ماوه‌یه‌كه له به‌غدای پایته‌ختی عێراق كوشتنی ژنان ڕێژه‌ی به‌رز بووه‌ته‌وه و له‌ماوه‌ی كه‌متر له دوو مانگی ڕابردوویشدا دوو پزیشكی جوانكاری ناوداری ئه‌و شاره له‌لایه‌ن كه‌سانی نه‌ناسراوه‌وه كوژران و تائێسته‌یش تۆمه‌تباران نه‌گیراون.
ئه‌مڕۆ دووشه‌م 10ی ئهیلوول/ سێپتێمبه‌ر، چه‌ند كه‌سێكی نه‌ناسراو هه‌ڵیانكوتایه سه‌ر ماڵێك و چوار ژنی ئه‌و ماڵه‌یان به فیشه‌ك كوشتن و تۆمه‌تباره‌كانیش هه‌ڵهاتوون.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له هێزه ته‌ناهییه‌كان ئاشكرای كردووه، ڕووداوه‌كه كوشتنی چوار ژنی ئه‌ندامێكی خێزانێك بووه له ماڵێكله باشووری به‌غدا و تا ئێسته تۆمه‌تبارانى ڕووداوه‌كه نه‌گیراون.
"چه‌كداره‌كان سه‌ره‌تا هه‌ڵیانكوتاوه‌ته سه‌ر ماڵه‌كه له گه‌ڕه‌كی (زه‌عفه‌رانییه)، كه ده‌كه‌وێته باشووری به‌غدا، دوای گه‌ران به‌دوای پاره و ئاڵتوون له‌و ماڵه هه‌ستاون به كوشتنی ژنه‌كان له كاتێكدا پاویش له ماڵه‌كه‌دا بووه و ئه‌وان سه‌لامه‌تن". سه‌رچاوه‌كه وا ده‌ڵێ.
وه‌ك سه‌رچاوه‌كه هێماى بۆ ده‌كات دۆسیه‌ى ڕووداوه‌كه له‌لایه‌ن پۆلیسه‌وه په‌راوی لێكۆڵینه‌وه‌ی بۆ كراوه‌ته‌وه و ته‌رمه‌كان ڕه‌وانه‌ی پزیشكی دادی به‌غدا كراون.