تا ئێستە 200 هەزار خێزانی ئاوارە گەڕاونەتەوە

:: AM:11:50:13/10/2016 ‌
وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕای دەگەیەنێ كە بە ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی كوردستان، تا ئێستە 200 ھەزار خێزان گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان.

لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا دەرباز محەمەد وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق ڕای گەیاند: وەك ھەموو لایەك ئاگادارن پرۆسەی ئازاكردنەوەی مووسڵ دەست پێ دەكات، لایەنە مرۆیییەكەی گرنگە لای ھەموومانەوە، بۆیە ئەو لێك تێگەیشتنەی ئەمڕۆ لە نێوان ھەرسێ لایەن ئیمزای دەكەین، بۆ ئەوەی بتوانین باشترین وەڵامدانەوەمان ھەبێت بۆ ئەو كێشانەی دێنە ئاراوە".

هەر لەو كۆنگەرەیەدا كە ئەمڕۆ پێنجشەم بەسترا، زیاتر گوتی: ھەماھەنگی زۆرمان لەگەڵ حكوومەتی ھەرێم ھەیە، تا ئێستە 200 ھەزار خێزانی گەڕاونەتەوە شوێنی خۆیان، رۆژانە لە سنووری ژێر دەستەڵاتی حكوومەتی ھەرێم لە نووسینگەكانمان پسوولەی گەڕانەوە بۆ ئاوارەكان دەكەین بۆ ئەو كەسانەی بگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان.

كۆنگرەكە مەبەستی ئیمزاكردنی لێكتێگەیشتن بۆ بەھاناوەچوونی ئاوارەكانی مووسڵ بۆ كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و دەرباز محمەمەد وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی حكوومەتی عێراق و لیزا گراندی رێكخەری كاروباری مرۆیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ھەولێر ئەنجام درا، تێیدا وەزری ناوخۆی هەرێمی كوردستان گوتی: بە مەبەستی باشتركردنی ھەماھەنگی و خۆ ئامادەكردن بۆ پڕۆسەی رزگاركردنی نەینەوا و جێبەجێكردنی پلانی فریاكەوتنی مرۆیی، بڕیار درا بۆ دروستكردنی لیژنەیەكی ھاوبەش لە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق و وەزارەتی ناوخۆی ھەرێمی كوردستان و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان.

سنجاری ئەوەشی خستە ڕوو: بەپێی ئەو رێككەوتننامەیە، پارێزگاكانی ھەرێمی كوردستان سەرپەرشتی ئەو كارە دەكەن ئەوەی كە پێویست بێت بە ھاوكاری لەگەڵ وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان جێبەجێی دەكەن".

بڕیارە كردەوەگەلی ئازادكردنەوەی شاری مووسڵ، بەبێ دیاریكردنی سەعاتی سفر، لە ماوەی داهاتوودا دەست پێ بكات و بە تەواوی شارەكە لە تیرۆریستانی ڕێكخراوی داعش پاك بكرێتەوە، هەڵمەتەكە لەلایەن هێزی پێشمەرگەی كوردستان، سوپای عێراق و هێزە هاوپەیمانەكان بە سەرۆكایەتیی ئەمەریكا بەڕێوە بچێت.

وشە/ كوردۆ شابان


وشە - كوردۆ شابان