ئەسینسیۆ: رۆیشتنی رۆناڵدۆ لە ریال مەدرید كاریگەری لەسەر نەكردووم

:: AM:09:49:13/09/2018 ‌

ماركۆ ئەسینسیۆی ئەستێرەی یانەی ریال مەدرید و هەڵبژاردەی ئیسپانیا ئاشكرای كرد كە چوونی كریستیانۆ رۆناڵدۆی ئەستێرەی پورتوگالی بۆ یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی كاریگەری لەسەر ئەو نەكردووە.

ئەسینسیۆ لە چاوپێكەوتنێك لەگەڵ كۆواری (Revista Panenk)ی ئیسپانی رایگەیاند: رۆناڵدۆ ئامادەبێت یان نا، من بەهەمان شێوە و تامەزرۆ یاریی تۆپی پێ دەكەم و هەوڵی بەدەستهێنان لە پێكهاتەی سەرەكی یانەی شاهانە دەدەم، هەمیشەش هەوڵ دەدەم كاریگەریم لەسەر تیپەكەم هەبێت و لەم وەرزەش تا ئێستا بەباشی یارییم كردووە.

ئەسینسیۆ لەسەرەتای یاریكردنیدا لە یانەی شارەكەی مایۆركا دەستی پێ كرد و دواتریش وەرزێك بەشێوەی خواستن یاریی بۆ یانەی ئیسپانیۆڵ كردبوو، لەمبارەیەوە رایگەیاند: لە یانەی مایۆركا فێری بنەما و سەرەتاكانی تۆپی پێ بووم و لە یانەی ئیسپانیۆڵیش ئاستی هونەری یاریكردنم بەرز بووەوە.

ئەسینسیۆ باسی لەو ئامۆژگارییانە كرد كە هەمیشە زێنەدین زێدانی راهێنەری پێشووی یانەی ریال مەدرید پێیداوە، لەمبارەیەوە رایگەیاند: زێدان هەمیشە پێ دەگوتم خۆم بە شتی لاوەكی سەرقاڵ نەكەم و قسەی دەرەوە كاریگەی نەكاتە سەرم، تەنیا بیرم لە یاریكردن و ماڵباتەكەم دەكردەوە.

ئەستێرەكەی یانەی ریال مەدرید لە كۆتاییدا گوتی: ئەو یارییەی كە زۆر چێژم لێ بینیوە یاریی قۆناغی چواریەك و پێش كۆتایی وەرزی رابردووی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا بوو بەتایبەتیش كە لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ و جەماوەر بەڕێوە دەچوون، وا هەستم دەكرد لەنێو هەوا رادەكەم، بەدڵنیایشەوە لە یاریی كۆتاییشدا هەستێكی خۆشم هەبوو دوای بردنەوەی ناسناوەكە.

جێی باسە ئەسینسیۆ لە دویین یاریی هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە پاڵەوانیەتیی خولی نەتەوەكانی ئەوروپا پێرێ سێشەم بەرامبەر هەڵبژاردەی كڕواتیا ئاستێكی ناوازەی پێشكەش كرد و توانیبووی 2 گۆڵ تۆمار بكات، هەڵبژاردەی وڵاتەكەشی بە ئەنجامێكی گەورە و بە 6 گۆڵی بێ وەڵام یارییەكەی بردبووەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م