ئامۆژگاری دەكرێ یانەی مانچستەر یونایتد جێبێڵێ

:: AM:09:54:12/09/2018 ‌

یاریزانێكی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەڕا ئامۆژگاری هاونیشتمانەكەی ماركۆس راشفۆردی كرد ریزی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی جێبێڵێ بۆ ئەوەی لە یانەیەكی تر وەك هێرشبەری سەری رم یاری بكات.

ئالان شیرەڕ لە رۆژنامەی (زە سەن)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: تا لۆكاكۆ لە ریزی یانەی مانچستەر یونایتد بمێنێ، راشفۆرد ناتوانێ وەك سەری رمی هێرشبەر یاری بكات، جگە لەوەش تا جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پورتوگالی لە یانەكە بمێنێ رێگەی پێ نادرێ رۆلی هێرشبەرێكی تەواوی پێ بدرێ.

زیاتر گوتی: راشفۆرد تا ئێستا لە 126 یاریی لەگەڵ یانەی مانچستەر یونایتد بەشدار بووە، بەڵام لەچەند یارییەكی كەم رۆلی هێرشبەری سەری رمی پێدراوە كە باشترین شوێنی یاریكردنی ئەوە.

شیرەر هەروەها گوتی: ئامۆژگاری راشفۆرد ناكەم یاریگەی ئۆڵد ترافۆرد جێبێڵی، چونكە مانچستەر یونایتد یانەیەكی گەورەیە، بەڵام ئەگەر بیەوێ ببێتە گۆڵكارێكی بەتوانا، ئەوا لە یانەكە بۆی ناچێتە سەر و پێویستە لەسەری ریزی یانەیەكی تر هەڵبژێرێ و ئەو رۆلەی پێ بدرێ كە خۆی ئارەزووی پێ دەكات كە ئەویش هێرشبەری پێشەوە و سەری رمە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م