕه له خێر و خێرات.
به‌هیچ جۆرێك له‌ناو هاوپه‌یمانى هه‌ست به نائومێدی ناكه‌ین، به‌ڵام ده‌كرێت چه‌ند كه‌سێك هێشتا له ژێر كاریگه‌ری ئه‌و ساخته‌یه بن كه له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانى عێراق كرا، قورسه بڕوا به خه‌ڵك بكه‌یت بێته‌وه سه‌ر سندووقی ده‌نگدان كه ده‌زانێت لایه‌نى ده‌سه‌ڵات فێڵی لێ ده‌كات و ده‌نگه‌كانى ده‌دزێت و به‌و رێوشوێنه‌ى له‌ژێر ده‌ستیه‌تى حوكمڕانی به‌و جۆره ده‌كات كه خه‌ڵك نا‌ئومێد بكات.
كاری ساخته‌كاری كه له هه‌ڵبژاردنه‌كانى رابردووی كوردستان كراوه به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی ئه‌مجاره، نائومێدییه‌كی دروست كردووه له‌لای هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان نه‌ك ته‌نیا هاوپه‌یمانى، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و ساخته‌یه نه‌كرایه، ئێسته خه‌ڵكێكی زۆر زیاتر له ده‌وری هاوپه‌یمانی كۆ ده‌بوونه‌وه.
ئه‌وه‌ى رووی دا بۆ په‌رله‌مانى عێراق، چ كاریگه‌رییه‌كی به‌سه‌ر هاوپه‌یمانى ده‌بێت بۆ په‌رله‌مانى كوردستان؟
ده‌بێت ئه‌وه بزانین له یه‌كه‌م هه‌ڵبژاردندا ئه‌گه‌ر نه‌كرایه به فیفتی به فیفتی، ئه‌وا كوردستان دووچاری شه‌ڕێكی زۆر گه‌وره ده‌بوو، كه‌واته له‌وێوه ده‌ستپێكێكی راست و دیموكراسییانه‌مان نه‌بووه و له هه‌ڵبژاردنه‌كانى دواتریشدا ساخته به‌رده‌وام بووه و حزبه‌كانیش رێیه‌كانى ساخته‌كاری باش ده‌زانن چۆن ده‌كرێت، به داخه‌وه بوو به ساخته‌كارییه‌كی پڕۆفیشناڵ.
بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ش خه‌ڵك مه‌ترسی هه‌یه، هه‌موو حزبه‌كانیش مه‌ترسی ئه‌وه‌یان هه‌یه خه‌ڵك نه‌چنه سه‌ر سندووقی ده‌نگدان و نا‌ئومێد بن، بۆیه كارێكی قورسه هانی خه‌ڵك بده‌ى بچن ده‌نگ بده‌ن، ئێمه هه‌وڵی رژد ده‌ده‌ین رێگری بكرێت له ساخته‌كاری.
له رووی قه‌باره‌ى ساخته‌كارییه‌كه، پێت وایه ئه‌زموونى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق بۆ كوردستانیش دووباره ده‌بێته‌وه؟
راسته كۆمسیۆن له چه‌ند حزبێك پێكدێت، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات رێوشوێنی به‌ڕێوه‌بردنى هه‌ڵبژاردنى لایه، به‌ڵێ بواری ساخته‌كاری ده‌مێنێته‌وه. روونه‌دانى ساخته‌كاری ده‌وه‌ستێته سه‌ر ئه‌خلاق، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له كوردستان روو ده‌دات له ساخته‌كاریدا، دووره له ئه‌خلاقى سیاسی. هیوادارین كۆمسیۆن بتوانێت رێگری له ساخته‌كاری بكات و ئه‌گه‌ر بۆ جارێكیش بێت هه‌ڵبژاردنێكی بێ گه‌رد ئه‌نجام بدرێت تا خه‌ڵك ده‌نگی راسته‌قینه‌ى خۆی له ناوچاوانى ئه‌و كاندیدانه بیبنێت.
