به‌رپرسی ده‌زگه‌ی هه‌ڵبژاردنی پارتی دڵنیایی ده‌دات، هه‌ڵبژاردن له‌كاتی دیاریكراوی خۆی به‌ڕێوه ده‌چێت. ئه‌وه‌یش روون ده‌كاته‌وه كه حزبه‌كان ناتوانن كاتی به‌ڕێوه‌چوون یان دواخستنی هه‌ڵبژاردن دیاری بكه‌ن، به‌ڵكو حكوومه‌ت بڕیار ده‌دات و هه‌ڵبژاردنیش دوا ناخرێ.
خه‌سره‌و گۆران له‌م دیمانه‌یه‌ی "وشه"دا دووپاتی ده‌كاته‌وه كه پارتی هه‌وڵ ده‌دات كورسییه‌كانی له په‌رله‌مانی كوردستان زیاتر بكات. بۆ ئه‌وه‌یش رای ده‌گه‌یه‌نێت كه هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ن. له‌باره‌ی ژماردنه‌وه‌ی ده‌نگ به ده‌ست ئاماژه‌ی دا، "ئێمه پشت به خه‌ڵكی خۆمان ده‌به‌ستین نه‌ك ساخته‌كاری، بۆیه ئاماده‌ین بۆ هه‌ر رێوشوێنێك كۆمسیۆنی هه‌ڵبژاردن په‌سندی بكات و جێبه‌جێی ده‌كه‌ین".
هێشتا ئه‌و ئه‌گه‌ره ماوه كه هه‌ڵبژاردن دوابخرێ؟
نه‌خێر, هه‌ڵبژاردن له كاتی خۆیدا له 30 ئه‌م مانگه ئهیلوول/سێپتێمبه‌ر به‌ڕێوه ده‌چێت، دواخستنی ماوه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ڵبژاردن بۆ ماوه‌ی هه‌فته‌یه‌ك له‌سه‌ر خواستی چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی بووه بۆ خۆئاماده‌كردنیان. بۆیه كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن و راپرسی كوردستان له كۆبوونه‌وه‌ی خۆیدا به زۆرینه‌ی ده‌نگ، بڕیاریان دا هه‌فته‌یه‌ك ماوه‌ی هه‌ڵمه‌تی هه‌ڵبژاردن دوا بخه‌ن. ئه‌وه‌تا ئێسته بانگه‌شه ده‌ستی پێ كردووه و هه‌ر لایه‌نێك كاری خۆی ده‌كات.
به‌ڵام هه‌ر باسی دواخستن هه‌یه له‌ناو هه‌ندێك لایه‌ندا؟
حكوومه‌ت گوێ به‌وه نادات, هه‌ڵبژاردن ده‌كرێ و دوا ناخرێ، ئه‌ركی لایه‌نه سیاسییه‌كان نییه كات بۆ به‌ڕێوه‌چوون یان ئه‌نجامنه‌دانی هه‌ڵبژاردن دیاری بكه‌ن.
سوپرایزی ئه‌م جاره‌ی پارتی له هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ خه‌ڵك چی ده‌بێت؟
پارتی هه‌وڵ ده‌دات پێگه‌ی خۆی بپارێزێت له په‌رله‌مان، وه‌ك چۆن پێگه‌ی خۆی پاراست له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق, هه‌وڵ ده‌ده‌ین ده‌نگی زیاتر به‌ده‌ست بێنین و رێژه‌یه‌كی باشی ده‌نگی ده‌نگده‌ران بۆ خۆمان رابكێشین له هه‌ر چوار پارێزگای كوردستان.
له هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، زۆربه‌ی خه‌ڵك پێیان وابوو پارتی و یه‌كێتی ساخته‌كارییان كردووه، ئایا ئه‌مه تا چه‌ند وایه، ئه‌گه‌ر وا نییه چۆن خه‌ڵك دڵنیا ده‌كه‌نه‌وه؟
له هه‌موو دنیادا ئه‌م شته باوه كه هه‌ندێك لایه‌ن بدۆڕێن، خه‌تا ده‌خه‌نه ئه‌ستۆی لایه‌نه‌كانی تر، وه‌ك چۆن قوتابی ده‌رناچێت له پۆلی خۆی، خه‌تاكه بۆ مامۆستا یان پرسیاره‌كان ده‌گه‌ڕێنێته‌وه و ده‌ڵێت سته‌مم لێ كراوه.
به رای من له هه‌ڵبژاردنی كوردستان مه‌حاڵه ساخته‌كاری بكرێت، چونكه تۆماری ده‌نگده‌ران پاك كراوه‌ته‌وه و هه‌موو لایه‌نێك چاودێری هه‌یه له بنكه‌كانی ده‌نگدان و ئه‌وه‌ی له هه‌موویان گرنگتره ئه‌وه‌یه، به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردن نه له ده‌ستی پارتی و نه له ده‌ستی یه‌كێتییه، به‌ڵكو به‌ڕێوه‌بردنی هه‌ڵبژاردن كه دڵی كۆمسیۆنه، له ده‌ستی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه.
