هونه‌رمه‌ندانى بواری شێوه‌كارى باس له‌وه ده‌كه‌ن، خه‌ڵكى كوردستان تابلۆى چینى به ده‌یان دۆلار ده‌كڕن كه له ئاستێكى هونه‌ریى نزمدان، به‌ڵام ئاماده نین پاره به تاكسییه‌ك بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ى سه‌ردانى پێشانگه‌یه‌كى شێوه‌كارى بكه‌ن. هونه‌رمه‌ندێك هۆكاره‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی "خه‌ڵك كارێكى هونه‌ری و پارچه فلێكسى چاپكراو لێك جیا ناكه‌نه‌وه".
زۆر له هونه‌رمه‌ندانى شێوه‌كار به تایبه‌تى گه‌نجان یان ئه‌وانه‌ى چانسى ناوبانگیان نه‌بووه، گله‌یى له لاوازیى به‌شداریى خه‌ڵك له پێشانگه‌كان ده‌كه‌ن و ئه‌وه‌ش ده‌خه‌نه ڕوو كه ئه‌و خه‌ڵكه‌ى له پێشانگه شێوه‌كارییه‌كان دووره‌په‌رێزن، هاوكات كڕیارێكى باشى تابلۆ چینییه‌كانن.
به‌ختیار كه‌ریم یه‌كێكه له شێوه‌كاره گه‌نجه‌كانى هه‌ولێر و ئه‌و وه‌ك بۆ "وشه"ى باس كرد، تا ئێسته له‌گه‌ڵ هاوڕێكانى له زۆربه‌ى شاره‌كانى كوردستان پێشانگه‌ى شێوه‌كارى كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام تا ئێسته رێكه‌وتى نه‌كردووه یه‌كێك له تابلۆكانى بفرۆشێت.
به‌ختیار گوتى "من تا ئێسته له 12 پێشانگه به هاوبه‌شى به‌شداریم كردووه، زۆر له تابلۆكانم خستووه‌ته ڕوو، به‌ڵام هیچ تابلۆیه‌كم نه‌فرۆشتووه". به‌ڵام نایشارێته‌وه كه تا ئه‌وكاته‌ى له‌م راپۆرته‌ى "وشه"دا به‌شدار بووه، هێنده بیرى له لاى فرۆشتنى تابلۆكانى نه‌بووه، به‌ڵكو زۆرجار بایه‌خى به‌لاى ئاستى به‌شداربوونى خه‌ڵك بووه.
به‌ختیار گوتى، "به‌لامه‌وه سه‌یره خه‌ڵك بانگهێشت ده‌كه‌یت بۆ پێشانگه‌كه‌ت، ئه‌و ئۆتۆمبێلى هه‌یه و پاسه‌وانى هه‌یه و نایه‌ت چه‌ند خوله‌كێك سه‌یرى تابلۆكانى تۆى شێوه‌كار بكات، بۆیه من هێنده گله‌ییم له نه‌فرۆشتنى تابلۆ نییه، هێنده ره‌خنه‌م له‌سه‌ر كه‌مى به‌شدارى خه‌ڵك هه‌یه له پێشانگه‌كان، ئه‌وانه‌ى دێن به‌شداریش ده‌كه‌ن، به‌هۆى براده‌رایه‌تى و خزمایه‌تییه".
له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م شێوه‌كاره نكۆڵى له‌وه ناكات كه حه‌ز ده‌كات تابلۆكانى بفرۆشرێن و له رێى هونه‌ره‌كه‌یه‌وه داهاتێكى ده‌ست بكه‌وێت. زیاتر گوتى "ته‌نیا جارێك كه‌سێك داواى تابلۆیه‌كى كرد كه كارێكى هونه‌ریى زۆر جوان بوو به‌لامه‌وه، بۆیه من پێشنیارم بۆ كڕیاره‌كه كرد كه دانه‌یه‌كى هاوشێوه‌ى بۆ دروست بكه‌م، نه‌ك تابلۆكه خۆى پێ بده‌م، دواتر ته‌له‌فۆنم بۆ كرد، كه‌چى كابرا گوتى ئه‌وكات ده‌مویست ئێسته نامه‌وێ".
به‌ختیار ده‌ڵێ، تابلۆی زۆر له چین و وڵاتانى تره‌وه هاورده ده‌كرێن، به‌ڵام ئاستى هونه‌رییان زۆر نزمه، له مۆڵه‌كانى هه‌ولێر و له دووكانه‌كان ده‌فرۆشرێنه‌وه، نرخى تابلۆكان له پێنج دۆلاره‌وه ده‌ست پێ ده‌كات تا ده‌گات به 300 دۆلار. زیاتر گوتى "له‌وانه‌یه هاوڕێیه‌كت هه‌بێ بچێت تابلۆیه‌كى چینى له‌م جۆره بكڕێت، به‌ڵام ئاماده نییه تاكسییه‌ك بگرێت و بێته پێشانگه‌كه‌ى تۆ، ئه‌وه‌ش به‌هۆی نه‌بوونى رۆشنبیرى و سه‌لیقه‌ى هونه‌رییه".
