ئه‌م بووگاتییه‌ له‌ ملیۆنێك میكانۆ دروست كراوه‌


كۆمپانیای به‌ناوبانگی "LEGO" له‌ نوێترین كاریدا ئۆتۆمبێلێكی بووگاتی جۆری "چیرۆن"ی ته‌نیا به‌ میكانۆ دروست كرد و وێنه‌كانی له‌ تۆڕه‌ كۆمه‌ڵاییه‌تییه‌كان بڵاو كردووه‌ته‌وه‌.

به‌پێی هه‌واڵێك كه‌ له‌ ماڵپه‌ڕی "dailymail" دا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌ و باس له‌ نوێترین كاری كۆمپانیای LEGO ده‌كات و ئاماژه‌ی پێداوه‌، كۆمپانیای به‌ناوبانگی LEGO بڕیاریدا له‌ ستافه‌كه‌ی به‌هره‌مه‌ندارترین و خێراترین كه‌س هه‌ڵبژێرێت بۆ دروست كردنی ئۆتۆمبێلێكی بووگاتی مۆدێل "چیرۆن" ته‌نیا له‌ میكانۆ.

بۆیه‌ دوای ئه‌وه‌ی كاره‌كه‌یان ده‌ست پێ كرد توانیان ئۆتۆمبێله‌كه‌ دروست بكه‌ن ته‌نیا به‌ به‌كارهێنانی ملیۆنێك میكانۆی LEGO له‌گه‌ڵ دوو هه‌زار و 300 بزوێنه‌ری بچووك كه‌ له‌ یارییه‌كانی منداڵاندا به‌كاریان هێناوه‌.

ئه‌وه‌یش روونكراوه‌ته‌ كه‌ ئه‌م ئۆتۆمبێله‌ی بووگاتی كه‌ له‌ میكانۆ دروست كراوه‌ هاوشێوه‌ی ئۆتۆمبێله‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌یه‌، به‌ڵام له‌ هێز و خێراییدا زۆر جیاوازن، چونكه‌ بووگاتییه‌ ڕاسته‌قینه‌كه‌ خێراییه‌كه‌ی ده‌گاته‌ 261 میل له‌ سه‌عاتێكدا به‌ڵام بووگاتییه‌ "لێگۆ"كه‌ خێراییه‌كه‌ی ده‌گاته‌ 12 میل له‌ سه‌عاتێكدا.  

LEGO یه‌كێكه‌ له‌ كۆمپانیا به‌ناوبانگه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بۆ دروست كردنی میكانۆ و یاری منداڵان، ئه‌م كۆمپانیایه‌ له‌ 10ی ئابی ساڵی 1932 دامه‌زراوه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی "ئۆلی كریك كریستیانسن" كۆمپانیاكه‌ ئۆفیسی سه‌ره‌كی ده‌كه‌وێته‌ ئه‌مه‌ریكا كه‌ له‌ ساڵی 2016 زیاتر له‌ 37.9 ملیار دۆلاری قازانجی كردووه‌.


وشە - ڕۆزی عه‌بدولره‌حمان


PM:06:39:09/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 375 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