دوای به ده‌ست هه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كان، كه‌چی لایه‌نه ناڕازییه‌كان هه‌ر گله‌یییان له ئه‌نجامه‌كان هه‌بوو، ئه‌مه بۆچی؟
بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س گله‌یی نه‌كات و هه‌موو لایه‌ك پشتڕاست بن و ئه‌نجامدانی ده‌نگدان به‌شێوه‌یه‌كی راست و دروست بێت، هه‌قه هه‌موو لایه‌ك چاو‌دێر و بریكاری هه‌بێت له بنكه‌كانی ده‌نگدان و چاودێریی ده‌نگدانه‌كه بكات به شێوه‌یه‌كی هۆشیارانه.
له دیداری پێشووتدا له‌گه‌ڵ "وشه" بۆ هه‌ڵبژاردنی عێراق، پێت وابوو له پارێزگای دهۆك پارتی هه‌وڵی پاراستنی هه‌شت كورسیی خۆی ده‌دات، كه‌چی كورسییه‌كان بوون به 10، ئه‌مه چۆن رووی دا؟
پێشتر گوتم ئێمه له دهۆك و هه‌ولێر و مووسڵ، هه‌وڵ ده‌ده‌ین كورسییه‌كانی خۆمان و پێگه‌ی خۆمان بپارێزین, گوتم له هه‌شت كورسی كه‌متر ناهێنین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین هه‌شته‌كه بپارێزین، به‌ڵام نه‌مگوت زیاتری ناكه‌ین.
گوڕان له زارى گوته‌بێژه‌كه‌یه‌وه راى گه‌یاند كه داواى دواخستنى هه‌ڵبژاردن ده‌كه‌ن به‌هۆى نهگهنجاوى كه‌شوهه‌واى كوردستان بۆ هه‌ڵبژاردن, دیاره مه‌به‌ستى له دۆخى ناوخۆ و ژیانى سیاسى بووه, راى ئێوه چییه ئایا له ناوخۆ دۆخى گشتى له‌باره بۆ هه‌ڵبژاردن؟
بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌ڵێت ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانى هه‌ڵبژاردنێكى پاك و تهمیزین، ئێمه‌ش وه‌ك ئه‌وان حه‌زمان له هه‌ڵبژاردنێكه پاك بێت و هیچ ته‌زویرى تێدا نه‌بێت, ئه‌وان خۆیان ده‌ڵێن حكوومه‌ته‌كه شه‌رعیه‌تى نه‌ماوه و ده‌بێت بڕووخێت، ئیتر بۆچى ئێسته كاتى هه‌ڵبژاردن نییه؟ هه‌ڵبژاردن باشترین چاره ده‌بێت كه شه‌رعیه‌ت به حكوومه‌تى نوێ بدات، واته كه‌شوهه‌واى ئێسته‌ى كوردستان زۆر له‌باره‌و هیچ بیانوو نییه تا لایه‌نه‌كان داواى دواخستنى هه‌ڵبژاردن بكه‌ن.
كه‌واته لایه‌نه‌كان بۆچى هه‌وڵى دواخستنى هه‌ڵبژاردن ده‌ده‌ن؟ به‌پێى زانیارى ئێوه ده‌ترسن له ده‌نگه‌كانیان یان به راستى گومانیان هه‌یه له پرۆسه‌كه كه ده‌نگى راسته‌قینه‌ى خه‌ڵك مسۆگه‌ر ناكه‌ت؟
هه‌وڵى به‌رده‌وامى لایه‌نه‌كان بۆ دواخستنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان له‌به‌ر نهباشى بارودۆخى ناوخۆى خۆیانه, ئه‌وان له ده‌نگه‌كانى خۆیان ده‌ترسن كه به قه‌ده‌ر پێویست ده‌نگ نه‌هێنن .
به‌شداری نه‌كردنی پارتی له هه‌ڵبژاردنی عێراق له پارێزگای كه‌ركووك، كاریگه‌ریی له پێگه‌ی پارتی كرد؟
بهشدارنهكردنی پارتی له هه‌ڵبژاردنی كه‌ركووك هه‌ڵوێستێكی سیاسی بوو، هه‌ڵوێسته‌كه راست و دروستیش بوو, بۆ ئه‌وه‌ی بۆ دۆست و دوژمن دیاری بكه‌ین كه پارتی ناڕازییه له داگیركردنی كه‌ركووك .
بۆ ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ی داهاتوو پێشبینی چه‌ند كورسی ده‌كه‌ن كه پارتی به ده‌ستی بێنێت له په‌رله‌مانی كوردستان؟
ئێمه ناتوانین هیچ ژماره‌یه‌ك بده‌ین, به‌ڵام هه‌موو هه‌وڵێك ده‌ده‌ین كورسییه‌كانی خۆمان بپارێزین و به‌ره‌و زیاد بڕۆین نه‌ك به‌ره‌و كه‌می.
