میتابۆلیزمی لەش كەم ببێتەوە چی ڕوو دەدا؟

:: AM:11:35:11/09/2018 ‌
زۆربەمان هیچ دەربارەی میتابۆلیزم نازانین، زیندەپاڵ بریتیە لە كرداری گۆڕینی خۆراك بۆ وزەی پێویستی لەش، ئەم كرداری میتابۆلیزمە خۆراكی پێویست دەگۆڕێت بۆ وزە و پاشان پاشەڕۆ و مادە زیان بەخشەكان دەكاتە دەرەوەی لەش، ئەگەر كرداری زیندەپاڵ لە لەشدا هێواش ببێتەوە چەند نیشانەیەك دروست دەبێت كە ئەمانەن:

یەكەم: شەكەتی بەردەوام: هۆكار زۆرن بۆ شەكەتی لەش، لەوانە  نەبوونی خەو، ڕاهێنانی زۆر، برسیەتی، ئەگەر بەردەوام هەستت بە ماندوێتی كرد، ئەوا ڕەنگە كرداری زیندەپاڵت ناچالاك بێت و لەش توانای گۆڕینی خۆراكی نابێت بۆ وزە، ئەمەش هۆكارێكە بۆ ماندوویەتی لەش.

دووەم: وشكبوونەوەی پێست و قژ و ماندوو دەركەوتنی، ئەگەر گرفتی زیندەپاڵت هەبێت، و كرداری تازەبوونەوەی خانەكان هێواش دەبێتەوە، بە تایبەتی لە پێست و قژ دا، بێگومان ئەم وشكبوونەوەیە هۆكارە بۆ زۆر گرفتی تر وەكو پیربوونی پێست و كەمی ڤیتامین.

سێیەم: ئارەزووی خواردنی شیرینی و خۆراكی ئامادەكراو زیاتر دەبێت، میتابۆلیزم و شەكەتی و هێواش بوونەوەی وا دەكات بە دوای سەرچاوەیەكی جێگرەوە بگەڕێت بۆ وزە، وەكو بەرهەمەكانی شەكر، خۆراكی چەور، باش خواردن و باش نوستن، ئەم بیركردنەوەیە كاریگەری خراپ لەسەر لەش دروست دەكات و دەبێتە هۆی هێواشكردنی میتابۆلیزم و ئەو خۆراكەی كە خواردووتە توانایی گۆڕینی نامێنێت بۆ وزە و چالاكی لەش.

چوارەم: كێشت زیاد دەكات، سەرەڕای خواردنی تەندروست ئەم نیشانەیەش بۆ میتابۆلیزمی خراپ دەگەڕێتەوە.، ئەو كەسانەی كە خۆراكی تەندروست دەخۆن، بەڵام میتابۆلیزمیان هێواشە و ناتوانێت خۆراكەكە بگۆڕێت بۆ وزەی پێویست، لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی دروستبوونی چەوری و زیادبوونی كێش.

پێنجەم: هەستكردن بە سەرما، كرداری گۆڕینی خۆراك بۆ وزە دەبێتە هۆی زیادبوونی پلەی گەرمی لەش، بەڵام كاتێك میتابۆلیزم هێواش بوو، ئەوا بڕێكی كەمتر گەرمی لە لەشدا دروست دەبێت، ئەمەش وادەكات هەمیشە هەست بە سەرما و ساردی لەشت بكەیت.


وشە - ئاوات ئازاد