بڕیارە كۆتایی ئەمساڵ بەشێوەیەكی فەرمی نەخۆشخانەی پێشمەرگە بكرێتەوە و خزمەت بە كەسوكاری پێشمەرگە بكات.
ئەمڕۆ دووشەم 10ـی ئەیلوول، فاخیر كرمانجی بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروسی هەولێر بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، هەوڵەكان بەردەوامن بۆ تەواو كردنی نەخۆشخانەی پێشمەرگە كۆتایی ئەمساڵ نەخۆشخانەكە دەكرێتەوە.
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی تەندروستی هەولێر گوتی، كردنەوەی نەخۆشخانەی پێشمەرگە كە سەر بە وەزارەتی پێشمەرگەیە پێوەستە بە دابینكردنی ئامێرە پێویستییەكانی و دابین كردنی كارمەند و ستافی نەخۆشخانەكە.
كرمانجی ئاشكرای كرد، ئەو نەخۆشخانەیە لە خزمەتی كەسوكاری پێشمەرگە دەبێت و ئێمە وەكو تەندروستی هەولێر سەرجەم ئامادەیی خۆمان دەربڕیووە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەكی كاتیش بێت كارمەندییان بۆ دابین بكەین، تا كارمەندییان بۆ دابین دەكرێت و نەخۆشخانەكە بكرێتەوە.
هاوكات ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی هەولێر بڵاوی كردۆتەوە ئامادەكاری بۆ كردنەوەی نەخۆشخانەی پیشمەرگە دەكرێت و لە كۆبوونەوەی نێوان تەندروستی هەولێر و تیمێكی ئەڵمانی بڕیاردرا تەواوی ئامادەكارییەكان بكرێت، بۆ هەرچی زووە نەخۆشخانەی پیشمەرگە بكرێتەوە.
نەخۆشخانەی پێشمەرگە لە سەرەتای ئەمساڵ لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا بەردی بناغەی لە شاری هەولێر دانرا كە تایبەتە بە كەسوكاری پێشمەرگەی كوردستان.