دوای هۆشداری و یەكتر تۆمەتباركردن.. عێراق دەبێتە گۆڕەپانی شەڕی ئەمەریكا و ئێران؟

:: PM:09:49:12/09/2018 ‌
رۆژنامەیەكی كوێتی دەڵێ بۆ سەپاندنی دەسەڵاتی خۆی بەسەر عێراق و ئەگەر حەیدەر عەبادی نەكرێتەوە بە سەرۆك وەزیران، ئەمەریكا كودەتایەكی سپی لە عێراق ئەنجام دەدا، ئەمە لە كاتێكدایە میلیشیا چەكدارەكانی سەر بە ئێران، ئەمەریكا لە سووتاندنی بارەگاكانیان تۆمەتبار دەكەن، هاوكات ئەمەریكا هۆشداری دەداتە ئێران لە هێرشكردنە سەر باڵیۆزخانە و كونسڵخانەكانەی وڵاتەكەی لە عێراق.

دوای هەڵكوتانە سەر كونسڵخانەی ئێران و میلیشیا چەكدارەكانی نزیك لەو وڵاتە لەگەڵ حزبە شیعەكانی شارەكە لەلایەن خۆپێشاندەران و تۆمەتباركردنی كونسڵخانەی ئەمەریكا و هەندێك رێكخراوی كۆمەڵی مەدەنی لە بەسڕە لەلایەن میلیشیا چەكدارەكان، كۆشكی سپی ئەمەریكی هەڕەشەی توندی لە ئێران كرد و هۆشداری دا لە ئەگەری هەر هێرشێك بۆ سەر كونسڵخانەكەی لە بەسڕە و باڵیۆزخانەكەی لە بەغدا، یان ئازاردانی هەر هاووڵاتییەكی ئەمەریكی لە عێراق یان ئەوانەی لەگەڵ ئەمەریكییەكان كار دەكەن، رای گەیاند وەڵامی توند و دەستبەجێیان دەبێ.

هەڕەشەكەی ئەمەریكا لە كاتێكدایە هێشتا دۆخی تەناهی بەسڕە ئارام نییە و شارەكە بە هێزی چەكدار لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە تەنراوە كە بەگوێرەی زانیارییەكان زیاتر لە 25 هەزار چەكدار رەوانەی بەسڕە كراون بۆ سەپاندنی تەناهی لە شارەكەدا.

ئەمڕۆ 12ی ئەیلوول/ سێپتێمبەر، كۆشكی سپی ئەمەریكی لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند، "وەڵامی توند و خێرا و یەكلاكەرەوەیان دەبێت بەرانبەر هەر هێرشێك كە ئێران یان هاوپەیمانانی لە عێراق بیكەنە سەر كونسڵخانەی ئەمەریكا لە بەسڕە یان باڵوێزخانەیان لە بەغدا یان ئازاردانی هەر ئەمەریكییەك یان هەر دامەزراوەیەكی ئەمەریكی".

سكرتێری رۆژنامەوانی كۆشكی سپی لە بەیاننامەكەدا ئاماژەی بەوە دا ئەگەر ئێران دەستوەردان نەكا بۆ رێگریكردن لە روودانی هەر هێرشێك بۆ سەر كونسڵخانەیان لە بەسڕە یان كۆمەڵگەی باڵزێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا، ئەوا ئەمەریكا، ئێران بە بەرپرسیار دەزانێ.

بەیاننامەكەی كۆشكی سپی ئەمەریكی هاوكاتە لەگەڵ كەوتنەخوارەوەی سێ گولە هاوەن لە ناوچەی سەوز لە بەغدا لە رۆژی هەینی رابردوو كە كۆمەڵگەی باڵوێزخانەی ئەمەریكاش لە ناوچەی سەوزە هاوشانی باڵوێزخانەی چەندان وڵاتی تر و پەرلەمان و حكوومەتی عێراقیش، كە ئەمەیش یەكەمین هێرشە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو بكرێتە سەر ناوچەی سەوز.

