عەبادی دەست نەگرتنی بە پۆستی سەرۆك وەزیران راگەیاند

:: PM:06:54:13/09/2018 ‌

حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق رای گەیاند كە پابەندی راگەیاندراوی مەرجەعیەتی باڵای نەجەف دەبێ بەوەی پاڵپشتی لە كاندیدبوونەوە سەرانی ساڵانی پێشووی دەسەڵات لە عێراق ناكا. 

عەبادی ئەمڕۆ پێنجشەم لە دوای كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق گوتی، لە ماوەی تەنیا سێ ساڵ دەستكەوتی گەورەمان بۆ عێراق هێنایە دی و شانازی پێوە دەكەین و بێ ئەوەی دەست بە دەسەڵاتەوە بگرین، بۆیە پابەندی رێوشوێنە دەستوورییەكان دەبین و رێز لە رێنوێنییەكانی مەرجەعیەت باڵا دەگرین و وەریان دەگرین.  

بەپێی بەیاننامەیەكی بڵاوكراوە لە ماڵەپەڕی فەرمی مەرجەعیەتی باڵای شیعە لە عێراق كە لە سەرچاوەیەكی نزیك لە عەلی سیستانییەوە هاتووە، مەرجەعیەت پاڵپشتی لە سەرۆك وەزیرانی داهاتوو ناكا ئەگەر لەوانە دیاری كرابێ كە لە ساڵانی رابردوو لە دەسەڵات بووبن.

زیاتر گوتی، بەپێی دەستوور كاندیدكردنی سەرۆك وەزیرانی لە دەسەڵاتی فراكسیۆنی گەورەترینە و ئەوانیتر بۆیان نییە كاندیدەكەی رەت بكەنەوە و روونی كردەوە، بۆیە كەسایەتییەكی نوێ دیاری كراوە كە خاوەن توانست و ئازایی و بوێرییە و پاكە و دەتوانرێ پێوەندی پێوە بكرێ و پێوەست بە بەرژەوەندییەكانی وڵات رێنوێنی پێ بدرێ، بێ ئەوەی بەیاننامەكە ناوی ئەو كەسایەتییە ئاشكرا بكا.



نۆی ئەم مانگە سەباح ساعیدی، سەركردە لە هاوپەیمانی سائیروون لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا رای گەیاند، مەرجەعی باڵا لە كۆبوونەوەیەك لە نەجەف بە شاندی وتوێژكاری ئێرانی راگەیاندووە كە رەتی دەكاتەوە هەریەك لە حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی ئێستە و نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی پێشوو و هادی عامری ئەمینداری رێكخراوی بەدر و فالح فەیاز و تاریق نەجم، پۆستی سەرۆكی نوێی حكوومەتی عێراق وەربگرن. 

زیاتر گوتی، ئێمە لە هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە و بنیاتنان چەند كاندیدێكمان بۆ پۆستی سەرۆكی حكوومەت هەیە، بەڵام عەبادی لەناویاندا نییە.

پێشتر عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای نەجەف لە راگەیەندراوێك لەبارەی پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق رای گەیاند كە پێویستە كاندیدی سەرۆك وەزیران كەسێكی بەهێز و توند پێ و حكوومەتەكەیشی جیاوازتر بێ لە پێشوو. 

هەشتی ئەم مانگەیش هەریەك لە گوتەبێژانی سائیروون و فەتح لە دوای دانیشتنی نائاسایی پەرلەمانی عێراق لەبارەی دۆخی بەسڕە رایان گەیاند كە پێویستە حەیدەر عەبادی دەست لە پۆستەكەی بكێشێتەوە و كار بۆ پێكهێنانی حكوومەتێكی بەهێز بكرێ.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل