میسی داوای یاریزانێكی لە یانەی بەرشەلۆنە كردووە

:: AM:11:08:12/09/2018 ‌

لیۆنێل میسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی و یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی داوای لە بەرپرسانی یانەكەی كردووە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا گرێبەست لەگەڵ یاریزانێكی نوێ بكەن.

رۆژنامەی (دەیلی ئێكسپرێس)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: میسی داوای لە بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە كردووە لەسەرتای ساڵی نوێ و لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان هەوڵی گرێبەستكردن لەگەڵ پۆڵ پۆگبای ئەستێرەی فڕەنسی و یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی بدەن.

یانەی بەرشەلۆنە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی رابردوو چەند دەستەوارەیەكی پێشكەش بە پۆگبا كردبوو، بەڵام یانەی مانچستەر یونایتد رەتی كردبووەوە دەستبەرداری بێت.

بەگوێرەی سەرچاوەكە ئەوەی كێشەیە لەبەردەم یانەی بەرشەلۆنە بۆ تەواوكردنی گرێبەستی پۆگبا لە زستانی داهاتوو یاسای خاوێنی یاریكردنی یەكەتیی تۆپی پێی ئەوروپا (یوفا)یە.

رۆژنامەكە جەختیشی كردەوە كە یانەی بەرشەلۆنە پلانی داڕشتووە لە زستان بەشێوەی خواستن گرێبەست لەگەڵ پۆگبا بكات و بۆ ماوەی گواستنەوەی هاوینەی داهاتووش بەفەرمی گرێبەستكردنی لەگەڵ رابگەیەنێ.

جێی باسە ئەستێرەكەی پێشووی یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی گرێبەستەكەی لەگەڵ یانەی مانچستەر یونایتد تا هاوینی 2021 درێژەی هەیە، بەڵام لە ماوەی رابردوودا كێشەی لەگەڵ جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پورتوگالی هەبوو و هەر ئەمەش وای كردبوو بیر لە جێهێشتنی یانەكە بكاتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م