پیازی ناوخۆ به به‌راورد به ساڵانی ڕابردوو كه‌می كردووه، ئێسته ٦٠% ی پیازی سپی و ٦٩%ی پیازی سوور له بازاڕه‌كانی كوردستان هاورده‌ن و بڕی به‌رهه‌می ناوخۆش دابه‌زیوه. ئه‌مساڵ جووتیاران زیانی گه‌وره‌یان پێ كه‌وتووه و وه‌زاره‌تی كشتوكاڵیش ده‌سته‌وه‌ستانه.
له گوندی داڵداغانی سه‌ر به شاره‌دێی شه‌مامك، هۆگر سه‌ڵاح عه‌لی ئه‌مساڵ له زه‌وییه ١٣٠ دۆنمه‌كه‌ی پیازی چاندووه. به‌رهه‌می پیاز كه ساڵانه یه‌ك جاره، سه‌ره‌تای مانگی تشرینی یه‌كه‌م ده‌ست به چاندنی ده‌كرێت و له ناوه‌ڕاستی مانگی ئایار و سه‌ره‌تای حوزه‌یران پیازی به‌رهه‌مهاتوو كۆ ده‌كه‌نه‌وه.
سروشتی پیاز وایه كه هه‌ر له كێڵانه‌وه بۆ چاندن و بژار و ئاودان تا ده‌گاته هه‌ڵكه‌ندنی به‌رهه‌مه‌كه، ده‌بێت به‌رده‌وام پێی ڕابگه‌یت. ئه‌و كه به‌ته‌نیا ده‌ره‌قه‌تی نایه‌ت، جاروبار كرێكاری عه‌ره‌بی بۆ ده‌گرێت و ڕۆژانه‌ی هه‌ر یه‌كێكیان ٢٠ هه‌زار دیناره. له كاتی پێگه‌یشتنیش ڕۆژ هه‌یه ٣٠ كرێكار كاری كۆكردنه‌وه‌ی پیازه‌كه‌ی بۆ ده‌كه‌ن. به‌رهه‌می هه‌ر دۆنمێك ١٢ تۆنه و هۆگر سه‌ڵاح ساڵانه نزیكه‌ی ملیۆنێك و ٣٦٠ تۆن پیازی خۆماڵی پێشكه‌شی بازاڕ ده‌كات.
جووتیاران به‌رهه‌مه‌كانیان له عه‌لوه‌ی شاره‌كان ساغ ده‌كه‌نه‌وه و هۆگر چاوه‌ڕێی كڕیاره، به‌دیار چوار تۆن پیازه‌كه‌یه‌وه له سووچێكی عه‌لوه‌ی هه‌ولێر وه‌ستاوه. له به‌یانییه‌وه كه‌س لێی نه‌پرسیوه و به زیانیش بۆی ساغ نابێته‌وه. هۆگر بۆ هه‌ر كیلۆیه‌ك پیاز داوای ١٥٠ دینار ده‌كات، له كاتێكدا به‌پێی توێژینه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ، تێچووی هه‌ر كیلۆیه‌كی به‌رهه‌می كشتوكاڵی نزیكه‌ی ٢٠٠ دیناره. هۆگر سه‌ڵاح بۆ "وشه" ده‌ڵێ، "ئه‌مساڵ به‌هۆی ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می ئێرانی دێته كوردستان و له بازاڕه‌كانی سلێمانی و كه‌ركووك زۆره و به‌نایاسایی هاورده ده‌كرێ، بازاڕی ئێمه خراپ بووه و زیانێكی زۆر ده‌كه‌م".
ئه‌وان كه دوای لێكردنه‌وه پیازه‌كه ده‌خه‌نه كیسی نایلۆنه‌وه، ته‌نیا سێ ڕۆژیان له به‌رده‌مه بۆ ساغكردنه‌وه‌ی. خۆ ئه‌گه‌ر ڕۆژی یه‌كه‌م به‌رهه‌مه‌كه‌یان بۆ ساغ نه‌بێته‌وه، بۆ ڕۆژی دووه‌م ناچارن به‌هه‌ر نرخێك بێت بیكه‌ن به پاره. هۆگر كه دوو ڕۆژه به‌دیار پیازه‌كه‌یه‌وه دانیشتووه، ئه‌گه‌ر به‌یانی نه‌یفرۆشرێت، ئه‌وا گه‌رما ده‌یڕزێنێت و ده‌بێت ڕه‌نجی ماندووبوونی بخاته زبڵدانه‌وه. ئه‌وه‌ش به عه‌لوه‌كانی كوردستان نامۆ نییه. خۆی ده‌ڵێ "ئه‌گه‌ر ساڵێكی تر وه‌ك ئه‌مساڵ زیان بكه‌م، به یه‌كجاری واز له جووتیاری ده‌هێنم".