ببووره.. ئه‌وه‌ى ده‌یڵێی هیوایه، واقیع شتێكی تره.
وه‌ك رۆژنامه‌نووسێك ره‌نگه زۆر زیاتر شێوازه‌كانى ساخته‌كاریتان بینیبێت، خه‌ڵكی كوردستانیش ئاشنایه به ساخته‌كارییه‌كه كه بووه‌ته هۆی درێژه‌دان به‌و ده‌سه‌ڵاته، بۆیه ئه‌گه‌ری ساخته‌كاری زۆر به‌هێزه و لایه‌نه‌كان بیر له دۆزینه‌وه‌ى رێوشوێنێك ده‌كه‌نه‌وه بۆ رێگریكردن لێی، به‌ڵام سه‌خته.
بۆ ئه‌مه لێك تێگه‌یشتن له نێوان هێزه سیاسییه‌كان هه‌یه؟
لایه‌نه ناڕازییه‌كان یان چاكه‌خوازه‌كان هه‌وڵ ده‌ده‌ن، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات هه‌موو ئامێری ساخته‌كارییان له‌ژێر ده‌ستدایه هه‌ر له دروستكردنى نفووز و ناوی دووباره و مردوو، چه‌ندان شتی تر كه روون و ئاشكرایه، به‌ڵام ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ساخته‌كارییه‌كه بخه‌نه قاڵبێكی یاسایى، ئه‌مه‌ش وا ده‌كات هه‌ڵبژاردنێكی بێگه‌رد له كوردستان كه ئێسته ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت حوكمڕانییه‌كه به‌و جۆره بچێته سه‌ر، زۆر سه‌خته هه‌ڵبژاردنه‌كه بێگه‌رد بێت.
پێتان وایه چه‌ند كورسی ده‌هێنن؟
له هه‌ڵبژاردنى عێراقی، هه‌مووان به‌وانه‌ى له ده‌سه‌ڵاتیشن باوه‌ڕیان وابوو كورسییه‌كی باش به‌ده‌ست ده‌هێنێت، به‌ده‌ستمان هێناوه، به‌ڵام به‌داخه‌وه لێمان دزراوه. به پشتبه‌ستن به‌و ده‌نگه چه‌سپاوانه‌ى هێناومانه جگه له ده‌نگه دزراوه‌كان، بایی كۆمه‌ڵێك كورسی ده‌كات.
به ژماره مه‌به‌ستمه؟
ناتوانم هیچ ژماره‌یه‌ك پێشبینى بكه‌م، ئه‌گه‌رچی حه‌ز ده‌كه‌ین هه‌موو كورسییه‌كان به‌ده‌ست بهێنین تا سیسته‌می حوكمڕانی له كوردستان له ریشه‌وه هه‌ڵڕێژین و له‌نوێوه دایڕێژین به توانای خه‌ڵكی به توانا و ته‌كنۆكرات.
له چوار ساڵی رابردوو ئه‌زموونی حوكمڕانی حكوومه‌تی بنكه‌فراوان هه‌بوو، پێشتریش ئه‌زموونى تر هه‌بوو، هاوپه‌یمانى له‌گه‌ڵ چ جۆره شێوازێكی پێكهێنانى حكوومه‌ته؟
له هه‌موو دنیا ئه‌و حكوومه‌ته ده‌سه‌ڵاتی ده‌بێت كه ئۆپۆزسیۆنێكی زۆر به توانای هه‌بێت، نه‌ك پێیه‌كی له حكوومه‌ت و یه‌كی له ئۆپۆزسیۆن بێت. هاوپه‌یمانى ئه‌گه‌ر به‌شداری له حكوومه‌ت بكات له‌سه‌ر ئه‌و به‌رنامه‌یه‌ی كه به دادپه‌روه‌ری دایده‌نێت، یان ئۆپۆزسیۆنێكی زۆر چالاك بین و ره‌خنه له‌و جێیه بگرین كه له به‌رژه‌وه‌ندی هاووڵاتییان نییه و ده‌سه‌ڵات ده‌یه‌وێت بۆ خۆی بیقۆزێته‌وه، بۆیه بوونى ئۆپۆزسیۆنێكی كارا زۆر كاریگه‌رتره له‌وه‌ى به‌شداری حكوومه‌تێكی بنكه‌فراوان بین.
