ئێران ئاوی زێی بچووكی گرتووەتەوە

:: PM:05:51:12/09/2018 ‌
ئێران بە تەواوی ئاوی زێی بچووكی گرتەوە و بەو هۆیەوە زیاتر لە 85 هەزار هاووڵاتیی بێ ئاو دەبن و لەگەڵ ئەوەیشدا سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی چەندان شوێنی وەك كۆیە و دۆكان و سلێمانی دەبڕێت سەرەڕای زیانی گەورەی ژینگەیی و كشتوكاڵی.

ئەمڕۆ چوارشەم 12ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، بەكر بایز قایمقامی شارۆكەی قەڵادزێ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئاوی زێی بچووك بە تەواوی لەلایەن ئێرانەوە گیراوەتەوە و لە لایەن بەنداوی دۆكانەوە تیمێك پێكهاتووە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا بڕی ئەو ئاوە ئاشكرا بكرێت كە گیراوەتەوە، هاوكات ئێستە لە دوو سەرچاوەی ترەوە ئاو بۆ هاووڵاتییانی قەڵادزێ‌ دابین دەكرێ‌.

هاوكات زانا عوسمان بەرێوەبەری پڕۆژەی ئاوی قەڵادزێ بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ئاوی بەنداوی "كۆڵەسێ" بە تەواوی گیراوەتەوە لە لایەن ئێرانەوە و هیچ بڕە ئاوێك لەو شوێنەوە نایەت و بە تەواوی وشك بووە، بۆیە بۆ ئاوی خواردنەوە سوود لە سەرچاوەی كانی ماسی و كونجە وەرگیراوە.

ڕوونیشی كردەوە كە مەترسی ئەوە هەیە ئەو دوو سەرچاوەیەیش ئاوەكەی كەم بكات كە ئاوی خواردنەوەی هاووڵاتییانی قەڵادزێ و دەوروبەری و سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی زیاتر لە 85 هەزار هاوڵاتییە.

ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە ئەو ئاوەی ئێران گرتوویەتییەوە 70%ی زێی بچووكە و سەرەڕای ئەوەی سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی قەڵادزێیە مەترسی لەسەر كشتوكاڵ و سامانی ماسی و ژینگەی سنوورەكە دروست كردووە و سەرچاوەی ئاوی كۆیە و بەنداوی ڕانییە و بەنداوی دۆكانیشە.

پێشتریش چەندان جاری تر ئێران ئاوی زێی بچووكی گرتووەتەوە و دواتر لەژێر پاڵەپەستۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاوەكەی كردووەتەوە، بەڵام بۆ ئەمجارە تا ئێستە هیچ پاڵەپەستۆیەك لەسەر ئێران لە لایەن عێراقەوە دروست نەكراوە.

سلێمانی/ هۆشیار عەلی



وشە - سه‌رخێڵ هاشم