له عه‌لوه‌ی هه‌ولێر هاوشێوه‌ی هۆگر كه‌م نین، دڵدار سدیق جووتیارێكی تری پیازه و ده‌ڵێ، "ئه‌مساڵ هه‌موو به‌رهه‌مه‌كه‌مان زیانه و پیازه‌كه‌م به ١٠٠ دیناریش ده‌فرۆشم، كه‌چی كڕیار نییه".
نرخی پیازی سپی له سوور گرانتره و سه‌ره‌تای پێگه‌یشتنی به‌رهه‌می پیاز، تا ئاستێك نرخه‌كه‌ی بۆ جووتیاران باش بووه، پیازی سپی ٣٠٠ دینار و پیازی سوور ٢٥٠ دیناری كردووه، به‌ڵام ئێسته ئه‌گه‌ر ٢٠٠ دینار بكات، ئه‌وه جووتیاره‌كه ڕێوی به پیره‌وه چووه.
خاوه‌ن نووسینگه‌كانی كڕین و فرۆشتنی به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كانی عه‌لوه‌ی هه‌ولێر، ئاگاداری دۆخی خراپی ئه‌مساڵی جووتیارانن. وه‌ستا سلێمان كاتبی نووسینگه‌ی نه‌ورۆز كه به‌رهه‌مێكی زۆری پیازیان له‌سه‌ریه‌ك هه‌ڵچنیوه به"وشه" ده‌ڵێ "فرۆشی پیاز زۆر خراپه".
هه‌ر له‌و بازاڕه‌دا هادی شكور له نووسینگه‌ی ته‌قته‌ق باس له‌وه ده‌كات كه ئه‌مساڵ نرخی پیاز زۆر دابه‌زیوه و تا ئێسته هیچ جووتیارێك خێری نه‌كردووه. بۆ "وشه" گوتی، "پار كیلۆیه‌ك پیاز گه‌یشته ٧٥٠ دینار، كه‌چی ئێسته به ١٠٠ دینار نابێت به پاره".
جووتیاران گرفتی به بازاڕكردنیان هه‌یه و له‌كاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌مه‌كان، هه‌مووی به یه‌كجار ده‌هێنرێته بازاڕ و ئه‌و بڕه‌ش كه له خواست گه‌لێك زیاتره، نرخه‌كه‌ی دێنێته خواره‌وه. خۆ ئه‌گه‌ر ساردكه‌ره‌وه هه‌بێت و بۆ ماوه‌یه‌ك به‌رهه‌مه‌كانی تێدا هه‌ڵبگیرێت تا به‌پێی پێویستی بهێنرێته بازاڕ، ڕه‌نگه زیانه‌كانی جووتیار كه‌متر بێت.
ڕه‌جه‌ب حاجی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی عه‌لوه‌ی هه‌ولێر ده‌ڵێ، "تا بڵێی دۆخی جووتیاران خراپه و جیا له‌وه‌ی كه خێریان نه‌كردووه، هییچ كات وه‌ك ئه‌مساڵ زیانیان به‌رنه‌كه‌وتووه".
حاجی بۆ "وشه" باس له خه‌مخۆری وڵاتان ده‌كات بۆ به‌رهه‌می ناوخۆیییان و ئاماژه‌ی دا، "ئه‌مساڵ له توركیا نرخی پیاز زۆر گران بووه، بازرگانانی كوردستانیش هه‌وڵێكی زۆریان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی توركیا دا بۆ ئه‌وه‌ی ڕێیان بده‌ن پیاز له كوردستانه‌وه هه‌نارده‌ی ئه‌و وڵاته بكه‌ن، به‌ڵام توركیا له خه‌می به‌رهه‌می ناوخۆییدا ڕێی نه‌دا، له كاتێكدا ساڵانه به‌رهه‌مێكی زۆری توركی هاورده‌ی كوردستان ده‌كات".
كاتێك ئه‌وه دۆخی جووتیارانی كوردستان بێت، ناكرێ هیچ كات ته‌مای ئه‌وه‌ت لێی هه‌بێت به‌رهه‌می خۆماڵی خواستی ناوخۆی پڕ بكاته‌وه و له به‌رهه‌مه كشتوكاڵییه‌كاندا كوردستان له‌سه‌ر پێی خۆی بوه‌ستێت و حه‌وجێی وڵاتان نه‌بێت.
به‌پێی ئاماری وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ، له ساڵی ٢٠١٧ به‌رهه‌می پیازی سپیی ناوخۆ ٣٥ هه‌زار و ٢٠٧ تۆن بووه. له‌مساڵدا خواست كه ٨٨ هه‌زار و ٥٩٥ تۆن بووه، ٥٣ هه‌زار و ٣٨٨ تۆن پیاز له وڵاتانی دراوسێ هاورده كراوه. واتا ٦٠% ی پیازی بازاڕه‌كانی كوردستان هاورده‌یه و ٤٠%یشی خۆماڵین.
