كاروان ئەحەمەی تەمەن 27 ساڵ كە ئۆتۆمبێلێكی لە جۆری تیۆتا ئەڤەلۆنی ڕەنگ ڕەشی پێیە، لە بەردەم ترافیكی چوارڕیانی پاركی ئازادی شاری سلێمانی وەستا و ڕاستەوخۆ دوو لەو ژنانەی بە ناوی دەرۆزەكردن و شتفرۆشتن لە ترافیكەكە بوون چوونە لای كاروان، ئەویش جامی ئۆتۆمبێلەكەی داگرت، وەك خۆی گوتی، جوانیی یەكێك لە كچەكان بێسنوور بوو، بۆیە كەوتە قسە لەگەڵیاندا.
كاروان لەگەڵ ئەو كچەدا كە سەرنجی ڕاكێشا، ڕێككەوت و لەگەڵ خۆی بردی بۆ ناوچەی سیتەك لە شارباژێڕ، بۆ ناو ئەو باخەی ماوەی پێنج ساڵە لەوێ دروستیان كردووە.
مامەڵەی لەشفرۆشی لە ترافیكەكانی ناو شاری سلێمانیدا بە تەواوی زەق بووەتەوە و بە دەگمەن شۆفێرێك هەیە تووشی ئەو ئافرەتانە نەبێت كە بەمەبەستی لەشفرۆشی لە ترافیكەكان لە شۆفێران نزیك دەبنەوە.
ئەوە هەر كاروان نییە ئەو كچانە لەگەڵ خۆی ببات، بەڵكو هەموو ئەوانەی بەدوای لەشكڕینەوەن، ئێستە وازیان لە باندەكانی لەشفرۆشی و یانەكانی شەوانە و مەساجەكان هێناوە، بەڵكو بۆ دەستكەوتنی كچێك تا لەگەڵیان بێت، ڕوو دەكەنە ترافیكەكان.
وەك كاروان دەڵێت، "بە پارەی یەكێك لە كچانی ناو باند و یانەكان، دوو یان سێ لەو كچانەی سەر ترافیكەكان لەگەڵ خۆم دەبەمەوە".
ئەوانەی تا ئێستە لە ترافیكەكان دەبینرێن، زیاتر ئەو ئاوارانەن كە هاتوونەتە ناو شارەكەوە، بەڵام ئەم پرسە چووەتە لای ڕێكخراو و بەڕێوەبەرایەتییەكانی توندوتیژیی خێزانی و ئەوان هۆشداری دەدەن لە ئەگەری بەربڵاوی و دەڵێن، ئەگەر ڕێی پێ نەگیرێت، ئەوا لەشفرۆشانی ناو باندەكانیش دێنە ناو ترافیكەكانەوە.
كوردە عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتی توندوتیژی دژی ژنان بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئەو دیاردەیە هەیە و جگە لە سلێمانیش لە هەولێر و دهۆكیش سەری هەڵداوە.
ئەو پێی وایە كچانی خوار تەمەن 18 ساڵ، بۆ ئەو مەبەستە بەكار دەهێنرێن و ئەوەش بە مەترسی ناو دەبات.
هەروەها دەڵێت، "دەزگە بەرپرسەكانمان ئاگەدار كردووەتەوە و مەترسی بڵاوبوونەوە و فراوانبوونی زیاتری لێ دەكەین، بەتایبەت نەك ئاوارەكان، بەڵكو چین و توێژی تریش بێنە ناو ترافیكەكانەوە بۆ لەشفرۆشی".
لای خۆیەوە ناسك محەمەد، چالاكی بواری ژنان بۆ "وشە"ی ئاشكرا كرد، ئەركی پۆلیس و دەزگە تەناهییەكانە ئەو دیاردەیە كۆتا پێ بهێنن و نەهێڵن ئاوارەكان بەو ئازادییە لەناو شارەكاندا بێن و بچن.
هاوكات سەركەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕای گەیاند، ئەوان بەردەوام تیمەكانیان بۆ گرتنی دەرۆزەكەر و هەر كەسێكی تر كە كاری ناشیاو بكات، لە گەڕاندان و ئاماژەی بە گرتنی چەندان كەس كرد لەسەر شەقام و ترافیكەكان.
وشە/ سلێمانی- شاد كەیوان