لەبارەی دەنگۆی چوونی بۆ یانەی مانچستەر یونایتد چی گوتووە؟

:: AM:11:31:12/09/2018 ‌

خامیس رۆدریگیزی ئەستێرەی كۆڵۆمبی و یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی هەڵوێستی خۆی لەبارەی دەنگۆكانی چوونی بۆ ریزی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی ئاشكرا كردووە.

رۆدریگیز /27 ساڵ/ لە هاوینی 2017 بەشێوەی خواستن بۆ ماوەی 2 وەرزی ریزی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی جێهێشت و پەیوەندی بە یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانییەوە كرد.

لەچەند رۆژی رابردوودا دەنگۆیەك بڵاوببووەوە كە گوایە زێنەدین زێدانی راهێنەری فڕەنسی لە ئەگەری وەرگرتنی ئەركی راهێنەرایەتی یانەی مانچستەر یونایتد دوای دەركردنی جۆزێ مۆرینۆی راهێنەری پورتوگالی، هەوڵ دەدات رۆدریگیز بباتە نێو یاریگەی ئۆڵد ترافۆردەوە.

ماڵپەڕی (دۆن باڵۆن)ی ئیسپانی ئاشكرای كرد: رۆدریگیز نایەوێ جاریكی تر لە ریزی یانەیەك یاری بكات زێدان راهێنەری بێت.

ئەستێرەكەی كۆڵۆمبیا لەسەردەستی زێدان لە یانەی ریال مەدرید تووشی چەندان كێشەی گەورە ببووەوە بەهۆی پشتگوێخستنی لە یارییەكاندا و هەر ئەمە وای كرد دواجار ریزی یانەی شاهانە جێبێڵێ.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كە رۆدریگیز پێی باشە روو لە هەر یانەیەكی تر یان جارێكی تر بگەڕێتەوە ریزی یانەی ریال مەدرید، بەڵام بەهیچ شێوەیەك رازی نییە دووبارە لەگەڵ زێدان یاری بكاتەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م