فڕۆكەی ئاواكس بەهێزترین سیستەمی چاودێری و هەواڵگرییە كە ٣٠ ساڵە وڵاتە پێشكەوتووەكان سوودی لێ وەردەگرن. هاوپەیمانیەتیی ناتۆ، بڕیاری دا ئەو سیستەمە بخاتە خزمەت رووبەڕووبوونەوەی داعشەوە.
فڕۆكەی ئاواكس بە چاوی ناتۆ لە ئاسمانیش ناسراوە. ناتۆ لە دوایین دانیشتنی خۆیدا بڕیاری دابوو سوود لەو فڕۆكەیە وەربگیرێت. دوێنێ چوارشەم كابینەی حكوومەتی ئەڵمانیا جێبەجێكردنی بڕیارەكەی بە سوپای فیدراڵ سپارد.
ئەو سیستەمە لە دۆزینەوەی خێرای هەر شتێك بە ئاسمانەوە بسووڕێتەوە، توانایەكی لە رادەبەدەری هەیە و دەتوانێت لە مەودای٤٠٠ تا ٥٢٠ كیلۆمەتری چاودێری هەبێت. ئەو جۆرە فڕۆكەیە دەتوانێت لە دەوروبەری خۆی وێنە بگرێت و رەوانەی بكات و وەك ناوەندێكی فەرماندەیی بۆ فڕۆكە شەڕكەرەكان رۆڵی هەبێت.
سوپای ئەڵمانیا لە بنكەی ئاسمانیی گایلنكیرشن لە نزیك سنووری هۆڵەندا ١٦ فڕۆكەی ئاواكسیان جێگیر كردووە. ئەندامانی تری ناتۆش ئەو جۆرە فڕۆكەیان هەیە. بەریتانیا خاوەنی شەش ئاواكس و ئەمەریكاش سەرووی ٣٠ ئاواكسی هەیە.
ناتۆ تا ئێستە راستەوخۆ بەشداری لە كێشەكانی عێراق و سووریا و رووبەڕووبوونەوەی داعش نەكردووە. هەندێك لە وڵاتە عەرەبییەكان كە دۆستی رۆژئاوان، پێیان باش نەبووە ناتۆ راستەوخۆ بەشداری لەو پرسەدا بكات. بەو پێیە فڕۆكەكانی ئاواكس تەنیا لە ئاسمانی توركیا و دەریای ناوەڕاست دەتوانن زانیاری پێویست كۆ بكەنەوە.
فڕۆكەكانی ئاواكس لە هێرشەكانی ناتۆ لە سووریا و عێراق هیچ چاودێرییەكیان نییە، بۆیە حكوومەتی ئەڵمانیاش داوای لە سوپا كردووە لە ئاواكس وەك رێنوێنیدەر سوود وەربگیرێت.
بۆ فڕاندنی فڕۆكەیەكی ئاواكس، لانی كەم پێویستە ١٦ پسپۆڕ كار بكەن. ٣٠%ی ئەو ستافەی لە خزمەتی فڕۆكەكەدا كار دەكات، سەر بە سوپای ئەڵمانیایە و ئەوانەی تر لە ئەندامانی تری ناتۆن.
وشە/دۆیچەوێلێ_و:سلێمان تاشان