بەسڕایییەكان: خۆپێشاندان بەردەوامی دەبێت.. سەدر كودەتای بەسەر عەبادی كرد

:: PM:03:36:09/09/2018 ‌
دوای چوار رۆژ، عەبادی قەدەغەكردنی هاتوچۆی لە بەسڕە هەڵگرت و بەرپرسە تەناهییەكانیشی لەكار لادا و شارەكەش بە سوپا تەنراوە. هاوپەیمانی سائیروون لە دانیشتنی نائاسایی پەرلەماندا كودەتای بەسەر عەبادی كرد و داوای لێ كرد خۆی و وەزیرەكانی دەست لەكار بكێشنەوە.
 
ئەمڕۆ یەكشەم نۆی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق قەدەغەكردنی هاتوچۆی لەسەر بەسڕە لادا، ئەمەش پاش بەڕێكردنی هەفتەیەكی خوێناوی دێت لەو شارە كە بەهۆیەوە چەندان كەس گیانیان لە دەست دا و چەندانی تریش بریندار بوون و بارەگای حزبەكان و گرووپە میلیشیاكان تا دەگات بە كونسوڵخانەی ئێرانیش لە شارەكە سووتێنران.

ئەمڕۆ یەكشەم، بەسڕە رۆژێكی پڕ لە ترس و دڵەڕاوكێ بەڕێ دەكات و شارەكە بە هێزە تەناهییەكان، پۆلیسی خۆجێیی، پۆلیسی فیدڕاڵ، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، سوپا و یەكە سەربازی و تەناهییەكانی تر تەنراوە، ئەوان توانییان دەروازە ئاوییەكان بە رووی جموجووڵی بازرگانی بكەنەوە، هەروەها رێیەكانی كێڵگە نەوتییەكانیشیان كۆنتڕۆڵ كردووە، لە بەرانبەر ئەمەشدا چالاكانی كۆمەڵی مەدەنی كە سەرپەرشتی خۆپێشاندانەكانی شارەكە دەكەن، دەڵێن خۆپێشاندان نەوەستاوە.

سەرچاوەیەكی سەربازی عێراقی رای گەیاند، دۆخی تەناهیی بەسڕە ئارامییەكی پڕ لە هۆشداری بەخۆیەوە دیوە كە دوای تێپەڕبوونی چوار رۆژ بەسەر ناڕەزایەتییەكان كە توندوتیژی لێ كەوتەوە، بەهۆیەوە كوشتن و برینداربوون و سووتانی فەرمانگەكانی حكوومەت و دامەزراوەكانی تر و بارەگای حزبەكانیشی لێ كەوتەوە.

عەبادی كە ئێوارەی دوێنێ قەدەغەكردنی هاتوچۆی لەسەر بەسڕە هەڵگرتووە، محەمەد خەڵەف ئەفسەر لە سەركردایەتیی ئۆپراسیۆنەكانی بەسڕە دەڵێ، سوپا و پۆلیس لە هەموو ناوچەكانی بەسڕە بڵاوەیان پێ كراوە، ئێستە دۆخی تەناهیی بەسڕە ئارامە، بەڵام ترسێكی گەورە هەیە لە دووبارە سەرهەڵدانەوەی خۆپێشاندان و رێنوێنیی تایبەتیش دراوە بە خۆپێشاندەران كە نابێت هەڵبكوتنە سەر دامەزراوەكانی دەوڵەت و موڵكی تایبەت.

هەڵگرتنی باری قەدەغەكردنی هاتوچۆ لەسەر بەسڕە، هاوكاتە لەگەڵ گۆڕانكارییەكانی عەبادی لە ریزی سەركردایەتی ئۆپراسیۆنی بەسڕە كە فەریق روكن رەشید فەلیح وەك سەركردەی نوێ دەستنیشان كرا لە جێی فەریق روكن جەمیل شەمەری، هاوكات لیوا روكن جەعفەر سەدام كرایە بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیس لە جێی لیوا جاسم سەعدی.

ئەو گۆڕانكارییانە لەو دەمەدا دێت كە خۆپێشاندەران دوای سووتاندنی بارەگای حزبەكان و میلیشیاكان بەتایبەت عەسائیب ئەهل حەق و رێكخراوی بەدر كە قەیس خەزعەلی و هادی  عامری سەركردایەتی دەكەن، هەڵیانكوتایە سەر كونسوڵخانەی ئێران لە شارەكەدا، ئەمەش لای چاودێران وا شرۆڤە كرا كە ئاماژەیەكی بەهێزە لە پاشەكشەكردنی هەژموونی ئێران لە شارەكە.
 
