سلێمانی..گەنجێك خۆی كوشت

:: AM:10:15:12/09/2018 ‌
لە شارۆكەیەكی سەر بە پارێزگای سلێمانی تەرمی گەنجێك دۆزرایەوە، تەرمەكە شوێنەواری فیشەكی جۆری تاپڕی پێوەیە و پۆلیسی ئاشكرای دەكات، كە گەنجەكە خۆی كوشتووە.

ئەمڕۆ چوارشەم 12ـی ئەیلوول، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای كردووە، بەیانی ئەمڕۆ 12-9-2018 ، لە گوندی كانی پانكەی سەر بە شارۆكەی سەیدسادق گەنجێكی تەمەن 24 ساڵ بە فیشەكی تاپڕ گیانی لە دەست دا .

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی داوە، دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمەكانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان، هێڵكاری بۆ شوێنی ڕووداوەكە كرا و تەرمی (ڕ ، س ، ح) لەدایكبووی 1994، ڕەوانەی پزیشكی دادوەری لە شاری سلێمانی كرا.

لەبارەی هۆكاری كوژرانی ئەو گەنجە پۆلیس ئاشكرای كردووە، بە پێی زانیارییە سەرەتایییەكانی پۆلیس، پێ دەچێت گەنجەكە كۆتایی بەژیانی خۆی هێنابێت ، ئێستە لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەیدسادقەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە.

خۆكوشتن و كوشتن لە هەرێمی كوردستان لە ساڵی 2018 بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، ئەمەش وایكرد لە ڕابردوودا بەرپرسانی هەرێمی كوردستان هەڵمەتێكی بەرفراوان ئەنجام بدەن بۆ گرتنی چەك لە دەستی هاووڵاتییان.



وشە - رامیار جەواد