ئێران رێكخراوێكی نوێی قاعیدە دروست دەكا

:: PM:05:46:12/09/2018 ‌


ئەو زانیارییانەی سەنتەری "نیو ئەمەریكا"لە واشنتن لەبارەی بوونی پێوەندیی هاریكاری لە نێوان ئێران و رێكخراوی قاعیدە لە ماوەی ساڵانێكی دوورودرێژ بڵاوی كردەوە، شتێكی نوێ نەبوو، چونكە بوونی ئەو پێوەندییە لە رێگەی داننانی ئەبی محەمەد عەدنانی، گوتەبێژی پێشووی رێكخراوی داعش لە 2014 لە پەیامێكی دەنگی ئاراستەكراو بۆ ئەیمەن زەواهیری، سەركردەی رێكخراوی قاعیدە بە ناونیشانی "ببورە ئەمیری قاعیدە" سەلمێنرا.

عەدنانی لە پەیامەكەی گوتی، ئەمیرەكانی قاعیدە دەستی لقی رێكخراوەكەیان لە عێراق لە وەشاندنی گورز بۆ ئێران و بەرژەوەندییەكانی گرتووە، ئەوەیش بەهۆی بەرژەوەندییەكانی رێكخراوەكە لەگەڵ ئێران و بە پێی فەرمانی قاعیدە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و هێڵەكانی پاڵپشتی لە ئێرانەوە، بۆیە ئەمیرەكانی رێكخراوەكە لە عێراق بەپێی ئەو فەرمانە و بۆ پارستنی یەكریزی و یەك گوتاری لەو بارەوە پێوەی پابەند بوون، بۆیە عەدنانی وای دەبینی كە قاعیدە قەرزێكی گەورەی بەسەر ئێرانەوە هەیە.

بەو شێوەیە گوتەبێژ بەناوی داعش كە بەدەستی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش كوژرا، گورزێكی گەورەی لە قاعیدە وەشاند كە ساڵانێكە هەوڵی شاردنەوەی ئەو پێوەندییەی لەگەڵ ئێران دەدا و خۆڵی بەسەردا دەكرد. 

توێژینەوەكە پشتی بە 300 بەڵگەنامەی نهێنی بەستووە كە دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریكا (سی ئای ئەی) لە دوای هێرشكردن بۆ سەر ئەو كۆمەڵگایە دەستی كەوت كە ئوسامە بن لادن سەركردەی رێكخراوی قاعیدە لە ئەبووت ئاباد لە پاكستان لە 2011 دەستی كەوت و لێكدانەوەیەكی پوختی لەبارەی پێوەندییەكانی قاعیدە و تاران نەدا و تەنیا باسی ئەوەیان كرد كە بەهۆی جیاوازی و ناكۆكی ئایدۆلۆجی و نەبوونی متمانە لە نێوانیان هاریكاری نێوانیان لەسەر بنەمایەكی ستراتیجی نەبووە، بەڵكو پێوەندییەكانیان بەهۆی بەرژەوەندی هاوبەش بووە كە لەهەر قۆناغێكدا وای پێویست كردووە.

پێكهاتەی سەلەفی جیهادی لە ناو رێكخراوی قاعیدە كە زۆرینەی ئەندامانی لە نیوچە دوورگەی عەرەبییەوە هاتبوون، لە ناو رێكخراوی قاعیدە تەنیا نەبوون، راستە ئەوان نەیاندەتوانی پێوەندی نێوان سەرانی رێكخراوەكە رژێمی مەلاكانی ئێران قبووڵ بكەن، بەڵام پێكهاتەیەكی تری دەسترۆیشتوو لە ناو قاعیدە هەبوو كە لە میسڕەوە هاتبوون، ئەوان توانای تێپەڕاندنی بوونی ئەو پێوەندییەیان هەبوو كە بریتی بوون لە "رێكخراوی جیهاد".

بۆیە لە ناو قاعیدە زەواهیری و میسڕییەكان تایبەتمەندی خۆیان هەبوو بەو پێیەی رۆڵەی خاكی جیهادی میسڕین كە لە حەفتاكانی سەتەی رابردوو دروست بووبوو و وا سەیری شیعەیان نەكردووە وەك دوژمنێكی نزیك، هەروەها ئەو رێكخراوانە بیرۆكەی خۆیان لە سەید قوتب وەرگرتبوو كە دوور لە رەوتی سەلەفیەت دەفڕی كە شیعە بە دوژمنێكی سەرەكی خۆیان دەزانن.   

بۆیە هەردوو گرووپی "جیهاد" و "كۆمەڵی ئیسلامی" سەرسامی خۆیان بە شۆرشی خومەینی لە 1979 پێشان دا وەك شۆرشێكی ئیسلامی بەشدار لەگەڵیان لە دوژمنایەتیكردنی ئەنوەر ساداتی سەرۆكی ئەوكاتی میسر كە سوور بوو لەسەر پێشوازیكردن لە شای ئێران، ئەو كارەیش كاریگەری هەبوو لەسەر رێزگرتنی رژێمی نوێی ئێران لە خالد ئیسلامبولی، بكوژی سادات و ناونانی شەقامێكی تاران بەناوییەوە.

