ژنانی ده‌ربه‌ندیخان له ڕێی گرووپێكه‌وه هه‌وڵ ده‌ده‌ن كولتووری كوردی زیندوو بكه‌نه‌وه و ئابووری خۆیان به‌هێز بكه‌ن و چیتر له كونجی ماڵه‌وه دانه‌نیشن.
گرووپی كیژانی ده‌ربه‌ندیخان له یه‌كی كانوونی دووه‌می ساڵی 2018 دامه‌زراوه پێكدێت له ده‌یان كچ و ژن كه بۆ زیندوو كردنه‌وه‌ی كولتووری كوردی هه‌وڵ ده‌ده‌ن.
ئه‌میره عه‌زیز كه به‌ڕێوه‌به‌ری گرووپه‌كه‌یه سه‌باره‌ت به بیرۆكه‌ی درووستبوونی گرووپه‌كه به "وشه" ی ڕاگه‌یاند، گرووپه‌كه تایبه‌ته به كاری ده‌ست ره‌نگینی ژنان تا بتوانن پشت به به‌هره‌ی خۆیان ببه‌ستن.
ئه‌و كاروچالاكییانه‌ی له‌و گرووپه‌دا ده‌كرێن ته‌نیا كاری ده‌ستڕه‌نگینی نییه، به‌ڵكو كردنه‌وه‌ی پێشانگا و كۆڕ و سیمینار كاره‌كان ده‌كه‌ن، هه‌روه‌ها به به‌خشینی كتێب له شوێنه جیاجیاكانه‌وه ئه‌م به كولتوور كردنی خوێندنه‌وه‌یه به‌رده‌وام ده‌بێت و ئه‌و كتێبانه‌ی كه ئه‌م گرووپه ده‌یبه‌خشن له‌لایه‌ن نووسه‌ر و خوێنه‌رانه‌وه پێیان ده‌درێت.
گرووپی كیژانی ده‌ربه‌ندیخان ته‌نیا دوو پێشانگایی كاری ده‌ست ره‌نگینییان كردووه‌ته‌وه كه كاره‌كان زیاتر كولتوورین و به "جاجم، مێخه‌ك، به‌رد، به‌ن و هه‌نار" ده‌كرێن و جگه له‌مانه‌یش چه‌ندان كاروچالاكی كۆڕی ئه‌ده‌بی و شیعری‌یان ئه‌نجام داوه.
دووباره به‌كارهێنانه‌وه‌ی كه‌لوپه‌له كۆنه‌كان یه‌كێكه له كاره‌كانی ئه‌م گرووپه، هه‌روه‌ها وه‌ك ئه‌میره گوتوویه‌تی، ھه‌ندێك كات سوود له كه‌ره‌سته فڕێدراوه‌كان وه‌رده‌گرین و له كاره‌كانماندا به‌كاریانهێناوه‌ته‌وه، زۆركاتیش كه‌ره‌سته‌كان ده‌كڕین و شتی جوانی لێ دروست، هه‌روه‌ها له كردنه‌وه‌ی ھه‌ر پێشانگایه‌كدا و فرۆشتنی هه‌ر پارچه‌یه‌ك داھاته‌كه‌ی بۆ خۆیان ده‌بێت.
له گرووپی كیژانی ده‌ربه‌ندیخان 25 ئه‌ندام بوونی هه‌یه كه سه‌رجه‌میان خه‌ڵكی ده‌ربه‌ندیخانن و له هه‌موو چین و توێژه‌كان پێكدێن، مه‌به‌ست له هه‌بوونیان له گرووپه‌كه ده‌رخستنی تواناكانی خۆیان و ده‌ستكه‌وتنی داهاته و خزمه‌تكردنه به كولتووری كوردی.
هه‌بوونی ئه‌م گرووپانه له شار و شارۆكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ساڵانه په‌ره ده‌سێنێت و ژنان زیاتر له سوچه داخراوه‌كانی ماڵه‌وه دێنه ده‌ره‌وه و له‌م گرووپانه‌دا جێگه‌ی خۆیان ده‌كه‌نه‌وه و به توانا شاراوه‌كانیان داهاتێك بۆ خۆیان كۆده‌كه‌نه‌وه و سوودێكیش به كۆمه‌ڵگا ده‌گه‌یه‌نن.
سلێمانی/ لۆڤه محه‌مه‌د