سێ كوردی ئێزیدی ڕزگار كران

:: PM:03:31:09/09/2018 ‌
پاش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەكشەم، دوو هاووڵاتیی كوردی ئێزیدی كە ژنێك و كچێك بوون، لەلایەن نووسینگەی ڕزگاركردنی ڕفێنراوانی كوردی ئێزیدی ڕزگار كران، بەوشێوەیە لە ماوەی 24 سەعاتی ڕابردوو سێ ڕفێنراو و بێسەروشوێنبووی ئێزیدی ئازاد كراون.

حوسێن قائیدی بەڕێوەبەری ڕزگاركردنی ڕفێنراوانی ئێزیدی بە "وشە"ی ڕاگەیاند، نووسینگەی ڕزگاركردنی ڕفێنراوانی ئێزیدی بە هاوكاری چەند كەسێك، توانی دوو هاووڵاتیی كوردی ئێزیدی لە دەست تیرۆریستانی داعش ڕزگار بكات.

ئاماژەی دا، ئەو دوو كەسە یەكێكیان ژنێكی تەمەن 36 ساڵە و ئەوی تریش كچێكی تەمەن 15 ساڵە و خەڵكی گوندی كۆجۆی سەر بە شارۆكەی شنگال و لە 2014 لەگەڵ هەڵمەتی ڕەشی تیرۆریستان كەوتوونەتە دەست تیرۆریستانی داعش، ماوەیەك پێش ئێستە لە سووریا دۆزرانەوە و ڕزگار كران، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆیش گەیشتنەوە دهۆك و كەمێكی تر بە كەسوكاریان شاد دەبنەوە.

بەگوێرەی ئامارەكانی نووسینگەی ڕزگاركردنی ڕفێنراوانی كوردی ئێزیدی، ژمارەی ڕزگاركراوان تا ئێستە گەیشتووەتە سێ هەزار و 327 كەس، تا ئێستەیش زیاتر لە سێ هەزار كەس چارەنووسیان نادیارە و نازانرێ چییان بەسەر هاتووە و لە كوێن، هەوڵەكان بۆ دۆزینەوەی چارەنووسیان بەردەوامە.

دهۆك/ نەوزاد هلۆری.



وشە - باز ئه‌حمه‌د