دیبالا ئەم زستانە دەچێتە خولی ئیسپانیا

:: AM:11:29:13/09/2018 ‌

سەرۆكی یانەی پالێرمۆی ئیتاڵی ئاشكرای كرد، ئەستێرەی پێشووی یانەكەیان پاولۆ دیبالای ئەرجەنتینی و ئەستێرەی ئێستای یانەی یۆڤێنتۆسی ئیتاڵی زستانی داهاتوو پەیوەندی بە خولی ئیسپانیاوە دەكات.

ئەمە لەكاتێكدایە كە لە ماوەی رابردوودا هەردوو یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و مانچستەر یونایتدی ئینگلیزی ئامادەیی خۆیان پێشاندابوو بۆ گرێبەستكردن لەگەڵ ئەم ئەستێرە تەمەن 24 ساڵییەی یانەی یۆڤێنتۆس.

ماوریسیۆ زامبارینی بە رادیۆی (مۆنت كارلۆ)ی فڕەنسی راگەیاند: دیبالا لە زستانی داهاتوو خولی ئیتاڵیا جێدێڵێ و لە خولی ئیسپانیا درێژە بە ژیانی وەرزشی دەدات.

زامبارینی هەروەها رایگەیاند: یانەی یۆڤێنتۆس پێویستی بەو پارەیە كە لە فرۆشتنی دیبالا دەستی دەكەوێ كە پێشبینی دەكرێ نرخەكەی 120 ملیۆن یۆرۆ بێت، بۆ ئەوەی بەم پارەیە گرێبەستی نوێی تر ئەنجام بدات.

سەرۆكی یانەی پالێرمۆ هەروەها ئاشكرای كرد: راستە دیبالا دەستەوارەی لە یەكێك لە گەورەترین یانەكانی خولی ئینگلیزی پێ گەیشتووە، بەڵام ئەو لەم زستانەدا دەچێتە خولی ئیسپانیا.

ئەمە لە كاتێكدایە كە دیبالا لە بەشێكی زۆری یارییەكانی ئەم وەرزەی یانەی یۆڤێنتۆس لە خولی ئیتاڵیا لەلایەن ماسیملیانۆ ئەلیگری فەرامۆش كراوە و یاریی پێ ناكرێ، بێگومان ئەمەش كرداری جێهێشتنی یانەكە خێراتر دەكات.

سەرۆكی یانەی پالێرمۆ لە كۆتاییدا هەروەها رایگەیاند كە دوو ساڵ بەر لە ئێستا ئامۆژگاری دیبالای كردبوو خولی ئیتاڵیا جێبێڵێ و بچێتە خولی ئیسپانیا.




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م