گه‌ڕانه‌وه و نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح بۆ ناو یه‌كێتى، تا ئێسته‌یش مشتومڕی زۆری له‌سه‌ره. هاودیدانی دكتۆر به‌رهه‌م نایشارنه‌وه كه له ئاستى باڵادا هه‌وڵ به‌رده‌وامه. ئه‌ندامێكی سه‌ركردایه‌تیی یه‌كێتیش ده‌ڵێ، "یاریی به به‌رهه‌م ساڵح ناكه‌ین، ئه‌گه‌ر هه‌وڵ هه‌بێت رژده".
هه‌ر له دواى جیابوونه‌وه‌ى له یه‌كێتى، هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح، تا دواجار هێرۆ برایم به به‌یاننامه‌یه‌ك كۆتایی به‌و مشتومڕه هێنا، به‌ڵام سه‌ردانى شاندی یه‌كێتى به سه‌ركردایه‌تى بافڵ كوڕه گه‌وره‌ی تاڵه‌بانی، جارێكی تر گۆمه‌كه‌ی شڵه‌قانده‌وه به‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح به وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆك كۆماری ده‌چێته‌وه ناو یه‌كێتى.
ئه‌گه‌رچی به‌رهه‌م ساڵح ره‌تى كرده‌وه كاندید بێت بۆ وه‌رگرتنى ئه‌و پۆسته، یه‌كێتییه‌كانیش له میدیا ره‌تی ده‌كه‌نه‌وه كاندیدی بكه‌ن، به‌ڵام هاودیدانى هاوپه‌یمانى نایشارنه‌وه هه‌وڵه‌كانی یه‌كێتى له ئاستى باڵادا به‌رده‌وامی هه‌یه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح بۆ ناو یه‌كێتى.
ئارێز عه‌بدوڵا ئه‌ندامی سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتیی نیشتمانیى كوردستان، بۆ "وشه" نیشارێته‌وه كه لابه‌لا بیستوویه‌تى هه‌وڵ هه‌یه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح بۆ ناو یه‌كێتى. به‌ڵام ره‌تى ده‌كاته‌وه "هه‌وڵی فه‌رمی هه‌بووبێت بۆ ئه‌و مه‌به‌سته".
له‌باره‌ى كاندیدكردنی ساڵح له‌سه‌ر پشكی یه‌كێتى بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمار، گوتى "ئێسته دكتۆر به‌رهه‌م یه‌كێتى نییه تا ئه‌نجوومه‌نى سه‌ركردایه‌تى كاندیدی بكات بۆ ئه‌و پۆسته، ئه‌و كه‌سه‌ی كاندیدیش ده‌كرێت ده‌بێ یه‌كێتى بێت، هێشتا ئه‌نجوومه‌نیش كۆبوونه‌وه‌ى نه‌كردووه بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كاندیدانی یه‌كێتى بۆ ئه‌و پۆسته".
ئارێز باسی له‌وه‌ش كرد كه‌ی به‌رهه‌م ساڵح گه‌ڕایه‌وه ناو یه‌كێتى، بۆی هه‌یه داوای ئه‌و پۆسته بكات، هه‌ر كاتێكیش بیه‌وێ بگه‌ڕێته‌وه ناو یه‌كێتى، ئه‌وا "ده‌رگه كراوه‌یه".
له‌باره‌ى بڵاوبوونه‌وه‌ى ئه‌و هه‌واڵ و ده‌نگۆیانه له‌باره‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح بۆ ناو یه‌كێتى كه یارییه‌كه یه‌كێتى له‌گه‌ڵیدا ده‌یكات و دواجار كاندیدی ناكات بۆ پۆستى سه‌رۆك كۆمار، به‌مه‌ش لێڵییه‌ك له‌سه‌ر هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسی و ده‌نگده‌ران و ئه‌ندامانى دروست بكات، به‌تایبه‌ت دواى راگه‌یاندنى به‌شداری نه‌كردنیان له هه‌ڵبژاردنى داهاتووی په‌رله‌مانى كوردستان، ئه‌و ئه‌ندامه‌ى سه‌ركردایه‌تیى یه‌كێتى ئه‌وه‌ى ره‌ت كرده‌وه "یه‌كێتى یاریی به دكتۆر به‌رهه‌م بكات" و هێماى بۆ ئه‌وه‌ش كرد، یه‌كێتى هاوپه‌یمانى له چاوی دكتۆر به‌رهه‌مه‌وه ده‌بینێت، بۆیه "ئه‌گه‌ر هه‌وڵ هه‌بێت رژده".
