نرخی نەوت گەیشتە نزیكەی 80 دۆلار

:: AM:09:17:12/09/2018 ‌

نرخی نەوت لە بازاڕەكانی دنیا لە 24 سەعاتی رابردوودا بە خێرایی رووی لە بەرزبوونەوە كردووە و گەیشتووەتە نزیكەی 80 دۆلار.

لە دوێنێ بەیانییەوە سەرووی دوو دۆلار بۆ هەر بەرمیلێك هەڵكشاوە و بەرزترین نرخ كە لەو ماوەیەدا تۆمار كرابێت بریتی بووە لە 79 دۆلار و 51 سەنت.

بەگوێرەی dailyfx نرخی نەوتی ئەمەریكیش بە هەمان خێرایی بەرز بووەتەوە و لە 67 دۆلار و 46 سەنتەوە گەیشتووەتە 69 دۆلار و 90 سەنت.

دوێنێ دامەزراوەی راوێژكاری گلۆبال ئینرجی پێشبینی ئەوەی كرد، سزاكانی ئێران دەبێتە هۆی ئەوەی ئێران نەتوانێ هیچ بڕە نەوتێك هەناردە بكات و ئەمەش نرخی نەوت تا 100 دۆلار بەرز دەكاتەوە.

ئەم دامەزراوەیە لە هۆنگ كۆنگ لە كۆنفرانسێكدا ئەوەی خستەڕوو كە ئەگەر سزاكانی سەر ئێران نەبوونایە، ئەوا نرخی نەوت لە ئاستی 70 دۆلار دەمایەوە و تەنانەت بە كەمتر لەو نرخەش دەفرۆشرا، بەڵام سزاكان نرخەكەی بەرز دەكەنەوە.

پێویستە بگوترێ لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵەوە دەست بە سەپاندنی سزاكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران دەكرێت كە قۆناغی دووەمی سزاكانە و كەرتی نەوت و وزە دەگرێتەوە.



وشە - سلێمان تاشان