چۆن مه‌دالیای ئازایه‌تیی ئه‌مه‌ریكا درا به‌و چوار پێشمه‌رگه‌یه‌؟

:: PM:07:02:12/12/2016 ‌

یەکێک لەو پێشمەرگانەی کە لەلایەن وەزیری بەرگری ئەمەریکا مەدالیای ئازایەتی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکای پێ بەخشرا دەڵێت،وەزیی بەرگری ئەمەریکا سوپاسی ھێزی پێشمەرگەی کرد و ناوی ئێمەش وەک قارەمان دەھێنا، بۆیە ئەو خەڵاتە ھاندەرێکە بۆ ئێمە زیاتر خزمەت بکەین، ھەر چەندە ئێمە ئەرکی خۆمان جێ بەجێکردووە گەر خەڵاتیش نەکرێین بەردەوام دەبیت.

کۆسار ساڵح یەکێک لەو پێشمەرگانەی کە لەلایەن وەزیری بەرگری ئەمەریکا مەدالیای ئازایەتی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکای پێ بەخشرا بە "وشە"ی راگەیاند: من خۆم لەسەر کەتیبەی ئەندازەی سەربازی پوچەڵکردنەوەی مینی سەر بە فەرماندەی ھێزی پشتیوانی دیاری کرابووم بۆ وەرگرتنی ئەومەدالیایە، چونکە لەسەرەتای شەری داعش تا کۆتایەکەی من بەشداریم لە ھەموو شەرەکان کردووە، لە "مەلاعەبدوڵا" لە کەرکووک تا دەگاتە باشیک، کە ژمارەیەکی زۆری بۆمبم پوچەڵ کردووە کە نزیکەی 300 بۆ 400 بۆمب دەبێت، جگە لەخانووە بۆمبرێژکراوەکان و ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژکراو.

کۆسار ساڵح زیاتر گوتی: ئێمە لەگەڵ ھەموو ھێرشەکانی پێشمەرگە بەشداربووینە و لە پێشەوە بووین بۆ پاککردنەوەی رێگه‌کان بۆ پێشرەوی پێشمەرگە کە بەردەوام مەترسیمان لەسەرە لەقەناس وئۆتۆمبێلی بۆمبرێژکراو وتەقینەوەی مینەکان.

ئەو پێشمەرگەیە باسی لەوەش کرد: ئێمە بەو حاڵەتە زۆر خۆشحاڵبووین کە ئەمە مەدالیای ئازایەتی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا بوو،  ئەمە شەرەفێکی گەورەیە بۆ ئێمە.

هه‌روه‌ها گوتی: سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە ئێمە کرد کە ئەوکارانەی لەشەری بەرگریکردنی خاکی کوردستان ئەنجامانداوە وئێمەش زۆر لەوە دڵخۆش بووین.

کۆسار ساڵح ڕوونیشی کردەوە: وەزیری بەرگری ئەمەریکاش سوپاسی ھێزی پێشمەرگەی کردوئێمەی بەقارەمان دەناساند ،بۆیەئەمە خەڵاتێکی مەعنەوی گرنگە بۆ ئێمە ودەبێتە ھاندەرێک بۆ ئێمە زیاتر خزمەت بکەین ھەرچەندە ئێمە ئەرکی خۆمان جێ بەجێ کردووە.

ئاماژەشی دا: ئەو خزمەتەی ئێمە کردوومانە بۆ پاداشت نەبووە و بۆ پاداشتیش نایکەین، بەڵام ئەم جۆرە خەڵاتانەی ھاندەرێکە بۆ ئێمە.



هه‌ولێر/ بڵند ئیبراھیم




وشە - كوردۆ شابان