بانگەشەی هەڵبژاردن بە پێشێلكارییەوە دەستی پێ كرد

:: PM:03:27:11/09/2018 ‌
قەوارە سیاسییەكان و كاندیدەكان بانگەشەی هەڵبژاردنیان بە پێشێلكارییەوە دەست پێ كرد، كۆمسیۆن دەڵێ، لە رێی لیژنەكانی چاودێرییەوە پێشێلكارییەكانیان تۆمار كردووە و سزایان دەدەین. چاودێرێكی هەڵبژاردنیش دەڵێ، جگە لەوەی پێشێلكاری بووە بە كولتوور، دۆخە سیاسییەكەیش هۆكارێكی تر بوو لەوەی كاندیدەكان زوو دەست بە بانگەشە بكەن.

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی رۆژی 11ی ئەم مانگە تا سەعات هەشتی بەیانی رۆژی 28ی مانگ، واتە 48 سەعات پێش هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان، دەستنیشان كردووە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن، بەڵام زۆرینەی لایەنە سیاسییەكان شەوی رابردوو پێش سەعات 12ی شەو، بانگەشەیان دەست پێ كرد.

بەپێی بەدواداچوونی "وشە" لە هەولێر و دهۆك، بانگەشەی هەڵبژاردن لە ئاستی كاندیدەكان بەچڕی و گەرمو گوڕییەوە دەستی پێ كرد، بەڵام لە سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان وەك هەڵبژاردنەكانی رابردوو هەمان گەرم و گوڕی نەبوو.

كۆمسیۆنی لیژنەیەكی باڵای بەناوی لیژنەی تۆماركردنی سەرپێچییەكانی ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردن پێكهێناوە و لە شارەكان لقی هەیە كاری تۆماركردنی سەرپێچی هاوپەیمانی و قەوارەی سیاسی و پاڵێوراوەكانە.

ئەرسەلان سلێمان سەرۆكی لیژنەكە لە پارێزگای هەولێر بە "وشە"ی راگەیاند، دوێنێ دووشەم 10ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، لیژنەی سەرپەرشتی پارێزگای هەولێر لەگەڵ تیمی شار و شارۆكەكان دەستیان كرد بە گەڕان بۆ تۆماركردنی سەرپێچی بانگەشەی هەڵبژاردن.

روونی كردەوە كە لە شاری هەولێر چەندان سەرپێچی قەوارەی سیاسی و كاندیدەكانیان تۆمار كردووە كە پێش سەعات 12ی شەو دەستیان كردووە بە بانگەشە.

زیاتر گوتی، سزای سەرپێچی پێشوەختەی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ هەر كاندیدێك ملیۆنێك دینارە و بۆ قەوارەی سیاسیش تا 15 ملیۆن دینارە كە ئەنجوومەنی كۆمسیاران بڕیاری لەسەر دەدات.

بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، 29 قەوارەی سیاسی بە 773 كاندید كێبڕكێ لەسەر بەدەستهێنانی 111 كورسی پەرلەمانی كوردستان دەكەن. هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30ی ئەیلول ئەنجام دەدرێت، سێ ملیۆن و 85 هەزار و 461 كەس مافی دەنگدایان، لەو ژمارەیە دوو ملیۆن و 911 هەزار و 313 كەس لە دەنگدانی گشتی بەشداری دەكەن و 174 هەزار و 148 كەسیش بەشداری لە دەنگدانی تایبەت دەكات.

هۆگر چەتۆ سەرۆكی تۆڕی شەمس بۆ چاودێری هەڵبژاردن دەڵێ، یەكێك لە هۆكارەكانی زوو دەست پێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن بۆ پەرلەمانی كوردستان لەلایەن كاندیدەكانەوە، ئەو دۆخە سیاسییەی كوردستان بوو كە هێشتا دڵنیایی نییە هەڵبژاردن لە كاتی خۆیدا ئەنجام دەدرێت یانیش نا، ئەمەیش كاندیدەكانی دووچاری دڵەڕاوكێ كردووە، رەنگە هەر ئەوەش هۆكار بێت لەوەی زوو دەستیان بە بانگەشەی هەڵبژاردن كرد، گوتی " دەكرا بۆ چەند سەعاتێك بەرگەیان بگرتبایە و پێشێلكارییان نەكردبا، بەڵام پێدەچێ ئەو پێشێلكارییە بوو بێتە كولتوور لای كاندید و قەوارە سیاسییەكان".

هۆگر باس لەوەیش دەكات كە پێویستە كۆمسیۆن سزای توند بەسەر ئەو كاندیدانە جێبەجێ بكات كە پێشێلی رێنوێنییەكان دەكات، گوتی " حەق وایە بانگەشەی هەڵبژاردن لەناو ترافیك لایتەكان قەدەغە بكرێت، بەو پێیەی كاریگەری لەسەر هزری شوفێران دادەنێت بە سەیر كردنی وێنەی كاندیدەكان".

زیاتر گوتی "سەرەڕای هەموو ئەمانەش، خەڵكی كوردستان زۆر كەم هەیە گوێ لەسەر بنەمای پۆستەری كاندیدەكان دەنگ بدات، ئەوان زووتر ئەوەیان یەكلایی كردووەتەوە كە دەنگ بەكام لیست دەدەن".

لە پارێزگای هەولێر، ملیۆنێك و 101 هەزار و 518 كەس مافی دەنگدانیان هەیە، لە پارێزگای سلێمانی ملیۆنێك و 195 هەزار و 417 كەس، لە دهۆك 676 هەزار و 860 كەس و لە هەڵەبجە 56 هەزار و 934 كەس مافی دەنگدانی گشتیان هەیە. پێوەند بە هەڵبژاردنی تایبەت، لە هەولێر 66 هەزار و 654 كەس، لە سلێمانی 61 هەزار و 762 كەس، لە دهۆك 42 هەزار و 515 كەس و لە هەڵەبجە سێ هەزار و 217 كەس، مافی دەنگدانیان هەیە.

لە تەواوی هەرێمی كوردستان، كۆمسیۆنی باڵا 218 بنكەی لاوەكی و هەزار 327 بنكە و پێنج هەزار و 811 وێستگەی بۆ دەنگدەران داناوە تا لێیەوە دەنگ بدەن، لە هەولێر 577 بنكە و دوو هەزار و 271 وێستگە، سلێمانی 536 بنكە و هەزار و 468 وێستگە، دهۆك 303 بنكە و هەزار و 343 وێستگە و هەڵەبجە 136 بنكە و 139 وێستگە هەن، كە 77 هەزار فەرمانبەری كۆمسیۆن پڕۆسەكە بەڕێوە دەبەن.



وشە - فه‌رمان سادق