هه‌ر پێوه‌ند به‌و پرسه، زوبێر عوسمان جێگری سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى ناوه‌ندی یه‌كێتى، بۆ "وشه" باسی له‌وه كرد، "هێشتا به فه‌رمی هیچ قسه‌یه‌ك له‌سه‌ر گه‌ڕانه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح بۆ ناو یه‌كێتى نه‌كراوه، به‌ڵام یه‌كێتى ماڵه گه‌وره‌كه‌یه و هه‌ر هه‌ڤاڵێك بیه‌وێت بگه‌ڕێته‌وه ده‌رگه كراوه‌یه، به‌ڵام مه‌رج له هیچ كه‌سێك قبووڵ ناكه‌ین، مه‌رجی ئه‌وه‌ش له كه‌س قبووڵ ناكه‌ین بۆ وه‌رگرتنى پۆستێك بگه‌ڕێته‌وه ناو یه‌كێتى".
ورووژاندنى گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح بۆ ناو یه‌كێتیی نوێ نییه، هه‌ر له ساته‌وه‌ختى بڕیاری چوونه ده‌ره‌وه‌ى له‌ناو یه‌كێتى، هه‌وڵ له ئاستى باڵا و تاكه‌كه‌سیدا هه‌بووه، چ له‌لایه‌ن بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی یان كۆسره‌ت ره‌سووڵ.
ده‌نگۆی گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌رهه‌م ساڵح له پێش هه‌ڵبژاردنى 12ى ئایاری په‌رله‌مانى عێراقیش باسی لێوه كرا، هێزه سیاسییه‌كانى هه‌رێمی كوردستان كه ئێسته له سه‌روبه‌ندی ئاماده‌كارین بۆ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى هه‌رێمه‌كه، كه بڕیاره له 30ى ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری ئه‌م مانگه ئه‌نجام بدرێت، جارێكی تر پرسی گه‌ڕانه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح ورووژێنرایه‌وه كه ده‌بێته كاندیدی یه‌كێتى بۆ وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆك كۆماری عێراق.
باسكردنى گه‌ڕانه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح بۆ ناو یه‌كێتی، هاوكاته له‌گه‌ڵ بڕیاری هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری كه به‌شداری له هه‌ڵبژاردنى 30ى ئه‌یلوولی كوردستان ناكات، ته‌نانه‌ت ده‌نگۆ گه‌یشته ئاستێك سه‌ركرده‌كانى یه‌كێتى ده‌ڵێن دواى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، به‌رهه‌م ساڵح ده‌گه‌ڕێته‌وه ناو یه‌كێتى.
سه‌رۆكى هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری له سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى شاندی پارتى، دواى كۆبوونه‌وه‌یان له هه‌ولێر، ره‌تى كرده‌وه "كاندید بێت له‌سه‌ر پشكی یه‌كێتى بۆ وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆك كۆمار".
قسه‌كانى به‌رهه‌م ساڵح دواى به‌یاننامه‌كه‌ی هێرۆ برایم ئه‌حمه‌د دێت كه ده‌رگه‌ى گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ ناو یه‌كێتى به رووى به‌رهه‌م ساڵح داخست، چوار ساڵ پێش ئێسته‌یش، ئه‌و خاتوونه یه‌كێك بوو له كاره‌كته‌ره هه‌ره دیاره‌كان كه رێگر بوو له‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح بكرێته سه‌رۆك كۆمار، به‌ڵكو پشتگیری له فوئاد مه‌عسووم كرد بۆ ئه‌و پۆسته.