محه‌مه‌د شه‌ریف یه‌كێكه له شێوه‌كاره‌كانى رۆژئاواى كوردستان، ماوه‌ى شه‌ش ساڵه له هه‌ولێر نیشته‌جێیه، ئه‌و به پێچه‌وانه‌ى به‌ختیار باسى له‌وه كرد كه تا ئێسته هه‌شت تابلۆى فرۆشتووه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئه‌م ژماره‌یه به "زۆر كه‌م" ده‌زانێ.
شه‌ریف بۆ "وشه" گوتى، "هونه‌رمه‌ند هه‌یه له وڵاتانى تر ساڵانه پاره‌یه‌كى زۆرى له فرۆشتنى تابلۆكانى ده‌ست ده‌كه‌وێت، كه‌چى من له هه‌موو ته‌مه‌نم هه‌شت تابلۆم فرۆشتووه، ئه‌مه‌ش زۆر كه‌مه". بۆیه ره‌خنه‌ى له سه‌لیقه‌ى هونه‌ریى خه‌ڵك گرت و گوتى، "كێشه له كولتوورى كۆمه‌ڵگه‌كه‌یه، خه‌ڵكه‌كه جیاوازى له نێوان هونه‌ری شێوه‌كارى و پارچه فلێكسێكى چاپكراو ناكات، كه یه‌كه‌میان له ناخى هونه‌رمه‌ندێك هه‌ڵقوڵاوه و هه‌موو ته‌مه‌نى له‌گه‌ڵ ره‌نگه‌كان به‌سه‌ر بردووه".
ئه‌م هونه‌رمه‌نده شێوه‌كاره ره‌خنه‌ى له وه‌زاره‌تى رۆشنبیرى هه‌بوو به‌وه‌ی، "ئه‌و وه‌زاره‌ته كه‌مته‌رخه‌مه و بایه‌خ به كردنه‌وه‌ى پێشانگه نادات، جیا له‌وانه‌ش له كوردستاندا تابلۆ هه‌یه، به‌ڵام خوێنه‌رى تابلۆ نییه، به واته‌ى ئه‌وه‌ى كه‌سانێكى زۆر نییه كه تابلۆ بناسن و به‌هاى بۆ دابنێن".
ره‌نج عه‌بدوڵا كه هونه‌رمه‌ندێكى شێوه‌كاره و ساڵانه جیا له كاره هونه‌رییه‌كانى، خولى شێوه‌كارى بۆ گه‌نجان و منداڵ ده‌كاته‌وه، له میانى قسه‌كانى بۆ "وشه" باسى له‌وه كرد كه تا ئێسته 35 تابلۆى به شوێن و كه‌سایه‌تیى گرنگ فرۆشتووه.
ئه‌و له باسكردنى هۆكاره‌كانى نه‌بوونى بازاڕێكى هونه‌ریى شێوه‌كارى، گوتى، به بڕواى من چه‌ند هۆكارێك هه‌ن، له‌وانه نه‌بوونى سه‌لیقه‌ى هونه‌رییه بۆ تێگه‌یشتن له شێوه‌كارى، دووه‌م هۆ ئاینییه، چونكه به‌پێى هه‌ندێك لێكدانه‌وه‌ى تێكسته ئاینییه‌كان وێنه‌كێشان حه‌رام ده‌كرێت، جیا له‌مه‌ش ته‌نگژه‌ى ئابوورى هه‌رێمى كوردستان هۆكارێكى تره كه پێشتر خۆم ده‌مبینى خه‌ڵكێك هه‌بوو تابلۆى هونه‌رمه‌ندانیان ده‌كڕى، كه‌چى ئێسته ئه‌مه نه‌ماوه".
وه‌ك هونه‌رمه‌ندان باسى لێوه ده‌كه‌ن، زۆرجار به‌رپرسان بۆ "موجامه‌له" دێن تابلۆى كه‌سێكى ناودار ده‌كڕن، به‌ڵام ئاماده نین تابلۆی گه‌نجێك ئه‌گه‌ر بۆ هاندانیش بێت بكڕن. له‌مباره‌یه‌وه ره‌نج گوتى، "چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر باس له‌وه ده‌كرا، فڵانه كه‌س تابلۆى فڵانه كه‌سى به پاره‌یه‌كى خه‌یاڵى كڕیوه، كه‌چى ئه‌مه ته‌نیا خۆهه‌ڵكێشان بوو، من به‌دواداچوونم بۆ كرد راست نه‌بوو، یان هه‌ندێك كه‌س هه‌ن وه‌ك ئه‌وه‌ى مامه‌ڵه‌ى ته‌ماته و خه‌یار بكه‌ن، دێن مامه‌ڵه‌ى تابلۆت له‌گه‌ڵ ده‌كه‌ن".
به‌ڵام ره‌نج ره‌خنه‌ى له هونه‌رمه‌ندان گرت و گوتى، "هونه‌رمه‌ندانیش به‌شێكن له كێشه‌كه، یان نرخى زۆر داوا ده‌كه‌ن یانیش كاره‌كه ناشیرین ده‌كه‌ن، ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر یه‌كێك له شێوه‌كاره‌كان دوو تابلۆى به حه‌وت هه‌زار دینار فرۆشتووه كه ئه‌مه بێ نرخكردنى كاره‌كانیه‌تى".