لەناو یەكێك لە باخەكانی دەوروبەری سنووری سلێمانی كێلگەیەكی بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەر دەستی بەسەردا گیرا و خاوەنی كێلگەكەیش گیرا، بەڵام ئاسایشی شارەكە هیچ زانیارییەكی لەبارەی بڕی بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەر لەو كێلگەیە ئاشكرا نەكردووە.
ئەمڕۆ چوارشەم 12ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، جەلال ئەمین بەگ بەڕێوەبەری هۆبەی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەكان لە ئاسایشی سلێمانی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و ڕای گەیاند، بە هاوكاری لەگەڵ ئاسایشی بازگەكان دەستیانگرتووە بەسەر كێڵگەیەكی بەرهەمهێنانی مادەی هۆشبەر لە نزیك سلێمانی.
بەرپرسەكەی ئاسایشی سلێمانی هیچ زانیارییەكی لەسەر كێلگەكە ڕانەگەیاند و تەنیا ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە بە فەرمانی دادوەر خاوەنی كێڵگەكە گیراوە.
ئەوە لەكاتێكدایە كە بەسەتان بازرگان و بەكارهێنەری مادەی هۆشبەر لەماوەی چەند مانگی ڕابردوو لە سلێمانی گیرابوون سەرباری ئەوەی دیاردەی بردنی مادەی هۆشبەر بۆ زیندانەكانی شارەكەیش سەری هەڵدابوو.