بانكێكی ئەوروپی لە هەولێر دەكرێتەوە

:: PM:12:26:12/09/2018 ‌
بڕیارە لقی بانكێكی ئەوروپی لە شاری هەولێر بكرێتەوە بەمەبەستی پێشخستنی كاروباری بازرگانیی نێوان هەولێر و ئەوروپا.

ئەمڕۆ چوارشەم 12ـی ئەیلوول، لە هەواڵێكی لاپەڕەی ژووری بازرگانیی هەولێر هاتووە، ماوەی چەند ڕۆژێكە شاندێكی ژووری بازرگانیی هەولێر لە وڵاتانی ئەوروپان، لە درێژەی سەردانەكەیان بۆ بولگاریا، شاندی هەولێر سەردانی یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانیی بولگاریایان كرد.

لە هەواڵەكەدا ئاشكرا كراوە، شاندەكە لە لایەن تستیڤان سیمانۆڤ سەرۆكی یەكێتییەكە و یانجۆ یانیڤ سەرۆكی ژووری بازرگانی خاسكۆڤۆ پێشوازییان لێ كرا. لەو دیدارەدا باس لە پتەوكردنی زیاتری پێوەندییەكانی نێوان ژوورە بازرگانییەكانی هەرێمی كوردستان و بولگاریا كرا، هەروەها باس لە پتەوكردنی زیاتری ئاڵوگۆڕە بازرگانییەكان و بەشداریكردن لە پێشانگا نێودەوڵەتییەكانی هەردوولا كرا.

ئاماژە دراوە، لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیار درا بە كردنەوەی لقێكی بانكی ئەوروپی لە شاری هەولێر.

هەرێمی كوردستان بەهۆی باشبوونی دۆخی ئابووریی ئێستە، جموجووڵە بازرگانییەكان و هاتنی كۆمپانیا بیانییەكان تێیدا زیادی كردووە و ئابوورییەكەی بەرەو هەڵسانەوە دەچێت بە بەراورد بە دوو ساڵی ڕابردوو.




وشە - رامیار جەواد