كتێبێك له‌سه‌ر ڕیفراندۆم چاپ كرا


دوای تێپه‌ڕبوونی ساڵێك به‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، كوردۆ شابان كتێبێكی له‌سه‌ر نووسیوه‌ و بڕیاره‌ له‌ ساڵوه‌گه‌ڕی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمدا بڵاوی بكاته‌وه‌.


كوردۆ شابان نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس، كتێبێكی به‌ ناونیشانی "ڕیفراندۆم.. سه‌ركه‌وتنی ئیراده‌ و پارێزه‌ری داهاتووی گه‌لێك" به‌ چاپ گه‌یاندووه‌ كه‌ ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی بریتییه‌ له‌ به‌رهه‌می كۆكراوه‌ی ساڵێك وتار، ڕاپۆرت، دیدار و بۆچوونی نووسه‌ر له‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگی پێش ده‌ستپێكردن و شه‌ش مانگی دوای ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆم.

له‌باره‌ی كتێبه‌كه‌یه‌وه‌ كوردۆ شابان به‌ "وشه‌"ی گوت: "له‌ ساڵی پاره‌وه‌ بیرۆكه‌ی چاپكردنی كتێبه‌كه‌م له‌ مێشكدا دروست بووه‌، ده‌مه‌وێت له‌ ڕێی ئه‌م كتێبه‌وه‌ هه‌ستی نیشتمانپه‌روه‌ری لای تاكی كورد به‌ره‌وپێش ببه‌م، چونكه‌ ڕیفراندۆم بووه‌ته‌ موڵكی ئاینده‌ی كوردستان".

زیاتر گوتی: "به‌شێك له‌ بابه‌ته‌كانی ناو كتێبه‌كه‌م له‌ ڕۆژنامه‌ و گۆڤاره‌كانی كوردستان بڵاو كردوونه‌ته‌وه‌، هه‌روه‌ها زۆرینه‌ی ناوه‌ڕۆكه‌كه‌ی، پێشتر له‌ هه‌فته‌نامه‌ و ماڵپه‌ڕی "وشه‌" بڵاو بوونه‌ته‌وه‌، بۆیه‌ ئه‌م به‌رهه‌مه‌، به‌شێكی بۆ ئه‌و ده‌زگه‌ خۆشه‌ویسته‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌, به‌شێكی تریشیان له‌ هیچ جێیه‌ك بڵاو نه‌كراونه‌ته‌وه‌ و بۆ یه‌كه‌م جار له‌ كتێبه‌كه‌مدا ده‌بینرێن".

شایانی باسه‌ ده‌سته‌ی ڕێكخراوی جه‌ماوه‌رییه‌كانی سه‌ر به‌ پارتی دیموكراتی كوردستان، ئه‌ركی چاپكردنی كتێبه‌كه‌یان گرتووه‌ته‌ ئه‌ستۆ و له‌ ساڵوه‌گه‌ڕی ئه‌نجامدانی ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی كوردستاندا بڵاوی ده‌كه‌نه‌وه‌.

ئه‌و نووسه‌ره‌ پێی وایه‌، ڕیفراندۆم گه‌یشتووه‌ به‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی خۆی كه‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان بوو، له‌مباره‌یه‌شه‌وه‌ گوتی: "زۆربه‌ی وڵاتانی دنیا ڕیفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیییان ئه‌نجام داوه‌، به‌ڵام دوای چه‌ند ساڵێك سه‌ربه‌خۆیی خۆیان ڕاگه‌یاندووه‌، ئاڵۆزییه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیش باشترین به‌ڵگه‌ن بۆ سه‌لماندنی ئه‌وه‌ی كه‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان نزیكه‌، چونكه‌ ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌كان دوای ڕیفراندۆم به‌و ڕه‌نگه‌ی سه‌ره‌تایانه‌وه‌ نامێنن، به‌ بۆچوونی منیش دوای 10 ساڵی تر، كوردستان ده‌بێته‌ یه‌كێك له‌ ده‌وڵه‌ته‌ زلهێزه‌كانی دنیا، توركیا و ئێرانیش ڕكابه‌ری ده‌كه‌ن".


وشە - ڕێناس شابان


PM:04:13:12/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 238 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