جگە لەمە رۆژی شەمووی رابردوو، چەند مووشەكێك ئاراستەی فڕۆكەخانەی بەسڕە كرا كە كونسڵخانەی ئەمەریكا نزیكە لێی، بەڵام هیچ هەواڵێك لەسەر هەبوونی قوربانی یان زیانەكانی بڵاو نەكراوە.

كەوتنی مووشەكەكان بە ئاراستەی باڵوێزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا و كونسڵخانەكەی لە بەسڕە، لە كاتێكدایە هەفتەی رابردوو بەسڕە دژاوارترین رۆژەكانی بەڕێ كرد كاتێك شەڕ و پێكدادان لە نێوان خۆپێشاندەران و هێزە تەناهییەكان رووی دا و بەهۆیەوە 11 خۆپێشاندەر كوژران و زیاتر لە 30ی تریش بریندار بوون.
خۆپێشاندانەكانی بەسڕە دژ بە نەبوونی خزمەتگوزاری و ئاوی خاوێن و كارەبا و گەندەڵی سیاسی لە هەشتی تەمووزی رابردوو دەستی پێ كردووە و تا ئێستەش بەردەوامی هەیە، تەنیا لە بەسڕە زیاتر لە 15 خۆپێشاندەر كوژراون و سەتانی تریش برینداربوونە.

تا ئێستە هیچ میلیشیایەكی چەكدار یان لایەنێك بە فەرمی بەرپرسیاریەتی خۆی لە تەقاندنی موشەك و هاوەكانەكان را نەگەیاندووە، بەرپرسانی هێزی تەناهیش دەڵێن ئەو سێ هاوەنەی ئاراستەی ناوچەی سەوز كرا، لە چۆڵەوانی تەقیوەتەوە و هیچ زیانێكی گیانی و مادی نەبووە.

هاوكات چەند سەرچاوەیەك لەناو ناوچەی سەوز دەڵێن هاوەكانەكان ئاراستەی باڵوێزخانەی ئەمەریكا كراوە و دەنگی ئاگادار كردنەوەیان لەناو باڵیۆزخانە بیستووە و بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكانیش بێت سەرچاوەی هاوەكانەكان لە ناوچەی زەیونەی رۆژهەڵاتی بەغداوە بووە.

مەترسی شەڕی نێوان ئەمەریكا و ئێران لەسەر خاكی عێراق دوای ئەوە دێ كە میلیشیاكانی حەشدی شەعبی سەر بە ئێران و هەروەها كۆماری ئیسلامی ئێرانیش بە جیا، بەرپرسیاریەتی سووتاندنی بارەگاكانیان و كونسڵخانەی ئێرانیان خستە ئەستۆی ئەمەریكا.

دوای رووداوەكە ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی رای گەیاند كونسڵخانەی ئەمەریكا لە پشتەوەی رووداوەكانی بەسڕەیە و "بەڵگەی تەواومان لەبەردەستە لە بارەی دۆخی بەسڕە كە كونسڵخانەی ئەمەریكا ئیدارەی دەدات، بۆیە كونسڵخانەی ئەمەریكا لە رووداوەكانی بەسڕە تێوەگلاوە".
موهەندیس ئەوەیشی خستەڕوو كە هەڵكوتانە سەر بارەگاكانی حەشد و سووتاندنی وێنەی شەهیدان، گوتی "ئەمەریكییەكان هەڕەشەی سووتاندی بەسڕەیان كرد ئەگەر عەبادی نەكرێتەوە بە سەرۆك وەزیران، بەڵگەی تەواومان بۆ ئەمە لە بەردەستە، بۆیە ئەوەی لە بەسڕە روودەدات هاوشێوەی رووداوەكانی سەرەتای كەوتنی رژێمی حوسنی موبارەكە لە میسڕ".

