لە بازگەیەكی نزیك سلێمانی سەرانە لە شوفێران وەردەگیرێت

:: PM:01:11:13/09/2018 ‌
سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و بازرگانی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای دەكات، لە یەكێك لە بازگەكانی نزیك سلێمانی قەپانێك دانراوە و كەس نازانێ پارەكەی دەچێتە گیرفانی كێ‌.

ئەمڕۆ پێنجشەم 13ـی ئەیلوول، غالب محەمەد سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و بازرگانی و وزەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بڵاوی كردووەتەوە، لە نزیك بازگەی شێخ لەنگەر كە لە سنووری كەلار - جەلەولا/باقووبە-بەغدایە، قەپانێكی كێشی ئەهلی دانراوە بەڕۆژی نیوەڕۆ پۆلیسی هاتوچۆ ڕێ لە شۆفێران دەگرن و بە سەپاندن دەینێرن بۆ كێشكردن و لەوێ بڕێك پارەی لێ وەردەگرن.

سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و بازرگانی ئاشكرای كردووە، كاری لەم شێوەیە جگە لە سەرانە وەرگرتن هیچی تر نییە، بەڵكو زیان بەبازرگانی و شوفێران و هاووڵاتیی پارێزگای سلێمانی دەگەیەنێت و كەسیش نازانێ پارەكەی دەچێتە گیرفانی كێوە، چونكە كێشكردن بۆ كاڵای هاوردەیە بۆ پارێزگاكە نەك دەرچوونی بۆ ناوچەیەكی تر.

ئاماژەی داوە، بۆ ئەم كارە ئەركی چەند كارمەندێكی هاتوچۆیان بردووەتە ئەو شوێنە و تەنیا ئەركیان ناردنی شۆفێرانە بۆ ئەو قەپانە، هەروەها خاوەنداریەتی بۆ سەرمایەدار یان بەرپرسێك كە كەس نازانێ كێ خاوەنیەتی و كێ شەریكیانە.



وشە - رامیار جەواد