سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌م وڵاته‌ گیانی له‌ ده‌ست دا

حكوومه‌تی وڵاتی ئه‌بخازیا گیان له‌ده‌ستدانی سه‌رۆك وه‌زیرانی وڵاته‌كه‌ی له‌ كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ سووریاوه‌ له‌ دره‌نگانی شه‌وی ڕابردوو ڕاگه‌یاند.

گینادی گاولیا سه‌رۆكوه‌زیرانی حكوومه‌تی ئه‌بخازیا دره‌نگانی شه‌وی ڕابردوو له‌ ڕێی گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ سووریا تووشی پێكدادانی ئۆتۆمبێل بووه‌ و گیانی له‌ ده‌ست داوه‌.

سه‌رۆك وه‌زیرانی ئه‌بخازیا ته‌مه‌نی 70 ساڵه‌ و له‌ ڕێی باشووری ڕووسیا وناوچه‌ی سوخومی كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ ناوچه‌ جیابووه‌كان، ئۆتۆمبێله‌كه‌ی تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بووه‌ و به‌وهۆیه‌وه‌ گیانی له‌ ده‌ست داوه‌ و دوو له‌ پاسه‌وانه‌كانیشی برینداربوون.

ئاژانسی "تاس"ی ڕووسی بڵاوی كرده‌وه‌، كاروانی ئۆتۆمبێله‌كانی گاولیا دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له‌ سووریا و دابه‌زینی له‌ فڕۆكه‌خانه‌ به‌ره‌و شوێنی مانه‌وه‌ی ده‌گه‌ڕایه‌وه‌، به‌ڵام تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بووه‌ و گیانی له‌ ده‌ست داوه‌.

گوته‌بێژی حكوومه‌تی ئه‌بخازیا دووپاتی كرده‌وه‌، شوفێر و پاسه‌وانه‌كه‌ی تووشی برینێكی زۆر قورس نه‌بوون، ئه‌مه‌یش گومانی زۆری له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ دروستكردووه‌ و تا ئێسته‌یش به‌ڵگه‌ی پێویست و لێكۆڵینه‌وه‌ی وردی له‌سه‌ر نه‌كراوه‌.

ئه‌بخازیا و ئۆسیتیا دوو ناوچه‌ی سه‌ر به‌ جۆرجیا بوون، به‌ڵام به‌ پشتیوانی ڕووسیا جیابوونه‌وه‌ و ئێسته‌ له‌ ژێر هه‌ژموونی ته‌واوه‌تی ڕووسیان و پێوه‌ندی دیپلۆماسیان له‌گه‌ڵ سووریای هاوپه‌یمانی ڕووسیایش هه‌یه‌.


وشە - باز ئه‌حمه‌د


AM:08:58:09/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 2344 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