پێرێز لە زێدان توڕەیە


فلۆرنتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی تاڕادەیەكی زۆر لە راهێنەری پێشووی تیپەكەی زێنەدین زێدانی فڕەنسی توڕەیە.

زێدان لە كۆتایی وەرزی رابردوو بەشێوەیەكی لەناكاو بڕیاری دەستبەرداربوونی لە كاری راهێنەرایەتی یانەی ریال مەدرید راگەیاند.

ماوەی هەفتەیەكیشە دەنگۆی ئەوە بڵاو دەكرێتەوە كە زێدان پاڵێوراوی یەكەمی بەرپرسانی یانەی مانچستەر یونایتدی ئینگلیزییە لە ئەگەری دوورخستنەوەی راهێنەرە پورتوگالییەكەیان جۆزێ مۆرینۆ.

مۆرینۆ ماوەیەكە رووبەڕووی پاڵەپەستۆیەكی زۆری هاندەران و بەرپرسانی یانەی مانچستەر یونایتد بووەتەوە بەهۆی ئەنجامە خراپەكانی وەرزی نوێی خولی نایابی ئینگلیزی، ئەمەش وای كردووە ئەگەری مانەوەی تا كۆتایی ئەم وەرزە لەق ببێت.

رۆژنامەی (ئێكسپرێس)ی ئینگلیزی ئاشكرای كرد: پێرێزی سەرۆكی یانەی ریال مەدرید تاڕادەیەكی زۆر لە زێدان توڕەیە، چونكە پێشتر پێی راگەیاندبوو كە دەیەوێ پشوو وەربگرێ و لە ماوەیەكی نزیكدا ئەركی راهێنەرایەتی هیچ یانەیەكی تر وەرناگرێتەوە.

سەرۆكی یانەی ریال مەدرید پێیوابوو بەلایەنی كەم زێدان بۆ ماوەی ساڵێك لە كاری راهێنەرایەتیكردن دوور دەكەوێتەوە پاڵپشت بە قسەكانی خۆی كە هەست بە ماندووبوونێكی زۆر دەكات بەتایبەتیش بەهۆی ركابەرییەكانی خولی پاڵەوانانی ئەوروپا.

پێرێز بۆشی روون بۆتەوە كە زێدان تاڕادەیەكی زۆر لە وەرگرتنی ئەركی راهێنەرایەتی یانەی مانچستەر یونایتد نزیك بووەتەوە بەتایبەتش كە ئێستا باس لە دوورخستنەوەی مۆرینۆ دەكرێ بەهۆی ئەنجامە خراپەكانی ئەم وەرزەی خولی نایابی ئینگلیزییەوە.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م


AM:11:18:13/09/2018




ئه‌م بابه‌ته 619 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