خاتەمی: ئەگەر رژێمی ئێران چاكسازی نەكا شكست دێنێ و دەڕووخێ

:: PM:06:29:13/09/2018 ‌

لە سایەی سزا نوێیەكانی ئەمەریكا بۆ سەر ئێران دۆخی ئابووری ئەو وڵاتە روو لە ئاڵۆزی زیاترە و سەرۆكی پێشووتری ئێرانیش وریایی دەداتە رژێمی وڵاتەكەی لە رووخان و فەشەلهێنان ئەگەر چاكسازی پێویست ئەنجام نەدا. 

بەپێی لێدوانەكانی محەمەد خاتەمی، كە ئەمڕۆ پێنجشەم لە ماڵپەڕی فەرمی خۆی لە میانی دیداری لەگەڵ ژمارەیەك دیلی ئازادكراوی جەنگی هەشتساڵەی عێراق-ئێران و ئەندامانی كۆمەڵەی كولتوور و سیاسەت لە زانكۆی شیراز بڵاوی كردوونەتەوە، ئێران پێویستی بە بیركردنەوەی نوێ هەیە و ئەگەر رژێمی ئەو وڵاتە چاكسازی قبووڵ نەكا، ئەوە بێگومان فەشەل دێنێ. 

خاتەمی رەخنەی لە هێرشی پارێزگاران بۆ سەر حكوومەتی حەسەن رووحانی گرت و گوتی، لەبیرمان نەچێ كە رەوتێك هەیە هەوڵی بەستنەوەی هەموو كێشەكانی ئێران بە حكوومەت دەدا و ئەوەیش رەتكردنەوەی هەموو كارەكانی حكوومەتە، بۆیە ئەمڕۆ بۆ پاراستنی رژێمی ئێران پێویستە پاڵپشتی لە حكوومەتی رووحانی بكرێ.  

خاتەمی ناراستەوخۆ رەخنەی لە عەلی خامنەیی رابەری شۆڕشی ئێران گرت و گوتی، ئەو حكوومەتەی لە رێگەی زەبر و هێزەوە دێ، حكوومەتێكی خوایی نییە تەنانەت ئەگەر حكوومەتی ئیمامی عەلی و ئیمام سادقیش بێ، لەو كاتەی حكوومەتی خوازراو ئەوەیە كە گەل لێی رازی بێ. 

خاتەمی وریایی لە مەترسیداری بێمتمانەیی لە نێوان رژێم و گەلانی ئێران دا و روونی كردەوە كە ئەو حاڵەت بێئومێدی بەرهەم دێنێ و گەلی ئێران هیوای بە دواڕۆژ لەدەست دەدا و ئەگەر ئەوەیش رووی دا ئەو كات پێویستیمان بە دوژمنی دەرەكی نابێ، چونكە كۆڵەكەكانی رژێم كە پشت بە متمانەی گەل دەبەستێ، لاواز دەبێ و ئەو كاتیش رژێمەكە دەكەوێتە مەترسییەكی راستەقینەوە. 

سەرۆكی پێشووی ئێران بە نائومێدییەوە ئاماژەی كرد، پێویستە هەوڵی پاراستنی رژێمەكە بدەین، رەنگە لە چاكسازیكردن لەناو رژێمەكە فەشەل بێنین، بەڵام پێویستە هەموو هەوڵێك بدەین. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل