كۆمپانیای گەلف كیستۆن پترۆلیۆم ئاشكرای كرد، تا ناوەڕاستی ساڵی داهاتوو، بەرهەمی نەوتی كێڵگەی نەوتی شێخان لە 30 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەوە بۆ 55 هەزار بەرمیل بەرز دەكاتەوە.
گەلف كیستۆن لەگەڵ كۆمپانیای MOLی هەنگاری بە هاوبەشی لە كێڵگەی نەوتی شێخان كار دەكەن و بە بڕی 200 تا 230 ملیۆن وەبەرهێنانیان لە كێڵگەی نەوتی شێخان كردووە كە پشكی گەلف كیستۆن 160 ملیۆن دۆلارە، بەگوێرەی بەرنامە و پلانی هاوبەشی هەردوو كۆمپانیاكە، ئەوان لە ناوەڕاستی 2019 بڕی بەرهەمهێنان لە كێڵگەی نەوتی شێخان دەگەیەننە 55 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا، دوای ئەوەی پلانیان هەیە ئەو ڕێژەیە بۆ 75 هەزار بەرمیل تا 110 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا بەرز بكەنەوە.
گەلف كیستۆن و ئێم ئۆ ئێڵی هەنگاری پلانی پەرەپێدانی كێڵگەی نەوتی شێخانیان بە وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان داوە و ڕەزامەندی لەسەر داوە، تا ناوەڕاستی 2019 بڕی بەرهەم بگەیەنرێتە 55 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێكدا.
ئێستە ڕۆژانە لە نێوان 27 تا 32 هەزار بەرمیل نەوت لە كێڵگەی نەوتی شێخان دەردەهێنرێت و هەناردەی دەرەوە دەكرێ، بەڵام وەبەرهێنان لە كێڵگەكە بەردەوامی هەیە و پێشبینی دەكرێ بڕی بەرهەمی لە دوو ساڵی داهاتوو زۆر زیاتر ببێ.