زەواهیری كە سەركردەی نوێی قاعیدەیە، لە 1994 لێدوانێكی هەیە لەبارەی رێنوێنی و پاڵپشتیكردنی ئێران بۆیانەوە و لایەنگری بزاوە جیهادییەكانی میسڕ بۆ شیعە و دەڵێ، تەنیا درۆ و بوختان هەڵبەستنە و هەڵوێستمان روون لە بەرانبەر ئێران. بەڵام وا رۆژگار رۆیشت و سووڕا و دەركەوت كە قاعیدە پێوەندی بە ئێرانەوە هەیە كە دوای ئاشكراكردنی لەلایەن گوتەبێژی داعشەوە، زەواهیری نەیتوانی رەتی بكاتەوە. 

ئەو رێككەوتننە ژێربەژێرییەی نێوان قاعیدە و ئێران باس لەوە دەكا كە ئێران ببێتە وێستگەیەكی تێپەڕبوونی شەڕوانانی قاعیدە بەرەو ئەفغانستان، لە بەرانبەر زیان نەگەیاندنی قاعیدە بە بەرژەوەندییەكانی ئێران، چونكە رژێمی ئێران بڕێكی زۆر زانیاری لەبارەی رێكخراوەكە و سەران و ئەندامانی لا هەبوو كە رەنگە سازشیان لە بەرانبەر هەر دەستكەوتێك لەگەڵ ئەمەریكا كردبایە، بەوشێوەیە قاعیدە بووە دیلی رژێمی ئێران كە لە داننانی سەركردە گیراوەكانی لای تاران دەستی كەوتبوو، بۆیە سەیر نییە كە راپۆرتێكی شارەزایانی نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژە دەكا كە سەرانی قاعیدە لەناو ئێران زیاتر دەسترۆیشتوون و تاران و ئەیمەن زەواهیری دەست لە رووداوەكانی سووریا وەردەدەن بەتایبەتی لە ئیدلب.

تا ئەو كاتەی ئێران كارتی یارییەكەی لەگەڵ رێكخراوی قاعیدەی بەدەستەوە بێ، توانای سەپاندنی مەرجەكانی خۆی بەسەر گۆڕەپانی سووریا هەیە، چونكە باڵی سووریای قاعیدە لایەنی سەرەكیی چەكداری دژ بە رژێمی سووریا پێك دێنێ كە هاوكات رژێمەكەیش هاوپەیمانی ئێرانە. 

پێوەندییەكانی قاعیدە تەنیا لەگەڵ ئێران نییە، بەڵكو لەگەڵ حزبوڵای لبنانیشە كە باڵی سەرەكیی سەربازی ئێرانە لە لبنان و سووریا كە پێویستە دوژمنی قاعیدە بێ، كەچی راستییەكەی ئەوان ماویەكی دوورودرێژە پێوەندییان هەیە، راپۆرتێكی ئەمەریكایی دەڵێ، پێوەندی نێوان ئێران و قاعیدە لە ساڵانی نەوەتی سەتەی رابردوو بەهێز بوو كاتێك عیماد موغنییە سەركردەیەكی حزبوڵای لبنانی، چاوی ئە ئوسامە بن لادن كەوت بە مەبەستی ئالوگۆڕكردنی شارەزایی لە نێوانیان، هەروەها بن لادن لە پەیامێكی نووسیویەتی، ئێران رێڕەوی سەرەكیی ئێمەیە بۆ تێپەڕاندنی پارە و كەس و پەیامەكانمان.

بۆیە بە كۆنترۆڵكردنی رێكخراوی قاعیدە، ئێران سامانێكی گەورەی بەدەستەوەیە و ئەوەیش بوو وای كرد كە ترسی لە پەلهاوێشتنی رێكخراوی داعشەوە هەبێ و وا بكا كە بیر لە دووبارە زیندووكردنەوەی رێكخراوی قاعیدە لە ناو منداڵدانی داعش دوای لاوازبوونی بكاتەوە. 

وەك رۆژنامەی "شەرقولئەوسەت" بڵاوی كردەوە كە لە سەرەتای ئەمساڵ رۆژنامەیەكی بەریتانیایی راپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە و باسی ئەوە دەكا كە ئێران پلان بۆ زیندووكردنەوەی رێكخراوی قاعیدە لە منداڵدانی رێكخراوی داعش دادەنێ، ئەوەیش لە رێگەی هاوئاهەنگی لە نێوان تاران و فەرماندە سەربازییەكانی قاعیدە كە بۆ رێكخستنەوەی پاشماوەی چەكدارانی داعش و دامەزراندنی رێكخراوی نوێی قاعیدە بە هاوشێوەی فەیلەقی قودس و حزبوڵای لبنانییەوە، بەرەو دیمەشق چوونە.  




 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل