پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەك پارێزگای هەڵەبجەی هەژاند و بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان لە ڕوونكردنەوەیەك زانیاری لەبارەی بوومەلەرزەكە بڵاو كردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم 12ـی ئەیلوول، لە ڕوونكردنەوەیەكی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان هاتووە، لە سەعات نۆ و 56 خولەكی ئەمڕۆ بوومەلەرزەیەك بە گوڕی 3.3 پلە بە پێوەری ڕێختەر لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە تۆمار كراوە
لە بەشێكی ڕوونكردنەوەكەی دەزگەی كەشناسی ئاشكرا كراوە، بوومەلەرزەكە بە قووڵایی هەشت كیلۆمەتر و لە دووری پێنج كیلۆمەتر لە سەنتەری شاری هەڵەبجە و 72 كیلۆمەتر لە سەنتەری پارێزگای سلێمانی تۆمار كراوە.
لەبارەی زیانەكانی بوومەلەرزەكە هیچ ڕوونكردنەوەیەك لە دەزگەی كەشناسی هەرێمی كوردستان نەدراوە.
ساڵی ڕابردوو بوومەلەرزەیەكی بەهێز هەرێمی كوردستانی گرتەوە، لە سنووری شارۆكەی دەربەندیخان چەند هاووڵاتییەك گیانیان لە دەست دا و چەندان كەس بەوهۆیەوە دووچاری زیانی مادی زۆر بوون و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاری قەرەبووكردنەوەی ئەو هاووڵاتییانەی دەركرد.
هەرێمی كوردستان بەپێی نەخشەی سەنتەری بوومەلەرزەزانی دنیا ناكەوێتە سەر هیچ هێڵێكی بوومەلەرزە، بەڵام ساڵانە بەهۆی ئەو بوومەلەرزانەی لە ئێران ڕوو دەدەن كاریگەری لەسەر هەرێمی كوردستان دەبێت.