نرخی نەوت لە بەرزبوونەوەدایە

:: AM:09:07:11/09/2018 ‌

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە بەرزبوونەوەدایە و لە دوێنێ بەیانییەوە سەرووی نیو دۆلار لە نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت بەرز بووەتەوە.

ئێستە هەر بەرمیلێك نەوتی برێنت بە 77 دۆلار و 55 سەنت دەفرۆشرێت. بە پێچەوانەی نەوتی برێنت، نەوتی جۆری ئەمەریكی ناسراو بە WTI یان نەوتی تەكساس دوێنێ سێشەم 30 سەنت دابەزی، بەڵام ئەمڕۆ بە هێمنی رووی لە بەرزبوونەوە كردووەتەوە.

بەگوێرەی dailyfx هەفتەی رابردوو نرخی نەوت لە هەڵبەز  و دابەزێكی زۆردا بوو، بۆ نموونە نرخی نەوت بەرزترین ئاستی لە ماوەی 100 رۆژی رابردوو تۆمار كرد و تا نزیكەی 80 دۆلار بەرز بووەوە و دواتر نرخەكەی تا خوارووی 76 دۆلار دابەزی و لە رۆژی كۆتایی هەفتە كەمێك نرخەكەی ئاسایی بووەوە.

هۆكارێكی سەرەكی كە كاریگەریی هەبووە بۆ سەر دروستكردنی جۆرێك دڵەڕاوكێ لە بازاڕەكانی دنیا، بۆ دەستپێكردنی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر نەوتی ئێران لە ماوەی كەمتر لە دوو مانگی داهاتوودا دەگەڕێتەوە.

دابەزینی هەناردەی نەوتی ئێران كێشە بۆ ئاستی داخوازی نەوت دەهێنێتە كایەوە و دواجار نرخی نەوت بەو هۆیەوە روو لە بەرزبوونەوە دەكات.

بڕیارە سەرەتای مانگی تشرینی یەكەم قۆناغی دووەمی سزاكانی ئەمەریكا دەست پێ بكات، قۆناغی یەكەم لە شەشی ئاب دەستی پێ كرد و زیاتر كەرتی بانكی و دارایی كردە ئامانج.



وشە - سلێمان تاشان