وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە دابەشكردنی مووچە بەردەوامە، بەڵام سبەی سێشەم بەهۆی پشووەوە مووچە دابەش ناكرێت و ڕۆژی چوارشەم ژمارەیەك دامەزراوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مووچە وەردەگرن.
بەپێی ئەو زانیاریانەی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە دەست "وشە" كەوتووە، ڕۆژی چوارشەم مووچەی وەزارەتەكانی "خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی و وەزارەتی كاروباری شەهیدان و كەسوكاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی" دابەش دەكرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ڕۆژی پێنجی ئەم مانگەوە دەستی بە دابەشكردنی مووچە كردووە و تا ئێستە وەزارەتەكانی پیشمەرگە و پەروەردە و تەندروستی مووچەی مانگی شەشیان وەرگرتووە و پێشتر حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕای گەیاندبوو، چیتر خشتەی دابەشكردنی مووچە ڕاناگەیەنن و مانگانە و لە وادەیەكی دیاری كراو مووچە دەدەنە فەرمانبەران كە لە پێنجی مانگەوە مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و دواتریش مووچەی وەزارەتەكانی تر دابەش دەكرێ.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان ماوەیەكە ڕێژەی پاشەكەوتی لەسەر مووچە كەم كردووەتەوە و هەوڵیش دەدات 30 ڕۆژ جارێك مووچەی فەرمانبەران دابەش بكرێت.