تا ئێستە بەپێی دوا ئامار بێت لە هەفتەی توندوتیژی بەسڕە 18 كەس كوژراوان، بەمەش ژمارەی كوژراوانی خۆپێشاندەران لە هەشتی تەمووزەوە تا ئێستە گەیشتە 33 كەس، ئەمە جگە لە برینداربوونی سەتان خۆپێشاندەر و هێزەكانی تەناهی.
 
بەرپرسانی پۆلیسی عێراقی لە بەسڕە دووپات لەوە دەكەنەوە كە ئامانجی بڵاوە پێكردنی سوپا و پۆلیس لەناو بەسڕە، پاراستنی دامەزراوەكانی دەوڵەت و موڵكی گشتی و رێگریكردنە لە كاری توندوتیژی لە داهاتوودا، جگە لەمە رێگرییە لە بڵاوبوونەوەی هەر هێزێكی میلیشیا لەناو شارەكە دوای سووتانی بارەگاكانیان لەلایەن خۆپێشاندەرانەوە.

پۆلیسی فیدڕاڵ ئەوەش دەخاتەڕوو كە دۆخی بەسڕە بە گشتی جێگیرە، هەوڵ دەدرێت شوێنی تر بۆ فەرمانگەكانی حكوومەت دابین بكرێت بۆ راییكردنی كاری رۆژانەی هاووڵاتییان دوای سووتانی بارەگاكانیان. 

ئەو پێشچوونەی لە بەسڕە روو دەدات، هاوكاتە لەگەڵ تەنگژەیەكی قووڵی سیاسی بەتایبەت قووڵتربوونەوەی ناكۆكی و ململانێی نێوان عەبادی و میلیشیاكانی شیعە لەلایەك و پێكهێنانی لیستی گەورەی پەرلەمانی لەلایەكی تر، لە هەمان كاتیشدا پەرلەمان لە دانیشتنی نائاسایی تایبەت بە دۆخی بەسڕە كە بە هەڕەشەی موقتەدا سەدر ئەنجام درا،  شكستی هێنا لە دەركردنی هەر بڕیار و راسپاردەیەك.

لە دانیشتنی دوێنێ شەموو كە واژووی 51 پەرلەمانتار لە لیستی سائیروون كۆ كرایەوە بۆ بەستنی دانیشتنێكی تایبەت بە دۆخی بەسڕە، كە بە پێوەری یاسایی و دەستووری، دانیشتنێكی تەواو نایاسایی بووە و بەپێی دەستوور دەبوو سەرۆكی پەرلەمان و جێگرانی دەنگدانیان بۆ بكرێت و كار بۆ دەنگدانی سەرۆكی كۆماریش بكرێت و پاشان لیستی گەورە بۆ پێكهێنانی حكوومەت بێتە هەڵبژاردن.

بەهۆی تەواو نەبوونی رێژەیی یاسایی پاش كشانەوەی دەوڵەتی یاسا و هاوپەیمانی فەتح، هەروەها كشانەوەی لیستە كوردییەكان بۆ پاراستنی بێ لایەنی خۆیان، سەرۆكی تەمەن بڕیاری دا دانیشتنەكە كراوە بێت، ئەگەرچی بەپێی دەستوور پەرلەمانی عێراق ناتوانێ دانیشتنی كراوە ببەستێت، بەڵكو دەبێت دەنگ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆك و هەردوو جێگرەكەی بكات.

لە دانیشتنەكەی دوێنێی پەرلەماندا، هاوپەیمانی سائیروون كە هاوپەیمانیەتی بینا و ئیسڵاحیان لەگەڵ هاوپەیمانی نەسڕ بە سەرۆكایەتی حەیدەر عەبادی پێكهێناوە، داوایان لە عەبادی و وەزیرەكانی حكوومەت كرد كە دەست لەكاركێشانەوە پێشكەش بكەن.

حەسەن عاقوڵی گوتەبێژ بەناوی هاوپەیمانی سائیروون رای گەیاند، پێویستە عەبادی و وەزیرەكان دەست لەكار بكێشنەوە و داوای لێبوردنیش لە خەڵكی عێراق بكەن.

بۆ ئەمەش شارەزایان پێیان وایە سەرەتای تەنگژەیەكی ترە لە نێوان عەبادی و سەدر، یان كودەتای سەدرە بەسەر عەبادی، دوای ئەوەی عەبادی هاوپەیمانی فەتحی لە دەست دا لەوەی نەتوانێ هاوپەیمانیەتی لەگەڵ ببەستێت.

هەر لە دانیشتنەكەدا عەبادی دۆخی بەسڕەی بەستەوە بە بۆشایی سیاسی و دواكەوتنی پێكهێنانی حكوومەت، داواشی كرد داواكاری خەڵكی شارەكە و خۆپێشاندەران لە ململانێی سیاسی و چەكداری بە دوور بگیرێت.


وشە - فه‌رمان سادق