یه‌كێك له سه‌ركرده‌كانى یه‌كگرتووی ئیسلامی ده‌ڵێ ئه‌وانه‌ى له یه‌كگرتوو رۆیشتن بۆ ناو هاوپه‌یمانى، هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه ده‌ده‌ن بۆ ناو یه‌كگرتوو. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه چی وایكردووه به‌شێك له سه‌ركردایه‌تى و كادرانى هاوپه‌یمانى سارد ببنه‌وه؟
رێزم بۆ بۆچوونى ئه‌و سه‌ركرده‌یه‌ی یه‌كگرتووی ئیسلامی هه‌یه، به‌ڵام ده‌رگه‌ى هاوپه‌یمانى كراوه‌یه كه خه‌ڵك بێته ریزی له‌سه‌ر دید و هاوبیرییه‌كه‌ی، ئه‌وه‌شی ده‌یه‌وێت بچێته‌وه ماڵه كۆنه‌كه‌ی خۆی سه‌ربه‌سته.
ئه‌گه‌ر سه‌یری باردۆخی كوردستان بكه‌ى خه‌ڵكێك وا په‌روه‌رده كراون ئه‌گه‌ر له لایه‌نێك ده‌ستكه‌وت و پۆست هه‌بێت ده‌چێته ئه‌ولا، ئه‌م كولتووره له كوردستان بووه به مۆدێل، هیوادارین بیسڕینه‌وه.
دوور نییه گه‌نجێك به ئاواتێكه‌وه هاتبێته ناو هاوپه‌یمانى، پاشان كه بۆی مه‌یسه‌ر نه‌بووه چووبێته لایه‌كی تر، به‌ڵام سه‌ركرده‌كانی هاوپه‌یمانى جێی شانازین كه به‌یه‌كه‌وه كار ده‌كه‌ین.
دواى هه‌ڵبژاردن زۆر قسه له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح بۆ ناو یه‌كێتى كرا، هه‌وڵه‌كه له چ ئاستێكدا بوو؟
پڕوپاگه‌نده‌یه‌كه له میدیاكان بڵاو ده‌كرێته‌وه و له نزیكه‌وه ئاگادار نیم و به‌شداری ئه‌و دانیشتنانه نیم، به‌ڵام دكتۆر به‌رهه‌م دووپاتى له‌وه كردووه‌ته‌وه له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانى به‌رده‌وام ده‌بێت.
یه‌كێك له‌و ره‌خنانه‌ى رووبه‌ڕووى ئێوه كرایه‌وه ده‌ستنیشانكردنى كه‌سانى ئه‌كادیمی بوو له هه‌ڵبژاردنى رابردوو كه هێشتا ئه‌و كه‌سایه‌تییانه جه‌ماوه‌ری نین. بۆ هه‌ڵبژاردنى كوردستان تێبینى ئه‌و خاڵه‌تان كردووه یان ده‌تانه‌وێ له‌سه‌ر ئه‌و رێچكه‌یه له سیاسه‌تكردن به‌رده‌وام بن؟
ئه‌وه هیچ راست نییه خه‌ڵك ده‌نگ به خه‌ڵكی ئه‌كادیمی ناده‌ن، ئه‌وه‌تا من هیچ پێشخانى سیاسیم نییه و ده‌رچوومه، ئه‌گه‌ر ساخته‌كاری نه‌بووایه خه‌ڵكی زیاتریش ده‌رده‌چوون. له هاوپه‌یمانى بنه‌مایه‌ك هه‌یه هه‌ر كه‌سێك ده‌مپاك، دڵپاك، داوێنپاك و ده‌ستپاك بێت زۆر ئاسایییه بكرێت به كاندید ئه‌گه‌ر پاشخانى سیاسیشی نه‌بێت، بۆیه هاوپه‌یمانى له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه به‌رده‌وام ده‌بێت.
