هەولێر لە بەغدا یەكەم یاریی خولی نایابی عێراق ئەنجام دەدات

:: AM:08:59:13/09/2018 ‌

بڕیارە سبەی هەینی یانەی هەولێر لە شاری بەغدا لەچوارچێوەی یارییەكانی وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق یەكەم یاریی لەگەڵ یانەیەكی ئەم شارە ئەنجام بدات.

دوێنێ چوارشەم شاندی یانەی هەولێر گەیشتە شاری بەغدا و لەگەڵ گەیشتنیشیدا یەكەم یەكەمی مەشقی خۆی لەنێو یاریگەی قووە جەوییە ئەنجام دا.

سبەی هەینی یانەكە لە یەكەم یاریی وەرزی نوێی خولی نایابی عێراق سەعات 3:45ی دوای نیوەڕۆ لەنێو یاریگەی سناعە رووبەڕووی یانەی نەفت دەبێتەوە.

یانەی هەولێر مانگی رابردوو توانیبووی پلەی یەكەمی كۆمەڵەی یەكەمی خولی پلە یەكی عێراقی بەدەستبێنێ و بەمەش بەفەرمی سەركەوتەوە بۆ یارییەكانی خولی نایابی عێراق.

یانەكە بەمەبەستی ركابەریكردن لەسەر ناسناوی ئەمساڵی خولی نایابی عێراق لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا گرێبەستی لەگەڵ دەستەیەكی نوێی راهێنەران و یاریزانان كردبوو و هەروەها گرێبەستی چەند یاریزانێكی تیپەكەشی نوێ كردبووەوە.

لای خۆشییەوە عەبدوڵا مەجید سەرۆكی یانەی هەولێر پێشتر لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كردبوو كە بە 10 رۆژ تیپی یانەی هەولێریان ئامادە کردووە، بۆیە نابێت پەلە لە ستافی راھێنەران و یاریزانان بکەن.

جەختیشی كردبووەوە كە بۆ ئەمساڵ ناتوانن رکابەری بەدەستھێنانی خولەکە بکەن، بەڵام ئامانجیان دروستکردنی تیپە بۆ وەرزی داھاتوو تاکو بتوانین بە بەھێزی بەشداری بکەن دووبارە شکۆی ھەولێر بگرێننەوە.



وشە - ئامانج ئه‌كره‌م