سۆران.. دژی قسەی پەرلەمانتارەكەی گۆڕان خۆپێشاندانە

:: PM:02:25:12/12/2016 ‌

بەیانی ئەمڕۆ دووشەم، كەسوكاری شەهیدان و هاووڵاتییانی سۆران بە دروشمی "بمانبوورن شەهیدان، سروە خیانەتی كرد لێتان" ڕژانە سەر شەقامەكان و بە توندی ناڕەزایییان دژی سووكایەتیكردن بە هاوسەری شەهیدانی پێشمەرگە لەلایەن پەرلەمانتارەكەی گۆڕان دەربڕی و سەركۆنەی ئەم كارە نانیشتمانییەیان كرد.

خەڵكێكی زۆری شارۆكەی سۆران ئامادەی گردبوونەوە و ناڕەزایییەكە بوون و كە بەشی زۆریان كەسوكاری شەهیدان و خانەوادەی پێشمەرگەكان بوون كە ئێستە لە هێڵەكانی پێشەوەی شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعشن. كەسوكاری شەهیدان و پێشمەرگە و خەڵكی سۆران لە دروشم و وتافەكانیان بە توندی سەركۆنەی قسەكانی سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری بزووتنەوەی گۆڕانیان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق كرد.

دەڤەری سۆران لە سەنتەری شارۆكەی سۆران و شارەدێكانی مێرگەسۆر و ڕواندز و چۆمان پێك دێ، بەگوێرەی ئامارەكان لەو كاتەی شەڕی پێشمەرگە دژ بە تیرۆریستان دەستی پێ كردووە، 127 شەهید و 800 برینداریان خەڵكی ئەم دەڤەرە بوون.

لە رۆژانی ڕابردوو سروە عەبدولواحید پەرلەمانتاری گۆڕان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەیەكی ڕاستەوخۆی كەناڵی "دیجلە" گوتی، ئافرەتان خۆیان دەفرۆشن بۆ خەرجی منداڵەكانیان دوای ئەوەی پیاوەكانیان شەهید دەبن. ئەمەشی لە باسی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بەكار هێنا.

لەسەر قسەكانی ئەو پەرلەمانتارە، لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی خەڵكێكی زۆر ناڕەزایی توندیان دەربڕی و دژی قسەكانی ئەو پەرلەمانتارە وەستانەوە، هاوكات وەزارەتی پێشمەرگە و كەسوكاری شەهیدان و فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و فەرماندە باڵاكانی پێشمەرگە، بە توندی دژی قسەكانی وەستانەوە و هاوكات بەگوێرەی بەدواداچوونەكانی "وشە"، لەلایەن كەسوكاری شەهیدان و فراكسیۆنەكانەوە 11 سكاڵای یاسایی دژی ئەو قسانەی سروە عەبدولواحید تۆمار كراون.

سۆران/مورشید برادۆستی.

























وشە - باز ئه‌حمه‌د