بڕیاره له داهاتوویه‌كی نزیكدا له هه‌ولێر كه‌رنه‌ڤاڵی رۆژی ئاشتی ساز بكرێت و خاتوونه گۆرانیبێژى ناسراوى كورد هانى به هه‌مان مه‌به‌ست ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ كوردستان و گۆرانی له‌و كه‌رنه‌ڤاڵه‌دا ده‌چڕێ. ئه‌و پڕۆژه‌یه جیهانییه و بریتییه له سازكردنى كه‌رنه‌ڤاڵێك به به‌شداریى وڵاتانى دنیا كه چالاكى جۆراوجۆرى ناوخۆیی و جیهانیى تێدا پێشكه‌ش ده‌كرێت.
هه‌ستیار شێخانى به‌ڕێوه‌به‌رى ئه‌و پڕۆژه‌یه، له دیمانه‌یه‌كی كورتدا به"وشه"ى راگه‌یاند: ئاماده‌كاریمان كردووه بۆ سازكردنى كه‌رنه‌ڤاڵێك له‌ژێر ناوى "كه‌رنه‌ڤاڵى ڕۆژى ئاشتى"، تێیدا كوردستان له‌سه‌ر ئاستى جیهانى و شانبه‌شانى وڵاتانى دنیا به‌شدارى ده‌كات له ئاهه‌نگى ڕۆژى ئاشتى له ڕێى كه‌رنه‌ڤاڵى مێسپۆوه، ئه‌وه‌ش ده‌بێته زه‌وینه‌یه‌ك بۆ ئاهه‌نگى موزیكى و كولتوورى و هونه‌ریى ئاشتى، له هه‌رێمى كوردستاندا.
ئه‌و كه‌رنه‌ڤاڵه كه‌ى ده‌ست پێ ده‌كات و له چ شارێك چالاكییه‌كانى نمایش ده‌كرێ؟
كه‌رنه‌ڤاڵى ڕۆژى ئاشتى له 18ی ئه‌م مانگه ئهیلوول/سێپتێمبه‌ر ده‌ست پێ ده‌كات له هه‌ولێر و له 21ی هه‌مان مانگ له سلێمانى و ڕۆژانى تر‌ى هه‌فته له دهۆك و كه‌ركووك و هه‌ڵه‌بجه ساز ده‌كرێت.
ڕێژه‌ى به‌شداریى میوان چه‌نده و چه‌ند بینه‌رى ده‌بێ؟
به‌هه‌زاران میوان ئاماده‌ى ده‌بن و به ملیۆنان كه‌س له ته‌واوى دنیا بینه‌رى ئه‌و چالاكییه ده‌بن له‌ڕێى میدیا و سۆشیال میدیاوه، مێسپۆ چه‌ند هاوبهشییهكى گرنگى پێكهێناوه له‌گه‌ڵ ڕێكخراوه‌كانى PeaceOne Day و زیاتر له 70 ڕێكخراوى تر كه له ڕێى میدیاوه پشتگیریى یه‌كتر ده‌كه‌ن.
هونه‌رمه‌نده به‌شداره‌كانى كێن؟
چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكى به‌ناوبانگى كورد و وڵاتانى ده‌وروبه‌ر به‌شدارى تێدا ده‌كه‌ن، خاتوونه گۆرانیبێژى ده‌نگخۆش هانى یه‌كێكه له به‌شداران كه به‌ده‌نگه خۆشه‌كه‌ى گۆرانى بۆ ئاشتى ده‌ڵێ.
ماوه‌ى چه‌نده سه‌رقاڵى ئاماده‌كارییه‌كانن؟
زیاتر له 800 گه‌نجى كوردستان به‌هه‌موو نه‌ته‌وه و ئاینه‌كانه‌وه بۆ ماوه‌ى چوار مانگه كار له‌سه‌ر ڕێكخستنى ئه‌و كه‌رنه‌ڤاڵه ده‌كه‌ین، چه‌ندان بابه‌تى هونه‌ریى نمایش ده‌كرێن و تا ئێسته هیچ پڕۆژه‌یه‌كى هاوشێوه له كوردستاندا نه‌كراوه، فێستیڤاڵه‌كه به‌شى خواردنه كولتوورییه‌كان له‌خۆ ده‌گرێت، كونسوڵگهكانى هه‌ولێر شوێنى تایبه‌تیان ده‌بێت بۆ نمایشكردنى كولتوورى وڵاتى خۆیان، نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و ئاژانسه‌كان بانگهێشت ده‌كرێن و به‌شدارى تێدا ده‌كه‌ن، چه‌ندان بابه‌تى تر‌ى پێشبینى نه‌كراو بۆ ئه‌و چالاكییه ئاماده ده‌كرێن.
چالاكییه‌كانى ئه‌و كه‌رنه‌ڤاڵه چین؟
چالاكییه‌كانى ئه‌و كه‌رنه‌ڤاڵه بریتین له نواندنى ده‌ف به‌كۆمه‌ڵ بۆ 20 ده‌فژه‌ن، چه‌ند نواندنێكى هونه‌رى و موزیكیى جۆراوجۆر كه دیارترینیان گرووپی موزیكى نێوده‌وڵه‌تییه، پێكهاتووه له چه‌ند ژه‌نیارێك كه له وڵاتانى خۆیاندا بهناوبانگترینهكانن وه‌ك هیندستان، ئێران، توركیا، ئه‌ڵمانیا، هۆڵه‌ندا و كوردستان، جگه له‌مانه چه‌ندان گه‌نجى به‌هره‌مه‌ند چالاكى هونه‌ریى جۆراوجۆر پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، پێشانگه‌ى شێوه‌كاری و كارى ده‌ستى و كه‌ره‌سته‌ى نه‌ریتى و ڕاهێنانه كولتوورییه‌كان و ئاماده‌كردنى خواردنى نه‌ریتى، نمایشى جلوبه‌رگى نه‌ریتى و نمایشى كولتوورى وڵاتان له‌لایه‌ن كونسوڵگه و ده‌زگه دیپلۆماسییه‌كانى كوردستان و چه‌ندان چالاكى تر‌ى پێشبینى نه‌كراوى جۆراوجۆر نمایش ده‌كرێن تێیدا.
وشه/ شاخه‌وان شێخانى