به ده‌ست هه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كان له هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوودا چه‌ند كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ده‌نگی پارتی ده‌بێت؟
كۆمسیۆن هه‌ر میكانیزمێك دابنێت ئێمه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌داین, هه‌ژماركردنی ده‌نگه‌كانمان به ئامێر قبووڵ كرد و ههژماركردنیش به‌ده‌ست به‌هه‌مانشێوه قبووڵ ده‌كه‌ین, مه‌ته‌ڵێك هه‌یه ده‌ڵێت "راست به و له رێ به" ئێمه راستین و له رێین, متمانه‌مان به ده‌نگده‌ری خۆمان هه‌یه و پشتمان نه‌به‌ستووه به ساخته‌كاری، بۆیه كۆمسیۆن هه‌ر میكانیزمێك دابنێت قبووڵی ده‌كه‌ین.
به‌پێی ئه‌زموونی خۆتان، هه‌ژماركردنی ده‌نگ به ده‌ست یان به ئامێری ئه‌لیكترۆنی، كامیان گونجاوتره بۆ دۆخی ئه‌م ناوچه‌یه؟
تازه بڕیار دراوه به ده‌ست ده‌نگه‌كان هه‌ژمار بكرێن, له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئامێر خێراتره، به‌ڵام كه هه‌ندێك لایه‌ن قبووڵیان نه‌بێت، ده‌كرێ به ده‌ست بێت.
له هه‌موو هه‌ڵبژاردنێكدا هه‌وادارانى پارتى ده‌كه‌ونه گازنده‌ى ئه‌وه‌ى كه خه‌ڵكى سوودمه‌ندى حزبه‌كه‌یان به تایبه‌ت له‌ناو هه‌ولێر ناچنه ده‌نگدان, هۆى ئه‌مه چیه؟ بۆچى لێكوڵینهوهتان نه‌كردووه له‌و رووه‌وه, چونكه دواى هه‌موو هه‌ڵبژاردنێك ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ى پارتییه دڵسوزهكان له توڕهكانى كومه‌ڵایه‌تى ته‌شه‌نه ده‌سێنێ؟
هاووڵاتى شارى گه‌وره توزێك ئه‌و شته‌ى لا هه‌یه, كه‌متر له ناوچه‌كانى تر ده‌چنه سه‌ر سندووقى ده‌نگدان به‌ڵام له‌گه‌ل ئه‌وه‌شدا هه‌وادارانى پارتى له هه‌موو حزبه‌كانی تر زیاتر ده‌چنه ده‌نگدان, به به‌ڵگه رێژه‌ى ده‌نگدانى پێش چوار مانگ له هه‌ولێر و دهۆك له هه‌موو پارێزگاكانى تر زۆرتر بوو, بۆ ئه‌مجاره هه‌وڵ ده‌ده‌ین كه هاووڵاتى شارنشینیش ژماره‌یه‌كى زۆرتر به‌شدارى هه‌ڵبژاردن بكات.
له‌و وڵاتانه‌ى ئه‌زموونى دیموكراسى كۆ ده‌كه‌نه‌وه پرۆسه‌كانى هه‌ڵبژاردن وا باشه هه‌ریه‌كه‌ى بخرێته ساڵێكه‌وه تا خه‌ڵك را بێت كه ئه‌و لایه‌نه‌ى خزمه‌تى ناكات له ههڵبژارنێكى تر تۆڵه‌ى بكاته‌وه, بۆچى له كوردستان ئه‌مه ناكرێت؟ یان داوا ده‌كرێت هه‌موو هه‌ڵبژاردنه‌كان له یه‌ك كاتدا بكرێن؟ بۆ نموونه هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مان ئه‌مساڵ, پارێزگاكان ساڵى داهاتوو, سه‌رۆكایه‌تیى یان هه‌ر پرۆسه‌یه‌كى تر ساڵێك دواى ئه‌وه؟
ئه‌وه راسته, سێ هه‌ڵبژاردن كه‌وتنه یه‌ك ساڵ, هه‌ڵبژاردنى نوێنه‌رانى عێراق و په‌رله‌مانى كوردستان و ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاكان, باشتر ده‌بوو كه هه‌ر هه‌ڵبژاردنێك ساڵێكی له نێواندا بێت یان هه‌موویان له یه‌ك رۆژ بووایه, بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵك ماندوو نه‌بێت, به‌ڵام وڵاتى فیدراڵى به‌م شێوه‌یه ده‌بێت. هه‌ڵبژاردنى كوردستان جیا ده‌بێت له‌گه‌ڵ عێراق, له‌به‌رئه‌وه‌ى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان یه‌ك ساڵ دوا كه‌وت ده‌بووایه بخرێته ئه‌مساڵ بۆ ئه‌وه‌ى زیاتر دوانه‌كه‌وێت .
وشه/ دێژین سدقی