لە كەلار تیمێكی مردووشۆری ژنان پێك دێ

:: PM:12:26:09/09/2018 ‌

ماوەیەكە لە شارۆكەی كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، تیمێكی تایبەت كە لە سێ ژن پێكهاتوون، بە بەردەوامی لەناو مزگەوتێكدان و ئامادەیییان هەیە بۆ شووشتنی ژنی مردوو. ئەوان كە یەكەم كەسن بەشێوەی تیم بەگوتەی خۆیان "بۆ رازیكردنی خوا یەكیان گرتووە" هەموو هاوكارییەكی كەسوكاری مردووەكانیش رەت دەكەنەوە.


كوبرا وەلید یەكێك لەو ژنانەی ئەندامی تیمی مردووشۆری ژنانە، وەك خۆی دەڵێ دایكی شەش منداڵە و وردەكاریی كارەكەیان بۆ "وشە" دەخاتە ڕوو. 

كوبرا گوتی، ئەگەرچی تەمەنم 54 ساڵە، بەڵام ماوەی 20 ساڵە دەستم بە شووشتنی مردوو كردووە. ئێستەیش دڵخۆشی خۆی رادەگەیەنێت كە "بۆ یەكەمجارە وەك تیم لە ناو مزگەوتی تەقوا لە شارۆكەی كەلار جێمان بۆ دابین كراوە لەگەڵ دوو ژنی تری مردووشۆر، لەوێ دەمێنینەوە و كاتی پێویست كاری خۆمان دەكەین".

بەگوتەی كوبرا "پێشتر خەڵكانێك كە ژنیان دەمرد بە ئەستەم ئێمەیان دەدۆزییەوە بۆ شووشتنی كچ و هاوسەر و دایكیان، چونكە ژن جیاواز لە پیاو كەمتر توانای شووشتنی مردووی هەیە، بەدەر لەوە لە رووی كۆمەڵایەتی و ئاینییەوە نەگونجاوە ژنی مردوو لەلایەن پیاوەوە بێتە شووشتن، بۆیە ئەو هەنگاوەی ئێمە بۆ رەزامەندی خوا وەك كارێكی خێری و مرۆیی، پێشوازی و خۆشحاڵی هاووڵاتییانی بەدەست هێناوە".
خاتوو كوبرای مردووشۆر بە زمانی سوێندخواردن ئەوەی خستە ڕوو كە كەسانی نزیكی لەو ژنانەی دێنە لایان باس لەوە دەكەن كە مردووەكە وەسیەتی كردووە زێڕەكانی بدەن بەو كەسەی تەرمەكەی دەشۆرێ. بەڵام دڵنیایی دەدات "ئێمە رەتی دەكەینەوە و هیچ دیارییەك وەرناگرین، چونكە هەژار و نەدار نین".

حەسیبە محەمەد رەمەزان یەكێكی تر لە ئەندامانی تیمەكەی كوبرا، بۆ "وشە" ئاماژەی بەوە دا كە لە تەمەنی پێگەیشتنیەوە دەستی كردووە بە شووشتنی ژنی مردوو، بەڵام ئێستە كە بووین بە سێ ژن و یەكمان گرت، باشتر خزمەتی خەڵك دەكەین و لە هەر كاتێكدا مردووی ژن هەبێ، بە زوویی كارەكانی كفنكردنی تەواو دەكەین.

حەسیبە دایكی 11 منداڵە و وەك خۆی دەڵێ، "بژێوی ژیانی خۆم و منداڵەكانم لەسەر دووكانێكە لای ماڵی خۆمان دامانناوە، ئەوە زۆریشە بۆمان، بۆیە مردووشۆری تەنیا بۆ رەزامەندی خوا دەكەم".

ئەم ژنە بە بیركردنەوە لەكاتی مردوو شووشتن ئەوەی بۆ دەركەوتووە كە "ژیان ئەوە ناهێنێ دڵی كەسی تێدا بڕەنجێنی".
شەونم فایەق ئەندامێكی تری ئەو تیمەیە كە بەمردووشۆری ژنان ناسراون، بۆ "وشە" باسی لەوە كرد كە زۆر خۆشحاڵە كارێك ئەنجام دەدا بۆ رازیكردنی خوا و خەڵك. بەگوتەی خۆی "ئێستە رۆژانە چاوم لە دەرگەی مزگەوت و پێوەندی تەلەفۆنی هاووڵاتییانە بۆ ئەوەی ئەركی شووشتنی ژنێكم پێ بسپێرن".

شەونم پێچەوانەی كوبرا و حەسیبە، پێنج ساڵە دەستی بە مردووشۆری كردووە و بۆ ئەم زۆر گرنگ بووە كە شوێنی تایبەتیان هەبێت لەو مزگەوتێكدا. بۆیە دەڵێ "خاوەنی منداڵێكم، نزای كەسوكاری مردوو و خێری شووشتنی مردووەكان بێت بەهۆی پاراستنی ژیانمان هەموو شتێكە بۆ من".

پێكهێنان و بوونی ئەو تیمە لە مزگەوتێكی شارۆكەی كەلار بووەتە فریادڕەسی ئەو خێزانانەی كە گرفتی شووشتنی ژنە مردووەكانیان هەیە.
رەحمە حەسەن ژنێكی بەساڵاچووی گەرمیان بۆ "وشە" ئاشكرای كرد، هەندێك لە ژنان كە كاریان شووشتنی مردوو بوو، بەهۆی پیربوونەوە وازیان هێناوە لە كارەكەیان، جگە لەوەش زۆر خێزان لەكاتی مردنی ژنەكانیان تەنانەت ژنەكانی خۆیشیان ئامادەی شووشتنی مردووەكانیان نین، بۆیە پێكهێنانی تیمی تایبەت و جێگیر لە مزگەوتێكدا زۆر خێرێكی چاكە.

رەحمە كە خۆی تەمەنی 85 ساڵە، دووپاتی كردەوە كە لە گەرمیان تا ئێستە تیمێكی لەو جۆرە نەبووە كە ئەو لە بیری بێت، بۆیە بەپێویستی زانی كەسانی چاكەكاری تر لە مزگەوتەكانی تر تیم پێك بێنن و هاوكاری خاوەن پرسەكان بكەن بە شووشتنی مردووەكانیان. 
بەڵام مامۆستایەكی ئاینی رووە شەرعییەكەی مردوو شووشتن روون دەكاتەوە و بۆ "وشە" دەڵێ، لە رووی ئاینییەوە پاداشتی ژن و پیاوی مردووشۆر بەیەك ئەندازە دیاری كراوە".

مامۆستا ساڵح باقوبەرەیی زانای ئاینی لەبارەی خێری شووشتنی مردوو لە ئاینی ئیسلامدا باسی لەوە كرد كە لە ئاینی ئیسلامدا چۆن مەرجە مرۆڤ پاك و خاوێن بێ، دەبێ لەكاتی مردنیشدا بەپاك و خاوێنی بگەڕێتەوە لای خوای گەورە.

وشە/ كەلار- سەبری هۆرێنی 





وشە - وشه‌