ریال مەدرید بەنیازە خەونێكی بەرشەلۆنە لەگۆڕ بنێ

:: PM:12:26:12/09/2018 ‌

یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی هەوڵی لەگۆڕنانی خەونێكی یانە ركابەرەكەی بەرشەلۆنە دەدات ئەویش گرێبەستكردنە لەگەڵ فڕەنكی دی یۆنگی ئەستێرەی لاوی هێڵی ناوەڕاستی یانەی ئەیاكس ئەمستەردامی هۆڵەندی.

رۆژنامەی (مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ)ی كەتەلۆنی ئاشكرای كرد: یانەی ریال مەدرید هاتۆتە نێو ركابەرییەكان بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ دی یۆنگ كە ماوەیەكی زۆرە یانەی بەرشەلۆنە هەوڵی بۆ دەدات.

ئەمە جگە لە یانەی بەرشەلۆنە و ریال مەدرید، ماوەیەكە یانەی مانچستەر سیتی ئینگلیزیش هەوڵەكانی خۆی چڕ كردۆتەوە بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئەم بەهرەمەندە هۆڵەندەییە.

بەرپرسانی یانەی بەرشەلۆنە بڕیاریانداوە لە ماوەی گواستنەوەی زستانەی داهاتوودا هەموو هەوڵێكی خۆیان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی گرێبەستی دی یۆنگ بەدەست بێنن.

سەرچاوەكە جەختیشی كردەوە كە یانەی ئەیاكس تا ئێستا بەهەموو شێوەیەك فرۆشتنی دی یۆنگ رەت دەكاتەوە، بەڵام ئەگەر ناچاریش بێت بە كەمتر لە 50 ملیۆن پاوەن نایفرۆشێ.

دی یۆنگ وەرزی رابردوو بەشداری لە 26 یاریی تیپی یەكەمی یانەی ئەیاكس كرد و ئاستێكی ناوازەشی پێكەش كرد لەگەڵ تۆماركردنی گۆڵێك و دروستكردنی 9 گۆڵی تر بۆ هاوڕێكانی.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م