دواى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى عێراق، ویستێكی جه‌ماوه‌ری هه‌بوو چوار لایه‌نه‌كه بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان لیستى هاوبه‌ش دروست بكه‌ن، بۆ نه‌كرا؟
هاوپه‌یمانى به دیدێكی تازه به به‌راورد به‌وانى تر كه مێژوویه‌كیان هه‌یه، زۆر ئاسان نه‌بوو به دانیشتنێك و دوان هه‌ر چوار لایه‌ن له‌سه‌ر یه‌ك دید كۆ بكه‌ینه‌وه، جگه له‌وه ماوه‌كه كورت بوو، خۆ ئه‌گه‌ر گفتوگۆی زیاتر له نێوان هێزه چاكه‌خوازه‌كان بكرایه، ده‌كرا بگه‌ین به ئه‌نجام و به‌یه‌ك لیست دابه‌زین، به‌ڵام له كۆتادا به‌وه گه‌یشتین كه لیستى هاوبه‌ش بۆ به‌غدا دروست بكه‌ین، هیوادارین ببێت به نموونه‌یه‌كی باش بۆ كوردستانیش، چونكه پێویستمان به‌وه‌یه هه‌موومان یه‌كڕیز بین و بڵێین به‌سه بۆ بێدادی و په‌رته‌وازه‌یی.
ببووره.. چه‌ند جارێك باسی هێزی چاكه‌خوازت كرد، له فه‌رهه‌نگی ئه‌فسانه‌كان و له ئاینه‌كانیش به‌رانبه‌ر هێزی چاكه‌خواز، هێزی شه‌ڕانگێز هه‌یه، پێتان وایه پارتى و یه‌كێتى كه له ده‌سه‌ڵاتن هێزی شه‌ڕخوازن؟
من گوتم هیوادارم ئه‌وه‌ى له كوردستان ده‌گوزه‌رێت نه‌بێت، ئه‌وه‌ى له كوردستان هه‌یه سیاسه‌تێكی نادروست و حوكمڕانییه‌كی ناڕێكه.
مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه ئه‌وان هێزی شه‌ڕانگێزن، له‌ناو هه‌موو هێزه‌كاندا خه‌ڵكی باش هه‌یه، به‌ڵام له‌ناو پارتى و یه‌كێتی كه‌سانێك هه‌ن ته‌نانه‌ت حزبه‌كه‌ى خۆیشیان ناشیرین ده‌كه‌ن، ئێمه ده‌مانه‌وێ ئه‌و ناشیرینكردنه له كوردستان نه‌مێنێت. ئێمه هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان به خه‌ڵكی باش ده‌زانین به‌و مه‌رجه‌ى حوكمڕانییه‌كی دروست به‌ڕێوه ببات.
پێوه‌ند به به‌غدا، ئه‌و هاوپه‌یمانییه‌ی راگه‌یه‌نرا له چیدا له‌گه‌ڵ پارتى و یه‌كێتى جیاوازن؟
ده‌مانه‌وێ له به‌غدا به چاوێكی تر له كێشه‌كانى نێوان كوردستان و عێراق بڕوانین. زۆر چاك ده‌زانین كێشه‌ى كورد له رێى ده‌ستووره‌وه چاره‌سه‌ر ده‌كرێت، ئه‌وه‌ى ئێمه جیا ده‌كاته‌وه دوور له به‌رژه‌وه‌ندی حزبایه‌تى و كه‌سی، به دیدێكی كوردایه‌تى سازش له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى كوردستان نه‌كه‌ین.