ئەگەرچی چەند گرووپێكی میلیشیاكانی حەشد هەڕەشەی شەڕیان دژ بە ئەمەریكا كردووە، بەڵام موهەندیس دەڵێ  دەستپێشخەر نابن لە شەڕی ناوخۆ، بۆیە لایەنە پێوەندارەكان بەرپرسن لە روودانی هەر شەڕێكی ناوخۆ، گوتی "داوا لە حكوومەت دەكەین هەڵوێستی خۆی روون بكاتەوە لەسەر مانەوەی هێزی هاوپەیمانان دوای شەڕی داعش كە تەنیا ئەمەریكییەكان هەشت هەزار سەربازیان لە عێراق هەیە كە ئەمەیش پێچەوانەی دەستوورە". زیاتر گوتی "تەنیا ئێران لە شەڕی دژ بە داعش یارمەتی عێراقی داوە، ئەو سەركەوتنانەی بەدەستیش هاتوون لە چوار ساڵی رابردوو، هیچی ناگەڕێتەوە بۆ حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیر".
 
قسەكانی موهەندیس لە كاتێكدایە ئەمڕۆ تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، پێگەی فەرمی ئەبو مەهدی موهەندیسی داخست، لە وەڵامیشدا میلیشیاكانی حەشد دەڵێن رووبەڕووی هەڵمەتێكی میدیایی گەورە بوونەتەوە، دەستەی پەیوەندی و راگەیاندی عێراقیش بەرپرسە لەوەی روودەدات و دەبێت كۆمپانیاكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئاگادار بكاتەوە لەوەی ئەو پێگانەی هی كەسانی بەرپرسی فەرمین لە دەستەی حەشدی شەعبی كە دەستەیەكی فەرمی سەر بە حكوومەتی عێراقە.

هاوكات عەمید محەمەد رەزا یزدی سەركردەی هێزەكانی محەمەد رەسوڵوڵلای سەر بە سوپای پاسداران رای گەیاند زانیاریان هەیە كێ پلانی هێرشكردنە سەر كونسڵخانەی ئێرانی لە بەسڕە داڕشتووە و لە ماوەیەكی نزیكی داهاتوودا بە وردەكارییەوە بڵاوی دەكەینەوە.

عەمید محەمەد رەزا ئەوەشی خستەڕوو ئەوەی لە بەسڕە روودەدات هیچ كاریگەری لەسەر پێوەندییەكانی عێراق  و ئێران نابێت، بەم نزیكانەش تەواوی وردەكارییەكەی بڵاو دەكەینەوە.

هاوكات ئینتسار موسەوی، پەرلەمانتار لەسەر شاری بەسڕە ئەمڕۆ چوارشەم 12ی ئەیلوول، رای گەیاند، بوونی كونسڵخانەی ئەمەریكا لە بەسڕە مەترسیدارە بەسەر دۆخی تەناهی شارەكە، ئەوەشی خستەڕوو كونسڵخانەی ئەمەریكا و چەند رێكخراوێكی كۆمەڵگەی مەدەنی بەرپرسیاریەتییان لەسەر شانە لەوەی لە بەسڕە روودەدات.

زیاتر گوتی، "كاردەكەین بۆ دەركردنی كونسڵخانەی ئەمەریكا لەو شارە، چونكە هەموو ئەوەی لەو شارە روودەدات كونسڵخانەی ئەمەریكای لە پشتەوەیە".

ئەگەری سەرهەڵدانی شەڕ لەنێوان ئەمەریكا و ئێران لەسەر خاكی عێراق، پێشینەیەكی سیاسی هەیە لەسەر پێكهێنانی لیستی گەورەی پەرلەمانی لەنێوان بەرەی عەبادی سەر بە ئەمەریكا و بەرەی عامری سەر بە ئێران، بەتایبەت كە ئەمەریكا پێداگیرە لەسەر دووبارە كاندیدكردنەوەی عەبادی، سەرەڕای ئەوەی موقتەدا سەدر سەرۆكی رەوتی سەدر پشتی لە عەبادی كردووە.


رۆژنامەیەكی كوێتی لەسەر دۆخی عێراق لە راپۆرتێكدا جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەمەریكا لە پشت رووداوەكانی بەسڕەیە.

رۆژنامە "قەبەس"ی كوێتی لە راپۆرتەكەیدا جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئەگەر عەبادی نەكرێتەوە بە سەرۆك وەزیران ئەوا ئەگەری زۆرە "كودەتایەكی سپی" لە عێراق ئەنجام بدات بۆ سەپاندنی دەسەڵاتەكانی بەسەر عێراق.



وشە - فه‌رمان سادق