به‌یاننامه‌كه‌ى هێرۆ دواى سه‌ردانى شاندێكی یه‌كێتى دێت به سه‌رۆكایه‌تیى بافڵ كوڕه گه‌وره‌ى تاڵه‌بانی بۆ لای به‌رهه‌م ساڵح. به‌دوایدا كه‌ناڵی ته‌له‌ڤزیۆنى خه‌ندان به بڕیاری به‌رهه‌م ساڵح داخرا و هاوپه‌یمانیش بڕیاری دا به‌شداری له هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان نه‌كات. چاودێران پێیان وایه سه‌ردانه‌كه هه‌نگاوێك بووه بۆ رازیكردنى به‌رهه‌م ساڵح بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى بۆ ناو یه‌كێتى و وه‌رگرتنى پۆستى سه‌رۆك كۆماری عێراق.
سه‌مه‌د محه‌مه‌د ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نى گشتى له هاوپه‌یمانى بۆ دیموكراسی و دادپه‌روه‌ری، نایشارێته‌وه كه له ئاستى كۆسره‌ت ره‌سووڵ جێگری یه‌كه‌می سكرتێری گشتیى یه‌كێتى و ماڵى تاڵه‌بانى و كه‌سایه‌تیى و كه‌ناڵی تریش، هه‌وڵی راسته‌وخۆ و ناڕاسته‌وخۆ هه‌بووه بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ى به‌رهه‌م ساڵح بۆ ناو یه‌كێتى.
سه‌مه‌د كه قسه‌ى بۆ "وشه" كردووه، نه‌یشارده‌وه كه "هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وامن، ته‌نانه‌ت به‌ر له هه‌ڵبژاردنى 12ى ئایاریش كه كۆمه‌ڵێك شتیان خسته به‌رده‌می، دواى هه‌ڵبژاردنیش هه‌وڵه‌كان هه‌ر هه‌بووه و له ئاینده‌شدا ده‌بێت".
"كاك به‌رهه‌م به‌شی زۆری ته‌مه‌ن و خه‌باتی له‌ناو یه‌كێتى به‌ڕێ كردووه، بۆیه ئه‌گه‌ر قسه‌ش هه‌بێت ئاسایییه". سه‌مه‌د وای گوت. ئاماژه‌ی به‌وه‌یش دا "به‌دڵنیایییه‌وه ئێسته‌ش هه‌وڵ هه‌یه، ته‌نانه‌ت هه‌وڵ هه‌یه بۆ نزیكبوونه‌وه‌ى هاوپه‌یمانى و یه‌كێتى كه هاوپه‌یمانی مه‌به‌ستیه‌تى له‌گه‌ڵ یه‌كێتى له‌سه‌ر پڕۆژه و به‌رنامه‌یه‌كی سیاسی رێك بكه‌وێت، ئه‌وه‌ش كارێكی باش ده‌بێت، بۆ به‌غداش له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانى تر ببنه خاوه‌ن پڕۆژه‌یه‌كی هاوبه‌ش، بۆیه هیچ كات ده‌رگه‌ی گفتوگۆ و تێپه‌ڕاندنى ئه‌و دۆخه ره‌ت ناكه‌ینه‌وه".
ئه‌و ئه‌ندامه‌ى ئه‌نجوومه‌نى گشتى هاوپه‌یمانی، گوتی، "حزبه‌كه‌مان پڕۆژه‌یه‌كی به‌رده‌وامه و له‌سه‌ر ئه‌و ده‌نگۆیانه ناوه‌ستێ، ئه‌گه‌رچی به‌شداری له هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان ناكات، خاوه‌ن دید و دنیابینى خۆمانین و به‌رچاومان روونه، ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌یش كۆتایی دنیا نییه و شێوازی جیاوازیش هه‌یه بۆ خه‌باتی سیاسی، چونكه هاوپه‌یمانى پڕۆژه‌یه‌كی هه‌مه‌لایه‌نى درێژخایه‌نه".