هه‌ر به‌پێی ئاماره‌كه‌ی وه‌زاره‌ت، له ساڵی ٢٠١٧دا بڕی پیازی سوور له ناوخۆ ١٢ هه‌زار و ٩٨٧ تۆنه، له كاتێكدا خواست ٤٢ هه‌زار و ٨٦ تۆن بووه، واته ٢٩ هه‌زار و ٩٩ تۆن هاورده كراوه. به‌و پێیه ته‌نیا ٣١%ی پیازی سوور خۆماڵییه و بۆ پڕكردنه‌وه‌ی خواست ٦٩% ی هاورده كراوه.
ئه‌وه له كاتێكدایه له ساڵی ٢٠١٦دا بڕی به‌رهه‌می ناوخۆی پیازی سپی ٤١ هه‌زار و ٨٦٠ تۆن بووه و پیازی سوور ١٤ هه‌زار و ٥٥٢ تۆن به‌رهه‌م هاتووه.
سه‌میر ئیسمایل به‌ڕێوه‌به‌ری باخداری له دیوانی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ ڕای ده‌گه‌یه‌نێ، بووژاندنه‌وه‌ی كه‌رتی كشتوكاڵ پێویستی به بودجه‌یه‌كی گه‌وره هه‌یه، به‌ڵام ته‌نگژه‌ی دارایی نه‌ك هه‌ر ده‌ستی به‌ستووین، زۆربه‌ی پڕۆژه‌كانی باخداریشی ڕاگرتووه. ئه‌و بۆ "وشه" نایشارێته‌وه كه "ئێسته هیچ یارمه‌تییه‌كی جووتیارانمان پێ نادرێت و ئه‌وه‌ی له ده‌سه‌ڵاتماندا بێت، دانانی باجه له‌سه‌ر به‌رهه‌می هاورده".
وه‌ك پاڵپشتی به‌رهه‌می خۆماڵی، ساڵانه وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ له كاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌مه‌كانی ناوخۆ، گومرگ له‌سه‌ر هاورده داده‌نێت، كه به‌پێی لیستی دانانی باجی گومری له كاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌می خۆماڵی بۆ ساڵی ٢٠١٨ی وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ و سه‌رچاوه‌كانی ئاو، به‌رهه‌می سه‌وزه و میوه كه له نیوه‌ی مانگی نیسان تا نیوه‌ی مانگی كانوونی یه‌كه‌م (به‌پێی كاتی پێگه‌یشتنی به‌رهه‌م)، بۆ هه‌ر كیلۆیه‌ك هاورده له ٢٥٠ دیناره‌وه تا ٣٠٠ دینار له سنووره‌كان گومرگ وه‌رده‌گرێت. بۆ ئه‌وه‌ی به‌رهه‌می هاورده له بازاڕه‌كانی كوردستان نه‌توانن ڕكابه‌ری به‌رهه‌می خۆماڵی بكه‌ن و جووتیاران مایه‌پووچ بكه‌ن.
به‌ڵام دادی جووتیاران نادات، كاتێك به‌غدا نیوه‌ی گومرگی هه‌رێم وه‌رده‌گرێت، بازرگانان له‌وێوه به‌رهه‌مه‌كان هاورده‌ی كوردستان ده‌كه‌ن.
به‌پێی زانیارییه‌كانی "وشه" كه پێشتر له ڕاپۆرتێكی به‌دواداچووندا ئاشكرای كردبوو، جیا له مه‌رزه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی سنووری پارێزگای سلێمانی كه جاروبار به قاچاخ به‌رهه‌مه‌كانی ئێرانی لێیانه‌وه هاورده ده‌كرێن، له خاڵه سنوورییه لاوه‌كییه‌كانیش بازرگانان به ڕێككه‌وتن و به‌ناوی خوارووی عێراقه‌وه، به بڕێكی ڕه‌مزی به‌رهه‌می ئێرانی دێننه كوردستان و له بازاڕه‌كاندا ساغی ده‌كه‌نه‌وه.
جیا له‌وانه‌یش، له‌ولای مه‌رزی نێوده‌ڵه‌تی په‌روێزخانه‌وه مه‌رزی مونزریه هه‌یه. ئه‌و مه‌رزه سه‌ربه حكوومه‌تی عێراقه و به‌پێی بڕیاری ناوه‌ند باج و گومرگ وه‌رده‌گرن كه بۆ هه‌ر كیلۆ به‌رهه‌مێك ته‌نیا ٩٠ دینار ده‌ستێنن. ئه‌و سنووره‌ش كه ڕاسته‌ڕێ دێته‌وه خانه‌قین، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌سێك هه‌بێت له خه‌می پاراستنی به‌رهه‌می ناوخۆ ڕێگریی لێ بكات، له‌وێوه به‌رهه‌مه‌كان ئازادانه بۆ سلێمانی و بازاڕه‌كانی تری ئه‌و سنووره ده‌هێنرێن.
وشه/ هه‌ولێر. چواس خالید